الأحد، 29 ديسمبر 2013

وردەكاری كوشتنی ژنە مامۆستاكەی خەبات

وردەكاری كوشتنی ژنە مامۆستاكەی خەبات

11:54:24/12/2013
وارڤین – هەولێر: نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە كاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵ، مامۆستا "لاڤان سامی" لەدایكبووی 1987 لە لایەن كەسێكەوە تەقەی لێكرا و بەهۆی بەركەوتنی چوار فیشەكەوە دەستبەجێ ژیانی لەدەستدا.

تاوانی تیرۆركردنی مامۆستا "لاڤان" ئەمڕۆ سێشەممە 24ی كانوونی یەكەم – دیسەمبەری 2013، لە بەرامبەر بەڕێوبەرایەتی فەرمانگەی كشتوكاڵی شارۆچكەی خەبات، لەناو بازاری سەرەكی ئەو شارۆچكەیە لەلایەن كەسێكەوە بەناوی "عەبدولخالق عەبدوڵڵا" لەدایكبووی 1980، پیشەی كاسب بە دەمانچە ئەنجامدرا.

دوا بەدوای تاوانەكە، "وارڤین" پەیوەندی كرد بە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خەباتەوە، بەڵام بە پاساوی بەردەست نەبوونی زانیاری ئامادە نەبوون هیچ شتێك لەو بارەیەوە بڵێن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، "وارڤین" پەیوەندیكرد، بە بەڕێوبەری پۆلیسی شارۆچكەی خەبات عەمید "عەبدولقادر"، بەڵام بە پاساوی نەناسینی ئامادەكاری هەواڵەكە، ئامادە نەبوو لێدوان بدات.

پۆلیسی هەولێر بڵاویكردەوە، دوای كوشتنی مامۆستا "لاڤان" بكوژەكە فیشەكێكی بە سەری خۆیەوە ناوە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر، لە ژێر نەشتەرگەریدا، ئێوارەی ئەمڕۆ ژیانی لەدەستداوە.

تا ئێستا هۆكاری ئەنجامدانی ئەو تاوانە نەزانراوە و پۆلیس تەرمی مامۆستا "لاڤان"ی گواستووەتەوە بۆ پزیشكی دادوەری هەولێر بە مەبەستی لێكۆڵینەوەی زیاتر.

گوتەبێژ و بەڕێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر رائید "كاروان عەبدولكەریم" لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، بڵاویكردووەتەوە، كە ئەوان دۆسیەیان بۆ تاوانەكە كردووەتەوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە.

كوشتنی مامۆستا "لاڤان سامی" لە كاتێكدا دێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوا كۆنفرانسی وتارخوێندنەوەی تایبەت بە راگەیاندنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان (25ی نۆڤەمبەر) ئاماژەی بە پێشكەوتنی رەوشی ژن  و مافەكانیان لە هەرێمی كوردستان كردبوو.

لەم مانگەدا، تاوانی كوشتنی مامۆستا "لاڤان" بە دووەم حاڵەتی كوشتنی لەو شێوەیە دێتە هەژمار لە سنووری هەولێر ئەنجامدرابێت، دوای ئەوەی لە 2ی كانوونی یەكەم – دیسەمبەری 2013، ئەم مانگەدا لە گەڕەكی "كورانی عەنكاوە"ی شاری هەولێر، كەسێك بەناوی "ش.م.خ"، بە چەكی كڵاشینكۆف كچەكەی خۆی كوشت و دواتر ئارەزوومەندانە خۆی رادەستی پۆلیس كرد. 

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: