الأحد، 29 ديسمبر 2013

"لە شەڵتەرێكی حكومەتی هەرێمدا ژنێك خۆی سووتاند و سێ ژنی دیكە بریندار بوون"

"لە شەڵتەرێكی حكومەتی هەرێمدا ژنێك خۆی سووتاند و سێ ژنی دیكە بریندار بوون"

09:54:29/12/2013
فۆتۆ: ئينته‌رنێت
وارڤین – سلێمانی: ئێوارەی ئەمڕۆ لە شەڵتەری سلێمانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، كە بانگەشەی باشبوونی رەوشی ژنان دەكات، ژنێك ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بەو هۆیەوە 3 ژنی دیكە بریندار بوون و ئاگر لە شەڵتەرەكە كەوتەوە.

لەو بارەیەوە، لە لێدوانێكیدا بۆ " KNNC"، بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی دكتۆر "میران محەممەد" رایگەیاند، "ئەو كەسەی‌، كە بووە هۆی‌ كەوتنەوەی‌ ئاگرە لە ناو شێڵتەرەكەدا گیانی‌ لەدەستدا".

بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان، لەناو ئەو شەڵتەرەدا لە بری حەسانەوە و پارێزگاری لە ژیان و سەلامەتی ژنانی هەڕەشەلێكراو، ژنێك ناچار بووە پەنا بەرێتە بەر خۆسووتاندن و بەو هۆیەوە وێڕای ژیان لەدەستدانی ژنەكە، ئاگر لە شەڵتەرەكە كەوتووەتەوە و 3 ژنی دیكە بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستیان گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.

وێڕای ئەوەی ساڵانە لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا بۆ ئەنجامدانی چالاكی وتارخوێندنەوە و سازكردنی فیستیڤاڵی هونەری، بە دەیان ملیۆن دینار خەرجدەكرێت، بەڵام تا ئێستا حكومەت ئاوڕی لە رەوشی ژیانی ژنانی ناو شەڵتەر نەداوەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی وارڤین، بە هۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە رێكخستنی كاروباری شەڵتەر، دانەمەزراندنی كەسی شیاو لە پۆستی بەڕێوبەر و تیمی شەڵتەرەكاندا رۆژانە چەندین پێشێلكاری دژی ژنان لەناو شەڵتەرەكان ئەنجام دەدرێن.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا،  وتەبێژی‌ بەرگری‌ شارستانی‌ سلێمانی‌ ملازمی‌ مافپەروەر "رێكان جەمال"، ره‌تيكرده‌وه‌، هيچ يه‌ك له‌ ژنه‌كان خۆى سووتاندبێت و به‌ سايتى تۆرى هه‌واڵى سلێمانى راگه‌ياندووه‌، "شتی وا لە ئارادا نییە، بەڵكو ئاگرەكە بەهۆی سوتانی سۆپایەكەوە بووە".

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: