السبت، 12 أكتوبر 2013

پشكنینی دی ئێن ئەی بۆ ناسینەوەی تەرمی ژنە سەربڕاوەكە دەكرێت

پشكنینی دی ئێن ئەی بۆ ناسینەوەی تەرمی ژنە سەربڕاوەكە دەكرێت

12:51:12/10/2013
وارڤین – كەركووك: بە مەبەستی ناسینەوەی تەرمی ئەو ژنەی بە تەور سەری لە جەستەی جیاكراوەتەوە و ئەو كەلە سەرەی بە جیا دۆزرایەوە، پۆلیسی كەركووك بڕیاریداوە لە بەغدا پشكنینی دی ئێن ئەی بۆ جەستەكە و سەرە بڕاوەكە ئەنجامبدات.

دوای ئەوەی شەوی دووشەممە - سێشەممە 7 - 8ی تشرینی یەكەم – ئۆكتۆبەری 2013 هێزەكانی پۆلیس لە نزیك گەراجی لەیلان لە ناو بازاری گەورەی كەركووك – گەڕەكی موسەڵڵا، تەرمی ژنێكیان دۆزیەوە، كە وێڕای كوژرانی جەستەی شێوێندرابوو‌، سەری بە تەور لە جەستەی جیاكرابوویەوە، رۆژی چوارشەممەی رابردووش لە دووی چەند كیلۆمەترێكەوە لە شوێنی ئەو تاوانە پۆلیس كەلە سەرێكی شێوێندراویان دۆزیەوە.

لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، بەڕێوبەری بنكەی پۆلیسی ئازادی شاری كەركووك عەقید "یاسین حەسەن" رایگەیاند، تا ئێستا روون نەبووەتەوە ئەو كەلە سەرە هی جەستەی ژنەكەیە یان جیاوازە و بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە لە بەغدا پشكنینی دی ئێن ئەی بۆ جەستەكە و كەلە سەرەكەی بكرێت.

سەبارەت بە دەركەوتنی سەرەداوی ئەو تاوانە، بەرپرسەكەی پۆلیس رەتیكردەوە تا ئێستا هیچ سەرەداوێكیان دەستكەوتبێت و گوتی: "سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین و تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبەردەستدا نیە".

كوژرانی ئەو ژنە بە تەور و سەربڕینی و فڕێدانی تەرمەكەی لە نزیك بنكەی پۆلیسی ئازادی ناڕەزایەتی و نیگەرانی ژنان و رێكخراوەكانی كەركووكی بەدوای خۆیدا هێناوە و لەو چوارچێوەیەدا كەمپینی نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان لە كۆبوونەوەیەكیاندا وێڕای ئیدانەكردنی تاوانەكە داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ لە پێناو دۆزینەوە و دەستگیركردنی تاوانباراندا.

ئا: ئەرسەلان رەحمان.

ليست هناك تعليقات: