الأربعاء، 2 أكتوبر 2013

یەكەمجارە: 13 ژن به ‌دەنگی‌ خۆیان گەیشتنە پەرلەمان‌

یەكەمجارە: 13 ژن به ‌دەنگی‌ خۆیان گەیشتنە پەرلەمان‌

03:00:02/10/2013
وارڤین – هەولێر: بۆ یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان وێڕای بوونی كۆتا بۆ ژنان، لە كۆی 34 ژنە سەركەوتووی پرۆسەكە 13 ژن بە دەنگی خۆیان و بە بێ كۆتا بوونە ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، ئەنجامە رەسمییەكانی خولی چوارەمی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیان راگەیاند.

بە گوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لە كۆی 111 كورسی پەرلەمان 34 كورسییان بە گوێرەی سیستەمی كۆتا بۆ ژنان تەرخانكراوە و لەو نێوانەشدا 13 ژن توانیویانە لە چوارچێوەی لیستەكەیاندا بە دەنگی خۆیان و بە بێ كۆتا بچنە پەرلەمانەوە.

پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان رۆژی 21ی ئەیلوول – سێپتێمبەری 2013 لە سنووری سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا.

لە ناو كاندیدە ژنەكاندا هەریەك لە ئامینە زكری‌ لەپارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان 11 هەزارو 692 دەنگی‌ بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستی‌ ژنانی‌ كاندیدی لیستەكان بە پلەی‌ یەكەم دێت‌و لەسەر ئاستی‌ لیستەكەی‌ بە پلەی‌ 14 هەمین دێت.

لە دوای ئەویش ئێڤار ئیبراهیم لە لیستی‌ گۆڕان 9 هەزارو 78 دەنگی‌ بەدەستهێناوە بە پلەی‌ دووهەم دێت لەسەر‌ ئاستی‌ ژنانی‌ كاندیدی لیستەكان و بە پلەی‌ نۆیەم دێت لە لیستەكەی‌.

لە پلەی سێیەمیشدا، فەیروز تەها لە لیستی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان 8 هەزارو 280 دەنگی‌ بەدەستهێناوە لەسەر ئاستی‌ ژنانی‌ كاندیدی لیستەكان بەپلەی‌ سێهەم دێت و لەسەر ئاستی‌ لیستەكەشی‌ پلەی‌ 30 یەمینە.

بەهای ژمارەی دەنگدەران بۆ هەر كورسییەكی پەرلەمانی 19 هەزار و 522.47 دەنگ بوو.

ليست هناك تعليقات: