الاثنين، 23 سبتمبر 2013

هێشتا لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەو زێڕەڤانیەی خێزانەكەی كۆمەڵكوژ كرد بە ئەنجام نەگەیشتووە‌

هێشتا لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەو زێڕەڤانیەی خێزانەكەی كۆمەڵكوژ كرد بە ئەنجام نەگەیشتووە‌

02:21:16/09/2013
وارڤین – هەریر: پۆلیسی هەریر هێشتا نەیتوانیوە لێكۆڵینەوە لە كەیسی ئەو پێشمەرگە زێڕەڤانییەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئەنجام بگەیەنێت، كە رۆژی 14ی ئەیلوول هاوسەرەكەی و دوو كچی خۆی بە چەكی پیشەكەی كوشت.

رۆژی 14ی ئەیلوول – سێپتێمبەری 2013 لە شارەدێی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر، پێشمەرگەیەكی زێڕەڤانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان، بە چەكی كڵاشینكۆف، دەستڕێژی لە هاوسەر و منداڵەكانی كرد و دواتر كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو زێڕەڤانیە ناوی "عیماد یونس ئەحمەد" بوو، بە چەكی پیشەكەی دەستی چووە خوێنی منداڵەكانی.

بە گوێرەی زانیارییەكانی پۆلیس، "عیماد" سەرەتا هاوسەرەكەی خۆی، واتە "نەفیسە ئەحمەد" لەدایكبووی 1982ی كوشت، دواتر هەریەك لە كچەكانی "سوندس" لەدایكبووی 2001  و "خەبات" لەدایكبووی 2003ی كوشت. هەروەها "سۆما" كە كچە بچووكەكەی بوو، فیشەكی بەركەوت و بریندار بوو.

دوای كۆمەڵكوژكردنی هاوسەر و منداڵەكانی ئەو پیشمەرگەیەی زێڕەڤانی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

خزم و كەسانی نزیك لەو تاوانە، دەڵێن "عیماد یونس" پێشتر كێشەی نەبووە، تەنیا كەسێكی "توڕە بووە و نەخۆشی دەروونی هەبووە".

بە گوێرەی زانیارییەكانی "وارڤین" پۆلیس چاوەڕوانی تەواو بوونی پرسەی قوربانییەكان دەكات بۆ ئەوەی گوتەی كەسانی نزیك وەربگرێت و كۆتایی بە لێكۆڵینەوەكانی بهێنێت.

لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، بەرپرسی نووسینگەی شەقڵاوەی بەڕێو‌بەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان نەقیب "سەفین تاهیر محەممەد" رایگەیاند، پۆلیس لە ناو ماڵی "عیماد" هەندێك حەب و دەرمان دۆزراونەتەوە و ناردراوون بۆ تاقیگە بە مەبەستی پشكنین.

گوتیشی: "تا ئێستا یەكلا نەبووەتەوە ئەو زێڕەڤانیە، نەخۆشی دەروونی هەبووە، یان نەیبووە، بەڵام وەك زانراوە، لە یەكەكەی خۆی مۆڵەتی دراوەتێ و ئەو رۆژەی تاوانەكەی ئەنجامداوە، بڕیار بووە بگەڕێتەوە بۆ دەوام".

ئەو بەرپرسەی توندوتیژی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پۆلیس بەردەوامە لە لێكۆڵینەوە و دوای تەواو بوونی پرسەی قوربانییەكان، گوتەی كەسوكاری پێشمەرگەكە و هاوسەرەكەی وەردەگیرێت.
ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: