الاثنين، 30 ديسمبر 2013

وادی: قسەكانی نێچیرڤان بارزانی لە واقیعدا رەنگدانەوەیەكی ئەوتۆیان نەبووە

وادی: قسەكانی نێچیرڤان بارزانی لە واقیعدا رەنگدانەوەیەكی ئەوتۆیان نەبووە

03:29:30/12/2013
نێيرڤان بارزانى سه‌رۆكى كابينه‌ى حه‌وته‌مى حكومه‌تى هه‌رێم، فۆتۆ: ئينته‌رنێت.
وارڤین – سلێمانی: سووتانی ژنان لە شەڵتەری سلێمانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ناڕەزایەتی رێكخراوەكانی تایبەت بە مافی ژنانی بەدواداهات و لەو چوارچێوەیەدا رێكخراوی وادی ئەڵمانی رایگەیاند، وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بەرپرسیاری ئەو رووداوەیە و راشیدەگەیەنێت كە قسەكانی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆكی حكومەت "لە واقیعدا رەنگدانەوەیەكی ئەوتۆیان نەبووە".

لە بەیاننامەیەكدا، كە وێنەیەكی بۆ "وارڤین" نێردراوە، رێكخراوی "وادی" ئەڵمانی رەخنەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم گرتووە لە هەمبەر سووتانی ژنان لە شەڵتەری سلێمانی حكومەتی هەرێم.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە: "چەندینجار سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران "نێچیرڤان بارزانی" باسی لە خزمەتگوزاری شێڵتەرەكان كردووە ، دوا وتاریش لە 25 نۆڤەمبەری 2013 بوو، بەڵام ئەم قسانە لە واقعدا رەنگدانەوەیەكی ئەوتۆیان نەبوە و ئەم رووداوەش شایەتی بارودۆخی راستەقینەی شێڵتەرەكانە".

دەقی‌ بەیاننامەكە:
با تراژیدیای شێڵتەر و خانەكانی داڵدەدان كۆتایی پێ بێت ..! 
بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی گیان لەدەستدان و برینداربوونی قوربانیەكانی خانەی داڵدەدان لە ئێوارەی 29-12-2013 لە شاری سلێمانی بڵاوبویەوە ، وەك رێكخراوی وادی لە ساڵی 1999 بەهاوكاری چەند رێكخراوێكی ژنان ئەم شێڵتەرەمان كردەوە بەناوی (سەنتەری نەوا) دواتر لە 2002 دا رادەستی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی كرا و چەند جارێك ناوەكەی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، هەمان ساڵ لەهەولێر شێڵتەرێكی دیكەمان دامەزراند كە بەهەمان شێوە رووبەڕووی چەندین كێشە بویەوە. لە ساڵی 2010  بەهاوكاری رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان راپۆرتی چاودێری و شێڵتەرەكانمان ئامادەكرد كە كێشەی شێڵتەرەكانی تێدا باسكرابوو، و‌ چەندین راسپاردەی تێدا بوو بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە بەڵام هیچ لایەنێكی بەرپرس خۆی نەكرد بەخاوەنی راستەقینەی كێشەی شێڵتەرەكان .

بەپێی یاسای توندوتیژی خێزانی ژمارە 8 ساڵی 2011 هەموو قوربانیەكی توندوتیژی خێزانی مافی پاراستنی هەیە و مادەی سێهەم بڕگەی دووەمی ئەم یاسایە وەزارەتی كاروباری  كۆمەڵایەتی بەرپرس ئەكات لە دابینكردنی شوێنی حەوانەوەو شێڵتەر بەڵام لەمێژووی دەستبەكاربونی ئەم وەزارەتە تا ئەمرۆ پلانێكی جدی بەدی ناكرێت و ئەم پرسە فەرامۆشكراوە .

وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بەرپرسە لەم رووداوەو خراپی گوزەرانی ژنان لەخانەكانی داڵدەدان لە ئەستۆی ئەو وەزارەتەدایە، ژنان و حاڵەتەكانی توندوتیژی قوربانی خراپ رەفتاری كۆمەڵگەو بەهاناوەنەچونی لایەنەكانی حكومەت و فەرامۆشكردنیان لەلایەن وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و ئەبێت ئەم تراژیدیایە كۆتایی پێ بێت.

چەندین جار سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران "نێچیرڤان بارزانی " باسی لە خزمەتگوزاری شێڵتەرەكان كردوە ، دوا وتاریش لە 25 نۆڤەمبەری 2013 بوو، بەڵام ئەم قسانە لە واقعدا رەنگدانەوەیەكی ئەوتۆیان نەبووە و ئەم رووداوەش شایەتی بارودۆخی راستەقینەی شێڵتەرەكانە، ماوەی چەند ساڵێكە لەشاری سلێمانی شێڵتەرێكی گەورە دەستاو دەستی پێ دەكرێت بەڵێن وابوو لە 2012 بچێتە بواری كاركردن و بەڵام بەهۆی چەندین بەهانە لە نەبونی ستاف و كەل و پەل و پلان لەنێوان وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و ناوخۆ دەستاو دەستی پێ ئەكرێت.

وەك ڕێكخراوی وادی داواكارین بەزوترین كات بارودۆخی شێڵتەرەكان و خانەكانی داڵدەدان چاك بكرێت و پلانێكی ڕون و ئاشكرا هەبێت بۆ بەڕێوەبردنیان و شوێنی داڵدەدان بۆ پاراستنی مرۆڤ بێت نەك لەناوبردن و فەوتاندنی.

سەرەخۆشیمان بۆ گیان لەدەستدانی ئەم قوربانیەو بەهیوای چاكبونەوەی بریندارەكان.

رێكخراوی WADI
30-12-2013                    

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: