هه‌رێمه ئارامه‌كه خه‌ریكه ده‌بێته دۆزه‌خ بۆ رۆژنامه‌نوسان
رۆژنامه‌وانى: هه‌رێمی كوردستان كه به‌ئارامترین ناوچه‌ی عێراق داده‌نرێت، ئێستا خه‌ریكه بۆ رۆژنامه‌نووسان ده‌بێته زۆنێكی پڕ له‌كێشه، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی بڕیاریانداوه رووبه‌رووی “گه‌نده‌ڵی” ببنه‌وه.
پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو 5ی ئه‌م مانگه، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له‌شارۆچكه‌ی كه‌لار (140كم باشووری سلێمانی) له‌به‌رچاوی دایكی‌دا رۆژنامه‌نووس (كاوه گه‌رمیانی)یان دایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌و گیانی له‌ده‌ستدا، به‌مه‌ش یه‌كێكی تر چووه سه‌ر ژماره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی “به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی” تیرۆركران.
كاوه گه‌رمیانی سه‌رنووسه‌ری گۆڤارێكی “رایه‌ڵ”و پەیامنێری سایتی ئاوێنه‌نیوز بوو كه زۆربه‌ی بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست بوون به‌خستنه‌رووی “گه‌نده‌ڵی” به‌رپرسانی ناوچه‌كه، هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی كوشتنیدا راسته‌وخۆ ئاماژه به‌وه كرا كه كاوه به‌هۆی پیشه‌كه‌ی‌و ده‌ستبردن بۆ مه‌له‌فه “هه‌ستیاره‌كان”ه‌وه كوژراوه.
به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه نوسراو‌و ده‌نگیانه‌ی به‌ر له‌چه‌ند مانگێك بڵاوكرایه‌وه، له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردن له‌كاوه گه‌رمیانی كراوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ند جارێك رێی دادگای پێگیراوه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ش ربووبه‌رووی لێدان‌و ئازاردن‌و هه‌ڕه‌شه بووه‌ته‌وه، هه‌موو ئه‌مانه‌ش گومانه‌كانی له‌سه‌ر دۆسێكه ئاڵۆزتر كردووه.
كوشتنی كاوه گه‌رمیانی یه‌كه‌م تیرۆری رۆژنامه‌نوسان نییه، له‌هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ڵكو له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا سێ رۆژنامه‌نووس له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه له‌ناوبراون‌و بكوژانیش به‌نهێنی ماونه‌ته‌وه، به‌شێكی رۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمیش ئۆباڵی ئه‌م تاوانانه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
ساڵی 2008 له‌شاری كه‌ركوك رۆژنامه‌نووس سۆران مامه حه‌مه له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كوژراو تائێستاش بكوژه‌كانی به‌شاراوه‌یی ماونه‌ته‌وه، سۆران پێشتر چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی له‌سه‌ر به‌رپرسانی ناوچه‌كه بڵاوكردبۆوه‌و ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو كه چه‌ند دۆسێیه‌كی تریش ئاشكرا ده‌كات.
دووساڵ دواتر له‌شاری هه‌ولێر رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان له‌به‌رده‌م كۆلێژه‌كه‌ی خۆی رفێنراو دواتر له‌شاری موسڵ به‌كوژراوی دۆزرایه‌وه‌و ئه‌میشیان بكوژانی ئاشكرا نه‌بوو، پێشتریش سه‌رده‌شت عوسمان چه‌ند وتارێكی له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نوسیبوو.
رۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی كوردستان ترسیان له‌وه هه‌یه، دۆسێكه‌ی كاوه گه‌رمیانی هاوشێوه‌ی دۆسێی سۆران‌و سه‌رده‌شت دیزه به‌ده‌رخۆنه بكرێت، بۆیه ئه‌م چه‌ند رۆژه له‌شاره جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیان داوه‌ته ناڕه‌زایی به‌رفراوان.
رۆژی هه‌ینی رابردوو له‌گه‌ڵ به‌خاكسپاردنی ته‌رمه‌كه‌یدا، ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی كه‌لار رژانه سه‌رشه‌قامه‌كان‌و داوای ئاشكراكردنی بكوژانی كاوه‌یان كرد، ئه‌م ناڕه‌زاییه رۆژی شه‌ممه په‌ڕیه‌وه بۆ شاری سلێمانی‌و دوای ئه‌ویش بۆ دهۆك‌و هه‌ولێر.
كوشتنی كاوه دۆخێكی نائارامی لای ژماره‌یه‌ك له‌رۆژنامه‌نوسانی هه‌رێم دروستكردووه‌و هه‌ندێكیان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه بۆ پاراستنی گیانیان په‌نیان بردوه‌ته به‌ر هه‌ڵگرتنی چه‌ك، هه‌رچه‌نده ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه به‌هۆی جۆری كوشتنه‌كانه‌وه پێناچێت چه‌كه‌كانیان فریایان بكه‌وێت.
ره‌نگه حاڵه‌ته‌كانی كوشتن زه‌قترین ئه‌و پێشێلكارییانه بێت كه به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان ده‌كرێت، به‌ڵام ئاماری رێكخراوه‌كانی چاودێری ره‌وشی رۆژنامه‌نووسان ده‌ریده‌خات كه هه‌رێمی كوردستان ژینگه‌یه‌كی ته‌واو له‌بار نییه بۆ كاری رۆژنامه‌نووسی.
به‌پێی راپۆرتێكی سه‌نته‌ری میترۆ بۆ چاودێری پێشێلكاری به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه هه‌تا كاتی ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته زیاتر له‌دووسه‌د پێشێلكاری به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان له‌هه‌رێمدا كراوه، هه‌ر له‌هه‌ڕه‌شه‌و لێدان‌و ده‌ستگیركردن‌و رێگرتن له‌كاری رۆژنامه‌نووسی، تا حاڵه‌تی كوشتن، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر كاوه گه‌رمیانی ئه‌نجامدرا.
ره‌حمان غه‌ریب رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ به”نیقاش”ی راگه‌یاند “روداوی كوشتنی كاوه گه‌رمیانی ناوبانگی هه‌رێمی كوردستان‌و ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی له‌ده‌ره‌وه له‌كه‌دار كردوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌كه‌داركردنه پاكبكرێته‌وه، پێویسته بكه‌ران‌و داڕێژه‌رانی ئه‌و كاره بدرێته دادگایه‌كی به‌ویژدان”.
رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ وتیشی “رۆژنامه‌نووسان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هیچ پینه‌و په‌ڕۆیه‌كی یاسایی قبوڵ ناكه‌ن بۆ ئه‌و رووداوه”.
ره‌حمان غه‌ریب ئاماژه به‌وه ده‌كات كه روداوه‌كانی ئه‌مدواییه ده‌ریده‌خات كه ره‌وشی رۆژنامه‌نوسی له‌هه‌رێمی كوردستان له‌ئاستێكی خراپدایه، پێشی وایه جاران هه‌موان شانازیان به‌ئارامی ئه‌م هه‌رێمه‌وه ده‌كرد، به‌ڵام به‌وته‌ی ئه‌و رووداوانه‌ی ئێستا هه‌موانی توشی شۆككردوه.
له‌هه‌مان رووه‌وه كه‌مال ره‌ئوف، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری شار پێی وایه هه‌رچه‌نده له‌هه‌رێمی كوردستان په‌راوێزێك بۆ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری هه‌یه، به‌ڵام “به‌رده‌وام ئه‌م په‌راوێزه‌ش له‌به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ی به‌رته‌سككردنه‌وه‌دا بووه‌و گرفته‌كانی رۆژنامه‌نووسان له‌م هه‌رێمه‌دا به‌ته‌نها له‌وه‌دا چڕنابێته‌وه كه یاسا سه‌روه‌ر نییه، به‌ڵكو زۆرجار یاساش وه‌ك چه‌كێكی گوشار له‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسان به‌كارده‌هێنرێت”.
كه‌مال ره‌ئوف پێی وایه ترس‌و تۆقاندن، لێدان‌و ئازاردان‌و ته‌نانه‌ت هه‌ره‌شه‌ی مه‌رگیش به‌شێكی تری ئه‌و مه‌ترسیانه‌ن كه له‌سه‌ر ئازادی راده‌ربرین پیاده ده‌كرێن، تیرۆركردنی پۆلێك له‌رۆژنامه‌نووسانیش وه‌ك نمونه ده‌هێنێته‌وه كه تاكو ئێستا بكوژه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه نه‌دۆزراونه‌ته‌وه.
سه‌رنوسه‌ی گۆڤاری شار به”نیقاش”ی وت “بواری رۆژنامه‌گه‌ری به‌تایبه‌ت بۆ رۆژنامه‌نووسانی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ، بۆته زۆنگێكی قوڵی لیخن كه نازانرێت كه‌ی‌و چۆن رۆژنامه‌نووسانی تیادا ده‌خنكێنرێن، كاتێكیش تیرۆر ده‌كرێن بكوژه‌كان له‌ژێر چه‌تری لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا حه‌شار ده‌درێنه‌وه”.
هه‌رچه‌نده دووشه‌ممه‌ی رابردوو ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رایانگه‌یاند كه چوار كه‌سیان به‌تۆمه‌تی كوشتنی رۆژنامه‌نووس كاوه گه‌رمیانی ده‌ستگیركردووه‌و پێنج شه‌ممه‌ش ده‌ستگیركردنی دوو كه‌سی تریان راگه‌یاند، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی رۆژنامه‌نووسه كوژراوه‌كه پێیان وایه گرنگ ئاشكراكردنی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه فه‌رمانی كوشتنی كاوه‌یان داوه، نه‌ك ده‌ستگیركردنی بكورژه‌كان.
له‌مڕووه‌وه كاروان ئه‌حمه‌د برای رۆژنامه‌نووسه كوژراوه‌كه به‌رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند ئه‌وان له‌دادگا سكاڵایان له‌سه‌ر چه‌ند به‌رپرسێك تۆماركردووه‌و وتی “كاوه له‌سه‌ر كاری رۆژنامه‌نووسی كوژراوه، ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه مه‌به‌سته ئاشكراكردنی ناوی ئه‌و به‌رپرسانه‌یه كه بكوژه‌كانیان راسپاردووه”.
بۆ ده‌ستكه‌وتنی زانیاری زیاتر “نیقاش” په‌یوه‌ندیكرد به‌ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسه ئه‌منییه‌كانی شارۆچكه‌ی كه‌لارو پارێزگای سلێمانی، به‌ڵام سه‌رجه‌میان به‌بیانووی “تێكنه‌چوونی ره‌وتی لێكۆڵینه‌وه” ئاماده نه‌بوون لێدوان بده‌ن.
رۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمیش چاوه‌ڕێن به‌راستی ئه‌و “ره‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌یه” شوێنی خۆی بگرێت‌و ژماره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه زیاد نه‌كه‌ن كه به‌هۆی پیشه‌كه‌یانه‌وه له‌ناو ده‌برێن‌و ئاگری ئه‌و “دۆزه‌خه” خامۆش بكرێت كه مه‌ترسی له‌سه‌ر كاری رۆژنامه‌نووسی دروستكردووه.
س: نيقاش
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق