الاثنين، 30 ديسمبر 2013

گروپی ژیان: ئەو ملیارەها دۆلارو دینارەی بۆ مەراسیمی تەشریفاتی سەرف ئەكرێت هیچی له‌ئازارەكانی ژنان كەم نەكردۆتەوه

گروپی ژیان: ئەو ملیارەها دۆلارو دینارەی بۆ مەراسیمی تەشریفاتی سەرف ئەكرێت هیچی له‌ئازارەكانی ژنان كەم نەكردۆتەوه

03:54:30/12/2013
كۆنفرانسى 25ى نۆڤه‌مبه‌ر تايبه‌ت به‌ وتارخوێندنه‌وه‌
وارڤین – سلێمانی: لە بەیاننامەیەكدا، گروپی ژیان، حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئەو حكومەتە وەك بەرپرسیاری كارەساتی شەڵتەرەكەی سلێمانی ناوبردووە و راشیگەیاندووە، ‌"ئەو ملیارەها دۆلارو دینارەی بۆ مەراسیمی تەشریفاتی سەرف ئەكرێت هیچی له ئازارەكانی ژنان كەم نەكردۆتەوه".

ئێوارەی 29ی كانوونی یەكەم – دیسەمبەری 2013، ئاگرێك لە شەڵتەری سلێمانی ژنانی پەنادراو كەوتەوە و بە گوێرەی یەكەم لێدوانی بەرپرسێكی حكومەتی، كارەساتەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو كە ژنێكی پەنادراو خۆی سووتاندووە و بەو هۆیەوە ئاگر لە شەڵتەرەكە كەوتووەتەوە و وێڕای ژیان لەدەستدانی ژنەكە، دوو ژنی دیكە بریندار بوون.

ئەو كارەساتە ناڕەزایەتی رێكخراوەكانی ژنان و چالاكانی پرسی ژن و مافەكانی مرۆڤی بەدواداهات و لەو چوارچێوەیەدا گروپی ژیان بەیاننامەیەكی دەركردووە.

لە بەیاننامەكەدا گروپی ژیان رایگەیاندووە، كە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بەرپرسیارن لە هەمبەر ئەو كارەساتە.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان حكومەتی هەرێم بە دەیان ملیۆن دینار و دۆلار بۆ ئەنجامدانی فیستیڤاڵی هونەری و وتارخوێندنەوه لە ژێر ناوی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان خەرجدەكات، بەڵام وەك گروپی ژیان رایگەیاندووە، ئەو كۆڕو كۆنفرانس و چالاكییە رووكەشانەی حكومەت هیچی لە رەوشی ژنان و ئازارەكانیان كەم نەكردووەتەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەكەی گروپی ژیانە
حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی 
بەرپرسیاری یەكەمی بارودۆخی شێڵتەرەكان و خانەكانی داڵدەدانی ژنانن !؟
وەك گروپی ژیان و سەرجەم رێكخراوەكانی ناو ئەم گروپە ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین بەرانبەر رووداوی سوتان و گیان لەدەستدان و برینداربوونی قوربانیەكانی خانەی داڵدەدان لە شاری سلێمانی.

ئەم رووداوە ئەنجامی ئەو پشتگوێخستن و بێ پلانیەیە كە لە ساڵانی ڕابوردوو لەلایەن حكومەتی هەرێم و وەزارەتەكانیەوە پەیرەو كراوە بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی و دابینكردنی شوێنێكی ئارام بۆ ئەو ژن و كچانەی ڕوبەڕوی هەڕەشە ئەبنەوە.

ماوەی چەند ساڵێكە بەرپرسانی هەرێم بەتایبەتی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بەڵێنی دروستكردنی گونجاوترین خانەی داڵدەدانیان لەشاری سلێمانی داوە و وەك بینا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ كراوە، بەڵام بەهۆی چەندین كەموكوری و بێ پلانی تا ئێستا كاتی دەستبەكاربونی ئاشكرا نیە، هەرچەندە وەك گروپەكەمان هەوڵی فشاری پێشوەختمان داوە بۆ خستنەگەڕی ئەم خانەیە، بەڵام ئەم هەوڵانە بێ ئەنجام بوون و ئەم پرسە لە رۆتیناتی حكومەتدا ماوەتەوە.

ئامارەكانی كوشتن و خۆكوشتنی ژنان و خۆسوتاندن و سەرجەم جۆرەكانی دیكەی توندوتیژی ناوبانگ و هەیبەتی مرۆڤی كوردو حكومەتی هەرێم و دامودەزگا كۆمەڵایەتی و ئاینی و رڕۆشنبیریەكانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە بەم جۆرە ئالیەت و بێ پلانیە هیچ گۆڕانكاریەكی ڕاستەقینە روونادات، لیژنەكانی ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتەكان و ئەنجومەنی خانمان و بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان و ئەو ملیارەها دۆلارو دینارەی بۆ پرسی ژنان و مەراسیمی تەشریفاتی سەرف ئەكرێت هیچی لە بارودۆخ و ئازارەكانی ژنان كەم نەكردۆتەوە. 

ئەنجامەكەشی ئەم جۆرە رووداوە دڵتەزێنانەو قوتار بوونی تاوانبارانی كەیسی شادی و شۆخان، مامۆستا ساكار و چەندین كەیسی دیكەیە كە رۆژانە لەم هەرێمەدا دووبارەو چەند بارە ئەبنەوە.

هەربۆیە وەك گروپی ژیان داواكارین بەزوترین كات لێكۆڵینەوەی جدی لە بەرپرسانی ئەم رووداوە بكرێت ‌وپرسی شێڵتەرەكان كاری جدی لەسەر بكرێت. تا چیتر ژنانی قوربانی لەدۆزەخێكەوە بۆدۆزەخێكی تر نەڕۆن وژیانێكی شەرافەتمەندانە وەك مرۆڤ ژیان بەسەرببەن.

سەرەخۆشی بۆ گیان لەدەستدانی ئەم قوربانیەو بەهیوای چاكبونەوەی بریندارەكان
گروپی ژیان 30-12-2013

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: