الاثنين، 30 ديسمبر 2013

ئاوێزان نوری: شەڵتەرەكانیش ئارامیان تێدا نەماوە و بوونەتە دۆزەخێكی تۆقێنەر

ئاوێزان نوری: شەڵتەرەكانیش ئارامیان تێدا نەماوە و بوونەتە دۆزەخێكی تۆقێنەر

11:51:30/12/2013
وارڤین – كەركووك: چالاكی پرسی ژن لە شاری كەركووك رەخنە لە رەوشی شەڵتەرەكانی هەرێمی كوردستان گرت و رایگەیاند، شەڵتەرەكانیش ئارامیان تێدا نەماوە و بوونەتە دۆزەخێكی تۆقێنەر و هەروەها پرسیار دەكات و دەڵێت "ژنان لە ماڵەكانیان رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە ناچار پەنا دەبەنە بەر شەڵتەر ئەی ئەگەر ئارامی لە شەڵتەر نەما بیانبەین بۆ كوێ؟".

ئێوارەی 29ی كانوونی یەكەم – دیسەمبەری 2013، ئاگرێك لە شەڵتەری سلێمانی ژنانی پەنادراو كەوتەوە و بە گوێرەی زانیارییە نا ڕەسمییەكان كارەساتەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو كە ژنێكی پەنادراو خۆی سووتاندووە و بەو هۆیەوە ئاگر لە شەڵتەرەكە كەوتووەتەوە و وێڕای ژیان لەدەستدانی ژنەكە، دوو ژنی دیكە بریندار بوون.

ئەو كارەساتە ناڕەزایەتی رێكخراوەكانی ژنان و چالاكانی پرسی ژن و مافەكانی مرۆڤی بەدواداهات و لەو چوارچێوەیەدا چالاكی مافەكانی ژن لە كەركووك، ئاوێزان نوری لە لێدوانێكی تایبەت بۆ وارڤین رایگەیاند، "ئەگەر بمانەوێ لەڕێی شێڵتەرەكانەوە گیانی ئەو ژنانە بپارێزین بیانبەین بۆ كوێ؟ ئارامی لە شێڵتەر نەمابێتەوە و هاوشێوەی ماڵە پڕترسنانەكەی خۆیان ئاگر لە جەستەی ژنان بەر بێت".

ئەو چالاكەی ژنان گوتیشی: "كاتێ ژنێك یان كچێك دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی مەرگ و داب و نەریت باڵی رەش دەكێشێ بەسەر حەزو ئاواتەكانی، یان پەنا دەباتە بەرخۆسوتاندن یان خۆی دەكوژێ یان بەرەو رووی رێكخراوەكان هەڵدێ تا پەنای بدەن، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانیە كە ئێستا شێڵتەرەكانیش ئارامی تیا نەماوەو بووەتە دۆزەخێكی تۆقێنەر بۆ گیانی ئەو ژنانە".

سەبارەت بە كارەساتی خۆسووتاندنی ژنان لە ناو شەڵتەریكی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، "ئاوێزان نوری" گوتی: "ئەوەی دوێنی لە هەواڵەكان بیستمان نائومێدی نەك لای ئەو ژنانەی بۆ ئارامی دەگەڕێن دروست كرد بگرە لای ئێمەی رێكخراوەكانیش، ئەگەر بمانەوێ لەڕێی شێڵتەرەكانەوە گیانی ئەو ژنانە بپارێزین بیانبەین بۆ كوێ؟ ئارامی لە شێڵتەر نەمابێتەوە و هاوشێوەی ماڵە پڕترسنانەكەی خۆیان ئاگر لە جەستەی ژنان بەر بێت، هەڵبەتە ئەمە یەكەمجار نیە ئەم هەواڵانە دەبیستین، چەند ساڵێك بەر لە ئێستا تەقە لە شێڵتەرێك كراو، ماوەیەك بەر لەئێستا وێنەی كەیسەكانی ناو شێڵتەرەكان بڵاوكرایەوە ئێستاش گڕیان گرتە شێڵتەر".

لە بارەی بەرپرسیارێتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و حكومەتی هەرێم لە ئاستی ئەو كارەساتەی رووبەڕووی ژنانی شەڵتەر بووەتەوە، "ئاوێزان نوری" گوتی: "ئێمە لێرە لە كەركوك بەهۆی بیری تەسكی وەزیری ژنانی عێراق بۆمان نیە شێڵتەرێك بكەینەوەو پارێزگاری لە گیانی ژنان بكەین بۆیە ناچارین ئەو كەسانەی روومان لێ دەكەن بۆ ماڵەكەی ئێوە بیهێنین تا بتوانن بیانپارێزن، بەڵام ئێوە بە حكومەتێكی فرە حیزبی و بودجەیەكی زەبەلاحەوەو عەقڵێكی كراوەتر بۆ ناتوانن گیانی ژنان بپارێزن؟".

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: