الثلاثاء، 31 ديسمبر 2013

بێریڤان محەممەد: حكومەتی هەرێم ژنە پەنادراوەكەی سووتاند

بێریڤان محەممەد: حكومەتی هەرێم ژنە پەنادراوەكەی سووتاند

12:10:31/12/2013
بێريڤان محه‌ممه‌د له‌كاتى خوێندنه‌وه‌ى يادداشتێكى ژناندا
وارڤین – هەولێر: كارەساتی سووتانی ژنان لەناو شەڵتەرێكی حكومەتی هەرێم، ناڕەزایەتی ژنان و رێكخراوەكانی بەدوای خۆیدا هێنا و لەو چوارچێوەیەدا چالاكی ژنی كورد بێریڤان محەممەد رایگەیاند، بەرپرسی راستەوخۆی سووتانی ژنێكی پەنادراو حكومەتی هەرێمە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، چالاكی پرسی ژن لە شاری سلێمانی "بێریڤان محەممەد" لە بارەی كارەساتی سووتانی ژنێكی پەنادراو لە شەڵتەرێكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، "ئەو ژنە سوتێنراوە، ئەوەی كە سوتاندویەتی حكومەتی هەرێمە بە دەرەجەی یەكەم و لە ناویشیدا تەواوی ئەو دەم و دەزگا حكومیانەی كە حكومەت بۆ ئەو مەبەستە دروستی كردوون".

"بێریڤان محەممەد"، گوتی: "ژنێك لە بەرامبەر ستەم و زۆڵمی خێزان و كۆمەڵگە و هەڕەشەكانی كوشتنی هەڵدێت و پەنا دەباتە بەر ئەو شەڵتەرە حكومیە، حكومەتیش بەرپرسیارە لە بەرامبەر پاراستنی گیانی".

هەروەها گوتی: "ئەمڕۆ ئەم ژنە لە شەڵتەر بەهۆی هەر فشارێك بێت ناچار بە خۆسوتاندن كراوە و دوێنێش ژنێك لەبەر ئەوەی ئەم شەڵتەرانە نەیانگرتە خۆیان، هاوسەرەكەی كوشت و سزای سێدارەی بۆ بڕایەوە و پێشتر و پێشتر چەندی دیكە دەركران و درانەوە دەستی خێزانەكانیان و كوژران، ئەم حكومەتە گەر دان بەم بەرپرسیارێتیە بنێت دەبێ بەرپرسیارێتی ئەوانە هەموو و هەزاران ژنی دیكەی ئەم كۆمەڵگایە كە بەهۆی ئەم دەسەڵاتدارە نا بەرپرس و ژن كوژانەی كوردستان و لە ژێر ستەمی خێزان كوژران بیگرێتە ئەستۆ".

بەكارهێنانی دەستەواژەی "نەخۆشی دەروونی" و ناوبردنی ئەو ژنەی ژیانی لە شەڵتەرێكی حكومەت لەدەستدا بە "نەخۆشی دەروونی"، ناڕەزایەتی ژنانی بەدوای خۆیدا هێناوە و لەو بارەیەشەوە، "بێریڤان" گوتی: "ئاساییە ئەم حكومەتە بڵێت ئەو ژنە نەخۆشی دەرونی هەیە، یان شێتە یان هەر شتێكی دیكە، چونكە ئەوە تەنها هەڵوێستێكە كە لە ئاستی چاوەڕوانی ئێمەیە بۆ ئەم دەسەڵاتە".

ئێوارەی 29ی كانوونی یەكەم – دیسەمبەری 2013، ئاگرێك لە شەڵتەری سلێمانی ژنانی پەنادراو كەوتەوە و بە گوێرەی زانیارییە نا ڕەسمییەكان كارەساتەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو كە ژنێكی پەنادراو خۆی سووتاندووە و بەو هۆیەوە ئاگر لە شەڵتەرەكە كەوتووەتەوە و وێڕای ژیان لەدەستدانی ژنەكە، دوو ژنی دیكە بریندار بوون.

ئەو كارەساتە ناڕەزایەتی رێكخراوەكانی ژنان و چالاكانی پرسی ژن و مافەكانی مرۆڤی بەدواداهات و لەو چوارچێوەیەدا چالاكانی مافی ژن دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز كردووەتەوە.

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: