الأحد، 29 سبتمبر 2013

"دوای بەردانی سزادراوی سەرەكی تاوانەكە دۆسیەی شادی و شۆخان وندەكرێت"

"دوای بەردانی سزادراوی سەرەكی تاوانەكە دۆسیەی شادی و شۆخان وندەكرێت"

05:37:29/09/2013
شادى و شۆخان
وارڤین – سلێمانی: لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپیەكی بۆ "وارڤین" نێردراوە، گروپی ژیان داوای بەدیهێنان دادپەروەری و دۆزینەوەی دۆسیەكانی "شادی و شۆخان" دەكات و رایدەگەیەنێت دۆسیەی ئەو دو خوشكە لە نێوان هەولێر و كەلاردا ونكراوە و دیار نیە و حكومەت بێ دەربەستە لە ئاست ئەو دۆسیەیە.

"شۆخان و شادی" ئەو دوو خوشكە بوون، كە رۆژی 2ی كانوونی دووەم – یەنایری 2011 لە قەزای چەمچەمال كوژران و دواتر كەسیكی سەر بە ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، بە تۆمەتی تاوانەكە دەستگیركرا، لە لایەن دادگای تاوانەكانی كەركووك – گەرمیان تاوانەكەی بەسەردا ساغكرایەوە و سزا درا، بەڵام دوای ماوەیەك ئەو سزادراوە لە لایەن داگای هەولێرەوە‌ ئازاد كرا و تا ئێستا تاوانباران نەدۆزراونەتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا گروپی ژیان رایگەیاند، حكومەت بێ دەربەستە لە ئاست ئەو تاوانەدا و دۆسیەی ئەو دوو خوشكەش ونكراوە.

دەقی بەیاننامەكە

تاوانی كوشتنی شادی ‌و شۆخان  ونبونی دۆسیەكانیان لە نێوان هەولێر‌و كەلار

گروپی ژیان داوای بەدیهێنانی دادپەروەری و دۆزینەوەی دۆسییەكانی
 شادی ‌و شۆخان دەكات

بۆ: سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و رایگشتی و راگەیاندنەكان 

تاوانی كوشتنی دوو خوشك پێكەوە بەناوەكانی "شادی و شۆخان" لە بەرواری 2 \ 1 \ 2011 لە قەزای چەمچەماڵ هەموو ویژدانێكی زیندوی ئازاردا، دواتر بە پێی چەند بەڵگەیەك كەسێك دەستگیر كرا بە تۆمەتی كوشتنی هەردوو خوشكەكەو دوای دەستگیركردن و لێپێچینەوە لەگەڵیدا و بوونی بەڵگەی پێویست وەك (بەكارهێنانی هەمان چەكی تۆمەتبار لە كوشتنی ئەم دوو كچەدا)، لەدادگای كەلار سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی پەیوەندی ئەم تۆمەتبارە بە لایەنێكی سیاسیەوە بە بێ رەچاوكردنی هیچ مافێكی مرۆیی و یاسایی دوای ماوەی ساڵێك زیندانی ئەوتۆمەتبارە ئازاد كرا بە بیانووی نەبوونی بەڵگەی تەواو لەسەر تاوانەكە.

وەك گروپی ژیان لە دوای ئازادكردنی ئەو تۆمەتبارەوە سەردانی چەندین لایەنی بەرپرسی تایبەت بە دۆسیەكەمان كردووە، هەروەها سەردانی سەرۆكی داواكاری گشتی لە هەولێرو وەزیری ناوخۆو نوسینگەی پەرلەمانی عێراق و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤمان كردوەو ئاگادارمان كردوون لە هەموو كەموكوڕییەكان، تەنها ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، هاوكار بووە لە دابینكردنی پارێزەری تایبەت لە رێی گروپی ژیانەوە بۆ كەیسەكە و پارێزگاری لە مافی بنەماڵەكەیان، هیچ لایەنیكی تر هاوكار نەبووە لە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە، بەڵام دوای هەوڵێكی زۆری پارێزەرەكانمان نەتوانراوە پەڕاوەكانی ئەو كەیسە لە دادگای كەلار وەربگرین و بەدواداچوون بۆ دۆسیەكە بكەین تا لەسەربنەمای ئەو بەڵگانەی هەیە بتوانین بەڵگەی نوێمان دەست بكەوێت بۆئەوەی جارێكی تر تۆمەتبار بخەینەوە بەردەم دادگا لەڕێگای تەمیزكردنەوەی دۆسیەكەوە.

بەهۆی ئەوەی لەسەر داوای داواكاری گشتی دۆسیەكە نێردراوە بۆ هەولێر لەماوەی تەنها یەك رۆژدا، بەڵام تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ دادگای كەلار سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ !

هەر بۆیە داوا لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و داواكاری گشتی و دادگای تەمیز لە هەولێر دەكەین بەزوترین كات هەوڵی دۆزینەوەی دۆسیە وونبوەكانی كەیسی "شادی و شۆخان" بدرێت و بە ئەركی راستەقینەی خۆیان هەستن تا بكوژی ئەم دوو كچە بدۆزرێتەوە، كە ئەمە لانی كەمی مافی مرۆڤە لە تاوانێكی وا گەورەدا ئەگەر نا هیچ بەهایەك بۆ سەروەری یاسا نامێنێتەوە.

گروپی ژیان
29\09\2013
ژت: 07718838508

ليست هناك تعليقات: