الثلاثاء، 8 أكتوبر 2013

دوای 29 مانگ لە كوژرانی؛ سبەی یەكەم دانیشتنی دادگایيكردنى تۆمەتباری كوشتنی نەجیبە بەڕێوەدەچێت

دوای 29 مانگ لە كوژرانی؛ سبەی یەكەم دانیشتنی دادگایيكردنى تۆمەتباری كوشتنی نەجیبە بەڕێوەدەچێت
03:58:08/10/2013
وارڤین – سلێمانی: دوای ئەوەی لە 31ی ئازاری 2011 نەجیبە قادر حەسەن لە رانیە كوژرا، بە هەوڵی گروپی ژیان، سبەی چوارشەممە یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی تۆمەتباری سەرەكی تاوانەكە كە هاوسەری نەجیبەیە ساز دەكرێت و ئەو گروپەش داوا لە كەناڵەكانی راگەیاندن دەكات كاتژمێر 09:30ی بەیانی لەبەردەم دادگا ئامادە بن.

لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی تایبەت بۆ "وارڤین" نێردراوە گروپی ژیان رایدەگەیەنێت بە هەوڵ و كۆششی ئەوان سبەی یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی تۆمەتباری سەرەكی كوشتنی "نەجیبە قادر حەسەن" بەڕێوەدەچێت.

"نەجیبە" دوو ساڵ و پێنج مانگ بەر لە ئێستا لە رانیە كوژرا و لە دوای خۆی چوار منداڵی بەجێهێشتووە و هاوسەرەكەی بە تۆمەتباری سەرەكی تاوانی كوشتنەكە دەناسرێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، هاوسەرەكەی "نەجیبە" پێشتر تاوانی دیكەی ئەنجامداوە و یەكێك بووە لەو كەسانەی بە بڕیاری لێبوردنی گشتی سەرۆكایەتی هەرێم لە زیندان بەردراوە و دووبارە تاوانی ئەنجام داوەتەوە.
دەقی راگەیەندراوەكەی گروپی ژیان

راگەیاندنێك لە گروپی ژیانەوە:
 بۆ سەرجەم كەنالەكانی راگەیاندن‌و ریكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی
بۆ ئاگاداریتان، رۆژی چوارشەممە  9 - 10- 2013  كات 9:30  بەیانی لەبەردەم دادگای سلێمانی ئامادە بن بۆ ئاگاداربونتان لە دادگایی تۆمەتباری كوشتنی "نەجیبە محمود"   كە لە دادگای سلێمانی  بەڕێوە دەچێت و خوازیارن هەموو لایەك بەدواداچوونی بۆ بكات. 

یەكیك لەو حاڵەتانەی كوشتنی ژنان كە گروپەكەمان كاری لەسەر  كردووە كوژرانی ژنێك بوو لە قەزای رانیە بە ناوی "نەجیبە" كە مێردەكەی تۆمەتبارە بە كوشتنی و ئێستا لە قۆناغی لیكۆڵینەوەدایە.

ئەوەی جێی نیگەرانی گروپەكەمانە ئەم ژنە ماوەیەكی زۆر كێشەی لەگەڵ مێردەكەی هەبووە و بەبەردەوامی دەنگی خۆی گەیاندۆتە داواكاری گشتی  و بەڕێوبەرایەتی بەدواداچونی توندوتیژی دژی ژنان لە رانیە، شایەنی باسە مێردی "نەجیبە" پێشتر لە چەندین تاوانی دیكەدا تێوە گلاوەو لە كاتی روودانی تاوانی كوشتنی ئەم كەیسەشدا فەرمانی گرتنی هەبووە، هەروەها پێشتر بە یاسای لێبوردنی گشتی ئازاد كراوە.

بۆیە ئێمە وەك گروپی ژیان بە گرنگمان زانی كە ڕایگشتی لەم دۆسیەیە ئاگادار بكەینەوە و داوا لە سەرجەم راگەیاندنەكان ‌و رێكخراوەكانی ژنان‌ و كۆمەڵگەی مەدەنی‌ و سەرجەم كەسانی دڵسۆز‌و خەمخۆری پرسەكانی ژنان دەكەین كە رۆژی 4 شەممە رێككەوتی 9\10\2013 كاتژمێر 9:30 لەبەردەم دادگای سلێمانی ئامادە بن تا پێكەوە ئاگادار بین لە چۆنیتی بەڕێوەچوونی دادگاییەكە ‌و دەوری داواكاری گشتی‌ و دادوەرەكان لەدۆسیەی كوشتنی ژنان لە هەرێمی كوردستان‌ و گەراندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف‌و سەروەری یاسا، لە  كاتێكدا كە داواكاری گشتی زۆر بە سادەیی و ئاسانی باس لەوە بكات كە زۆر دەمێكە چارەنووسی كوشتنیان بۆ ئەم كەیسە داناوە بۆیە ئێمە وەك گروپی ژیان  هەست بە مەترسیەكی گەورە دەكەین لەسەر سەروەری یاسا و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان بە گشتی و ژنان بەتایبەتی و گروپەكەمان خوازیارە كە هەموو لایەك لەكاتی دیاریكراودا ئامادە بێت.

گروپی ژیان
8\10\2013  
ژت: 07711815288
 

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: