الأحد، 29 ديسمبر 2013

لە سێیەم دانیشتنی دادگادا تۆمەتباری دۆسیەی نەجیبە قادر هەڕەشەی لە شاهێدێك كرد

لە سێیەم دانیشتنی دادگادا تۆمەتباری دۆسیەی نەجیبە قادر هەڕەشەی لە شاهێدێك كرد

02:16:23/12/2013
وارڤین – سلێمانی: سێیەم دانیشتنی دادگا تایبەت بە دۆسیەی كوژرانی نەجیبە قادر بەڕێوەچوو و لە دانیشتنەكەدا لە كاتی گوێگرتن لە شاهێدێكی دۆسیەكە، تۆمەتباری سەرەكی تاوانەكە هەڕەشەی لە شاهێدەكە كرد و دادوەر دانیشتنەكەی دواخست بۆ رۆژی 28ی كانوونی دووەمی داهاتوو.

ئەمڕۆ دووشەممە 23ی كانوونی یەكەم – دیسەمبەری 2013 سێیەم دانیشتنی دادگای تایبەت بە دۆسیەی "نەجیبە قادر" بەڕێوەچوو.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، گوتەبێژی گروپی ژیان "بەهار مونزیر" رایگەیاند، لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا، چەند شاهێدێك بانگ كرابوون و دادوەر گوێی بۆ شاهێدییەكەیان گرت.

گوتیشی: "یەكێك لە شاهێدەكان برای نەجیبە بوو، دووەمیشیان خزمێكیان بوو، كە لە كاتی گێڕانەوەی شاهێدییەكەیدا، تۆمەتبار بە توندی بەرپەرچی دەدایەوە و تەنانەت هەڕەشەی لێكرد".

هەروەها گوتی: "بڕیارە لە دانیشتنی داهاتوودا، چەند شاهێدێكی دیكە ئامادەی دادگا بكرێن و شاهێدیان لێ وەربگیرێت".
لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ دادوەری دۆسیەكە دانیشتنەكەی كۆتایی پێهێنا و بڕیارە دانیشتنی چوارەمی دادگا رۆژی 28ی كانوونی دووەم – یەنایری 2014 بەڕێوەبچێت.

تاوانی كوشتنی "نەجیبە قادر"، كاتژمێر02:20ی شەوی شەممە - یەكشەممە 30 – 31ی ئازار – مارسی 2013، لە گەڕەكی ئەندازیارانی شارۆچكەی رانیە روویدا و هاوسەرەكەی بەناوی "ع." بە تۆمەتباری سەرەكی تاوانەكە دەناسرێت.

دانیشتنی یەكەمی پرۆسەی دادگاییكردنی تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە، رۆژی چوارشەممە 9ی تشرینی یەكەم – ئۆكتۆبەری 213 دەستیپێكرد و دادوەری دۆسیەكە، داوای لە شاهێدەكانی سەلماندن كرد سوێندی یاسایی بخوێنن و شاهێدی خۆیان پێشكەش بە دادگا بكەن و لەو میانەیەدا هەریەك لە باوكی نەجیبە و كوڕێكی خۆی شاهێدیان دا و لە دانیشتنی دووەمیشدا كە رۆژی چوارشەممە 27ی تشرینی دووەم – نۆڤەمبەری 2013 بەڕێوەچوو دادوەر گوێ لە چەند شاهێدێكی دیكە گرت.

"نەجیبه"‌ دایكی چوار منداڵە و پێشتر كێشەی كۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا، هەبووە و هاوسەرگیرییەكەیان لەسەر بنەمای "ژن بە ژن" بووە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی "وارڤین"، "ع. " هاوسەری نەجیبە، پۆلیس بووە و چەكی پیشەكەی لە لای بووە و پێش ئەنجامدانی ئەو تاوانە بەهۆی ئەوەی تەقەی لە هاووڵاتییەك كردبوو، لە لایەن دادوەرەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووبوو. دوای دەركردنی فەرمانی گرتن، ماوەیەك بە شێوەی قاچاخ ژیانی بەسەر دەبرد و دواجار بەهۆی تۆمەتباركردنی بە كوشتنی نەجیبە لە لایەن پۆلیسەوە قۆڵبەستكرا.

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: