الأربعاء، 9 أكتوبر 2013

یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی تۆمەتباری كوشتنی نەجیبە بەڕێوەچوو

یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی تۆمەتباری كوشتنی نەجیبە بەڕێوەچوو

02:12:09/10/2013
وارڤین – سلێمانی: شەش مانگ بەسەر كوژرانی نەجیبە قادر حەسەن تێپەڕێوە و ئەمڕۆ لە سلێمانی یەكەم دانیشتی دادگاییكردنی تۆمەتباری سەرەكی تاوانەكە بە ئامادەبوونی چالاكانی پرسی ژن و كەناڵەكانی راگەیاندن بەڕێوەچوو.

تاوانی كوشتنی "نەجیبە قادر"، كاتژمێر02:20ی شەوی شەممە - یەكشەممە 30 – 31ی ئازار – مارسی 2013، لە گەڕەكی ئەندازیارانی شارۆچكەی رانیە روویدا و هاوسەرەكەی بەناوی "ع." بە تۆمەتباری سەرەكی تاوانەكە دەناسرێت.

دانیشتنەكەی دادگا كاتژمێر 11:30ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تشرینی یەكەم – ئۆكتۆبەری 213 دەستیپێكرد و دادوەری دۆسیەكە، داوای لە شاهێدەكانی سەلماندن كرد سوێندی یاسایی بخوێنن و شاهێدی خۆیان پێشكەش بە دادگا بكەن و لەو میانەیەدا هەریەك لە باوكی نەجیبە و كوڕێكی خۆی شاهێدیان دا.

لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، چالاكی پرسی ژن و ئەندامی گروپی ژیان "شەنگە رەحیم" رایگەیاند، دانیشتنەكەی دادگا بە گوێرەی رێككارە یاساییەكان بەڕێوەچوو و دادوەر گوێی لە شاهێدی هەریەك لە باوكی نەجیبە و كوڕێكی ئەو قوربانیە گرت، كە هێشتا تەمەنی نەگەیشتووەتە هەژدە ساڵ.

گوتیشی: كوڕەكەی نەجیبە بە وردی باسی لە رابردووی ژیانی دایك و باوكی و هەموو ئەو توندوتیژیانە كرد كە رووبەڕووی دایكی بوونەتەوە.

لە دانیشتنەكەی دادگادا هاوسەری نەجیبە كە تۆمەتباری سەرەكی تاوانی كوشتنەكەیە ئامادە بوو.

"شەنگە رەحیم" ئەوەشی خستەڕوو، كە شاهێدی سەلماندن زۆرن و ئەمڕۆ دادوەر تەنیا گوێی لە 2 شاهێد گرت و بڕیارە لە دانیشتنەكانی داهاتوودا گوێ لە شاهێدەكانی دیكەش بگیرێت.

"نەجیبه"‌ دایكی چوار منداڵە و پێشتر كێشەی كۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا، هەبووە و هاوسەرگیرییەكەیان لەسەر بنەمای "ژن بە ژن" بووە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی "وارڤین"، "ع. " هاوسەری نەجیبە، پۆلیس بووە و چەكی پیشەكەی لە لای بووە و پێش ئەنجامدانی ئەو تاوانە بەهۆی ئەوەی تەقەی لە هاووڵاتییەك كردووە، لە لایەن دادوەرەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە.

دوای دەركردنی فەرمانی گرتن، ماوەیەك بە شێوەی قاچاخ ژیانی بەسەر دەبرد و دواجار لە لایەن پۆلیسەوە قۆڵبەستكرا.

بە گوێرەی زانیارییەكانی "وارڤین" راپۆرتی پزیشكی سەلماندوویەتی كە ئەو ژنە لە دوو شوێنی جەستەیەوە فیشەكی بەركەوتووە و بەو هۆیەوە ژیانی لەدەستداوە.

هەر سەبارەت بە پرۆسەی دادگاییكردنی ئەو تۆمەتبارە، ژنە چالاك و ئەندامی گروپی ژیان "بەهار مونزیر" بۆ "وارڤین" رایگەیاند، ئەوان وەك گروپەكەیان بەردەوام دەبن لە چاودێریكردنی پرۆسەی بەڕێوەچوونی دادگاكە و هەموو هەوڵێكیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە و تاوانباری سەرەكی تاوانی كوشتنی "نەجیبه"‌ بە سزای یاسایی خۆی بگەیەندرێت.

روونیشیكردەوە، دادوەر دانیشتنەكەی بۆ كاتێكی دیكە دواخست، بەڵام تا ئێستا نازانرێت دانیشتنی دووەم كەی ئەنجامدەدرێت.

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: