الأحد، 29 ديسمبر 2013

"حكومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسیاره‌ له‌ كاره‌ساتی شه‌ڵته‌ره‌كه‌ی سلێمانی"

"حكومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسیاره‌ له‌ كاره‌ساتی شه‌ڵته‌ره‌كه‌ی سلێمانی"

10:34:29/12/2013
فۆتۆ: ئينته‌رنێت.
وارڤین – سلێمانی: خۆسووتاندنی ژنێك لەناو شەڵتەری پەنادانی ژنانی هەڕەشەلێكراودا، كە شەڵتەرێكی حكومەتییە، دەنگی ناڕەزایەتی ژنانی بەدواداهات و لەو میانەیەدا چالاكی پرسی ژن شەنگە رەحیم رایگەیاند، "خۆسووتاندنی ژن لە شەڵتەردا شەرمەزارییەكی گەورەیە بۆ حكومەتی هەرێم و هەر ئەویش بەرپرسیارە". 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 29ی كانوونی یەكەم – دیسەمبەری 2013، وه‌ك ماڵپه‌ڕه‌كانى هه‌واڵ، "خه‌ندان، كه‌ى ئێن ئێن سى" بڵاويان كرده‌وه‌، "ژنێك لەناو شەڵتەری سلێمانی كە شەڵتەرێكی حكومەتییە و سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بەو هۆیەوە خۆی ژیانی لەدەستدا و 3 ژنی دیكەش بریندار بوون و 3 ژووری شەڵتەرەكەش سووتان".

خۆسووتاندنی ژنان لە ناو شەڵتەری حكومەتی هەرێمدا لە كاتێكدایە لە دوا وتاری خۆیدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان "نێچیرڤان بارزانی" رایگەیاندبوو رەوشی ژنانی هەرێم باشتر بووە

لە 25ی نۆڤەمبەری 2013 لە هۆڵی "سەعد عەبدوڵڵا"، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆكی كابینەی حەوتەمی كابینەی حكومەتی هەرێم "نێچیرڤان بارزانی" كۆنفرانسێكی وتار خوێندنەوە رێكخرا.

لە كۆنفرانسەكەدا "نێچیرڤان بارزانی" وتارێكی 1552 وشەیی خوێندەوە و بەشێكی زۆری وتارەكەی تەرخانكردبوو بۆ باسكردن لە كارەكانی حكومەت و لەو چوارچێوەیەدا گوتی: "لە بەدواداچوونی من بۆ ئەم مەسەلەیە، گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی كە توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە كوردستان بە شێوەیەكی گشتی كەمی كردووە".

لەو چوارچێوەیەدا، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین" چالاكی پرسی ژن لە سلێمانی "شەنگە رەحیم"، رایگەیاند، ئێمەی ژنان دەمێكە هاوار دەكەین پێویستە رەوشی شەڵتەر باش بكرێت و ئەو ژنانەی پەنادراوون بە راستی ژیان و سەلامەتییان بپارێزرێت، بەڵام بەداخەوە حكومەت بەدەممانەوە نایەت.

گوتیشی: "حكومەتی هەرێم فەزایەكی زۆر ناشیرینی بۆ ژنان رەخساندووە و بەرپرسیاری یەكەمی ئەو تاوانەیە و ئەوەی لە شەڵتەری سلێمانی روویداوە، پێمان دەڵێ بە راستی حكومەت هیچ چاكسازییەكی نەكردووە و هیچ هەنگاوێكی گەورەی نەناوە و ئەوەی روویداوە كارەساتێكی گەورەیە و هەروەها شەرمەزارییەكی گەورەشە بۆ حكومەت".

"شەنگە رەحیم" ئەوەشی گوت: "حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرپرسیاری راستەوخۆی ئەو كارەساتەیە و ئەوەی روویداوە ئەنجامی ئەو گوێ پێ نەدانەی حكومەتە بە هاواری ژنان و رێكخراوەكان".

روونیشیكردەوە، پێویست بوو لە مانگی مارسی 2012 بنكەی شەڵتەری ژنان لە سلێمانی بگوازرێتەوە بۆ بینایەكی نوێ، بەڵام وێڕای تەواوبوونی بیناكە بە پاساوی گەورەیی پەنجەرەكانی حكومەت كەمتەرخەمیكرد لە گواستنەوەی ژنانی هەڕەشەلێكراو بۆ ناو شەڵتەرەكە.

ئا: ئەرسەلان رەحمان.

ليست هناك تعليقات: