الجمعة، 11 أكتوبر 2013

شانۆگەری "دەرگای مەكتەب كرایەوە" لە چەند قوتابخانەیەك نمایشكرا

شانۆگەری "دەرگای مەكتەب كرایەوە" لە چەند قوتابخانەیەك نمایشكرا

11:07:08/10/2013
وارڤین – هەولێر: بە بۆنەی كردنەوەی دەرگای قوتابخانە و دەستپێكردنی ساڵێكی نوێی خوێندن؛ بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری منداڵ – هەولێر شانۆگەری بووكەڵە بەناونیشانی (دەرگای مەكتەب كرایەوە) لە چەند قوتابخانەیەكی دەوروبەری هەولێر نمایشكرد.

رۆژی یەكشەممە، تیپی هونەری بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری منداڵ – هەولێر، لە چالاكییەكدا شانۆگەری بووكەڵەی "دەرگای مەكتەب كرایەوە"ی بۆ منداڵانی هەردوو قوتابخانەی بنەڕەتی "مەلا ئۆمەر" و "زەنگ"ی كۆمەڵگەی پیرزین نمایشكرد.

لە بەشی دووەمی چالاكییەكەدا، بڕگەی پرسیار و وەڵام پێشكەشكرا و منداڵانی بەهرەمەند بە وتی سرود و گۆرانی تایبەت بە دنیای منداڵییان بەشدارییان كرد و لە هەر قوتابخانەیەكیشدا 10 منداڵی بەهرەمەند لە لایەن بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری منداڵ –هەولێر خەڵاتكران.

بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری منداڵ – هەولێر، كە لە ساڵی 2004ەوە دامەزراوە، بە چالاكی جۆراو جۆر كار دەكات لە پێناو دەستەبەركردن و چەسپاندنی مافەكانی منداڵان و بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و برەودان بە بەهرەكانیان، ساڵانهش‌ لە دەستپێكی وەرزی خوێندندا چالاكی هونەری و رۆشنبیری لە قوتابخانەكاندا ئەنجام دەدات.
ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: