الأحد، 29 ديسمبر 2013

كچە فێرخوازێكی 20 ساڵ خۆی سووتاند

كچە فێرخوازێكی 20 ساڵ خۆی سووتاند

10:22:28/12/2013
وارڤین – چەمچەماڵ: بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان، رایگەیاند، كچە فێرخوازێكی تەمەن بیست ساڵ بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە خۆی سووتاندووە و بەو هۆیەوە ژیانی لەدەستداوە.

خۆسووتاندنی "ئ.ع" لەدایكبووی 1993، لە گەڕەكی "ئاشتی"ی شارۆچكەی چەمچەماڵ، نوێترین حاڵەتی خۆسووتاندنی ژنانە كە لە رۆژی 26ی كانوونی یەكەم – دیسەمبەری 2013 لە هەرێمی كوردستان تۆمار كرابێت.

لەو بارەیەوە، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان "لەمیعە محەممەد" رایگەیاند، "ئ.ع" فێرخوازی پەیمانگە بووە لە شارۆچكەی چەمچەماڵ و بەهۆی زۆری رێژەی سووتاوییەكەی كاتژمێر 06:00ی ئێوارەی هەمان رۆژ لە نەخۆشخانەی سووتاوی لە شاری سلێمانی ژیانی لەدەستداوە.

گوتیشی: "ئەو كچە گوتەی لێوەرگیراوە، بەڵام سكاڵای لەسەر كەس تۆمار نەكردووە و تا ئێستا روون نەبووەتەوە بۆچی پەنای بردووەتە بەر خۆسووتاندن".

هەر لەو بارەیەوە، گوتەبێژی پۆلیسی چەمچەماڵ نەقیب "جەلال محەممەد"، رایگەیاند، ئەو كچە بە هۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە پەنای بردووەتە بەر خۆسووتاندن.

روونیشیكردەوە، كەسوكاری لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیسدا رەتیانكردووەتەوە كچەكەیان، خۆی سووتاندبێت و رایانگەیاندووە بە هۆی تەقینی سۆپای نەوتییەوە ئاگری گرتووە و سووتاوە. پۆلیس پەڕاوی بۆ ئەو حاڵەتە كردووەتەوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە.

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: