الأحد، 29 ديسمبر 2013

شیرین شەهبازی: ژنان زۆر بە كەمی سەردانی پێشانگەكەیان كردووم (Shirin shahbazy)

شیرین شەهبازی: ژنان زۆر بە كەمی سەردانی پێشانگەكەیان كردووم

10:39:28/12/2013
شيرين شه‌هبازى
وارڤین – هەولێر: "شیرین شەهبازی"ی ژنە شێوەكاری كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان، یەكەم پێشانگەی تایبەت بە بەرهەمە شێوەكارییەكانی لە گەلەری شانەدەی هەولێر كردەوە و لە بارەی سەردانی پیشانگەكەیەوە رەخنەی لە ئامادەگی ژنان هەیە.

پیشانگە تایبەتییەكەی "شیرین" بیست تابڵۆی لەخۆ گرتووە و رۆژی 26ی كانوونی یەكەم – دیسەمبەری 2013 لە گەلەری شانەدەری شاری هەولێر وەك یەكەم پیشانگەی تایبەت بە كارەكانی ئەو ژنە هونەرمەندەی كورد كرایەوە و بڕیارە تا 31ی كانوونی یەكەم – دیسەمبەری 2013 بەردەوام بێت و لە مەراسیمی كردنەوەی پیشانگەكەشدا، جێگری پارێزگاری هەولێر و دەرهێنەری كورد بەهمەنی قوبادی ئامادە بوون.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، "شەهبازی" رایگەیاند، كردنەوەی ئەم پیشانگەیە لەسەر پێشنیازی دەرهێنەری كورد "بەهمەنی قوبادی"ی و بە هاوكاری كوردش گەلەری و پارێزگای هەولێر بووە.

لە بارەی پێشوازی لە پیشانگەكەشی، گوتی: "بە خۆشحاڵییەوە، ژمارەیەكی زۆر لە هونەردۆستان و ئارەزوومەندانی بواری هونەری شێوەكاری بەرهەمەكانیان بەسەر كردووەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، لێرە ژمارەیەكی زۆر كەم لە ژنان سەردانی پیشانگەكەیان كردووە و وەك پێویست ئامادەگییان نەبووە".

ئەو داوای لە ژنانی كورد بە تایبەتی ژنانی هەولێر كرد، بایەخی زیاتر بە هونەر و كایەكانی هونەر بدەن و گوتی: "حەق وایە ئامادەگییان لە كۆڕ و چالاكییە هونەرییەكاندا هەبێت و بێنە دەرەوە و بەشداری كارایانە لە چالاكییەكاندا بكەن".

"شیرین شەهبازی"، لە بارەی رەنگدانەوەی پرسی ژن و توندوتیژی دژی ژنان لە تابڵۆكانیدا، گوتی: "ئەو كاتەی لە ئێران بووم، كارێكی تایبەتم بە پرسی توندوتیژی دژی ژنان كرد لە ژێر ناوی "محدودیتها و تابوها"و لە زانكۆی تاران نمایشم كرد، ئێستاش بە شێوەیەكی گشتی لەم پیشانگەیەمدا گەورەترین تابڵۆم تابڵۆی ژنه".

هەروەها گوتی: "هەوڵمداوە ژن وەك سەرچاوەی ژیان و جوانی و هێز نیشان بدەم، هەموو ئەو بابەتانەی لە تابڵۆكاندا پیشانم داوون لەوانە ئەسپ، ماسی، پەپولە، تێكەڵم كردوون لەگەڵ جوانی و هێز و قودرەتی ژن".

ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، لە بەرنامەیدایە، پڕۆژەیەكی تایبەت بە بەراوردی نێوان ژنی كۆمەڵگەی ئێرانی – رۆژهەڵاتی و ژنانی خۆرئاوا ئەنجامبدات و لەو میانەیەدا ئازادی ژنانی خۆرئاوا و هێز و قودرەتی ژنانی رۆژهەڵاتی ئاوێتەی یەكدی بكات.

"شیرین شەهبازی" لە مارسی 1984 لە شاری "سنە"ی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. دوای تەواوكردنی خوێندن لە ئێران و بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە بواری هونەر لە زانكۆی تاران، روویكردووەتە كەنەدا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا لە بواری دیجیتاڵ دیزاین و گرافیك.

پیشانگەكەی هەولێری "شەهبازی" بەوە لە پیشانگە و كارەكانی دیكەی جیادەكرێتەوە كە چیرۆكی ژیانی خۆی لەگەڵ سروشتدا پێوەنكردووە و ژیانی ئاوێتەی خەونەكانی كردووە و لە هەموو تابڵۆكانیدا ئاماژە بە سەركەوتن و گەیشتن بە رووناكی كراوە و هەموو تابڵۆكانی جووڵەیان تێدایە بەرەو خۆر و سەركەوتن.

یەكێك لە تابڵۆكانی "شەهبازی" وەك یەكێك لە 100 باشترین تابڵۆكانی ئێران لە نێوان 2000 تابڵۆی بەشداربووی پێشبڕكێیەكی هونەریدا لە پیشانگەیەكی تایبەتی زانكۆی "سوڕە" هەڵبژێردراوە.

لە ماوەی كاركردنیدا، لە 2008ەوە، "شیرین شەهبازی" لە 14 پیشانگەدا چ وەك بەشداریكردن و چ بە شێوەی تایبەت چالاكی ئەنجامداوە و یەكەم پێشانگەی تایبەتی لە 2008دا  لە ژێر ناوی نەوەی نوێ (نەسلی نۆ)، لە زانكۆی "سوڕە" كردووەتەوە.

لەو كاتەوە تا ئێستا پیشانگەی تایبەتی جگە لە ئێران، لە كەنەدا، شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا و ئەمریكا كردووەتەوە.

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: