الاثنين، 30 ديسمبر 2013

حكومەت دەڵێت ئەو ژنەی ئاگرەكەی كردووەتەوە "نەخۆشی دەروونی" هەبووە

حكومەت دەڵێت ئەو ژنەی ئاگرەكەی كردووەتەوە "نەخۆشی دەروونی" هەبووە

04:42:30/12/2013
فۆتۆ: ئاوێنه‌نيوز.
وارڤین – سلێمانی: وێڕای نكۆڵیكردن لە خۆسووتاندنی ژنێك لە ناو شەڵتەرێكی حكومیدا، بەڵام دواجار بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم دانی بەوەدا نا ژنێكی پەنادراو نەوتی رێشتووە و ئاگرەكەی كردووەتەوە و بەو هۆیەوە ژیانی لەدەستداوە، بەڵام ئەو بەرپرسە حكومییە گوتی: "ژنەكە نەخۆشی دەروونی هەبووە".

بەوتەی‌ بەڕێو‌بەری‌ بەڕێوبەرایەتی‌ كاروباری‌ كۆمەڵایەتی‌ سلێمانی‌، ئەو ژنەی‌ شەوی‌ رابردوو لەیەكێك لەشێڵتەرەكانی‌سلێمانی‌ گیانی‌ لەدەستدا "نەخۆشی‌ دەروونی‌" هەبووه ‌و هەر ئەویش بۆتە هۆی‌ كەوتنەوەی‌ ئاگرەكە.

ئێوارەی 29ی كانوونی یەكەم – دیسەمبەری 2013، ئاگرێك لە شەڵتەری سلێمانی ژنانی پەنادراو كەوتەوە و لە یەكەم لێدوانیدا، بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی دكتۆر "میران محەممەد" رایگەیاند، "ئەو كەسەی‌، كە بووە هۆی‌ كەوتنەوەی‌ ئاگرە لە ناو شێڵتەرەكەدا گیانی‌ لەدەستدا".

"KNNC" بڵاویكردەوە، "ئاگرەكە بە هۆی‌ خۆسوتان  ژنێكەوە بووە كە لەناو شێڵتەرەكەدا ئاگری‌ لە خۆی‌ بەرداوە و پاشان ئاگرەكە تەشەنەی‌ كردووە".

بەرپرسانی حكومی لە شاری سلێمانی لە بارەی كارەساتی سووتانی شەڵتەری پەنادانی ژنانەوە لێدوانی دژ بەیەكیان دا و لەو چوارچێوەیەدا، لە لێدوانیدا بۆ ماڵپەڕی "تۆڕی هەواڵی سلێمانی"، گوتەبێژی‌ بەرگری‌ شارستانی‌ سلێمانی‌   ملازمی‌ مافپەروەر "رێكان جەمال" لە بارەی هەواڵی خۆسووتاندنی ژنێكی پەنادراوی ناو شەڵتەرەكەوە قسەی كردووە و رایگەیاندووە، "شتی وا لە ئارادا نییە، بەڵكو ئاگرەكە بەهۆی سوتانی سۆپایەكەوە بووە".

لە تازەترین لێدوانی بەرپرسانی حكومەتیشدا لە بارەی ئەو كارەساتەوە، بەڕێو‌بەری‌ بەڕێو‌بەرایەتی‌ كاروباری‌ كۆمەڵایەتی‌ سلێمانی‌، "محەممەد حەمە ساڵح"، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە ماڵپەڕی "ئاوێنە" رووماڵیكردووە، رایگەیاند، "ئەو ژنەی‌ بەهۆی‌ كەوتنەوەی‌ ئاگرەكەوە گیانی‌ لەدەستداوە، پێشتر چەند جارێك لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداركراونە‌تەوە بۆ گواستنەوەی‌ ئەو ژنە لەشێڵتەرەكەوە بۆ شوێنێكی‌ دیكە، چونكە باری‌ دەروونی‌ جێگیر نەبوو".

گوتیشی: "ئەو ژنە لەدایكبووی شاری بەغدایه ‌و تەمەنی 26 ساڵە و بە رەچەڵەك عەرەبە و ناوی (م. ت) بووە و نەخۆشی‌ دەروونی‌ هەبووە".

لە بارەی هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكەوە بە پێچەوانەی لێدوانی گوتەبێژی‌ بەرگری‌ شارستانیییەوە، "محەممەد حەمە ساڵح" گوتی: "هۆكاری‌ كەوتنەوەی‌ ئاگرەكە لەلایەن ئەو ژنەوە بوەو "هەلێكی‌ وەرگرتووەو نەوتی‌ رشتووە بەسەر یەكێك لەقەنەفەكانی‌ شێڵتەرەكەداو پاشان سەرجەم ژوورەكە سوتاوەو لەئەنجامدا ژنەكە گیانی‌ لەدەستداو دوو ژنی‌ دیكەش بەهۆی‌ دووكەڵی‌ سوتاوییەكەوە تەنگە نەفس بوون".

وەسفكردنی ئەو ژنەی خۆی سووتاندووە بە "نەخۆشی دەروونی" لە كاتێكدایە، كە ئەو بەرپرسە هیچ بەڵگەیەكی ئەوتۆی لە بارەی بوونی ئەو حاڵەتە نەخستووەتەڕوو و ئاماژەی بە راپۆرتی پزیشكی نەكردووه بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ژنەكە حاڵەتی دەروونی جێگر نەبووە.

لە هەرێمی كوردستاندا، بۆ پاكانە كردن و شوێنبزركردنی بەڵگەكانی تاوان و سڕینەوەی شوێنەوارەكانی توندوتیژی، لە كاتی گیانلەدەستدانی ژنێك یان خۆسووتاندنیدا كەسوكاری ژنەكە پەنا دەبەنە بەر پاساوی "تێكچوونی باری دەروونی و بوونی نەخۆشی دەروونی"، لە كاتێكدا ئەم جۆرە پاساوانە جۆرێكی دیكەن لەو توندوتیژییانەی بەرامبەر بە ژنان دەكرێن.

ئا: ئەرسەلان رەحمان 

ليست هناك تعليقات: