الأربعاء، 30 أكتوبر 2013

نۆ ساڵه‌ حكومەتی هەرێم یەك دینار هاوكاری رێكخراوێكی بۆ پرسی خەتەنە نەكردووە

نۆ ساڵه‌ حكومەتی هەرێم یەك دینار هاوكاری رێكخراوێكی بۆ پرسی خەتەنە نەكردووە

05:26:30/10/2013
وارڤین – سلێمانی: لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، بەرپرسانی رێكخراوی وادی ئەنجامی ئەو راپرسییەیان خستەڕوو كە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە بارەی دیاردەی خەتەنەكردنەوە ئەنجامیاندابوو و تێیدا رایانگەیاند، جێگەی خۆشحاڵیە دیاردەكە رووی لە كەمبوونەوە كردووە و نیگەرانیشیان دەربڕی لەوەی لەماوەی 9 ساڵی رابردوودا حكومەت بە یەك دیناریش هاوكاری رێكخراوەكەیانی نەكردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تشرینی یەكەم – ئۆكتۆبەری 2013 لە نووسینگەی سەرەكی رێكخراوەكە لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی، رێكخراوی وادی ئەنجامی ئەو راپرسیەیی خستەڕوو، كە لە بارەی دیاردەی خەتەنەكردنی كچان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان ئەنجامیاندابوو.

له‌ راگه‌يه‌ندراوێكى رێكخراوى "وادى" دا، كه‌ وێنه‌يه‌كى تايبه‌ت بۆ "وارڤين" نێردراوه‌، هاتووه‌: "دوای چەندین ساڵ كاركردن و هەڵمەتی هۆشیاری فراوان لەبارەی زیانەكانی خەتەنەكردنی مێینە، لەم راپرسیەدا كە 5143 مێینەی گرتۆتەوە ئەنجامێكی زۆر دڵخۆشكەر بەدی دەكرێت كە نیشانی دەدات خەتەنەكردنی مێینە لە هەرێمی كوردستاندا بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمبووەتەوە بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی و ناوچەكانی گەرمیان".

هەروەها هاتووە: بەگوێرەی سەرجەم ئامارەكانی ساڵانی پێشووی رێكخراوەكەمان لە پارێزگای سلێمانی رێژەی خەتەنەكردنی مێینە لەسەروو 60 % وە بوەو لە هەندێ ناوچەش نزیك بە 90 % بووە وەك رانیە و قەڵادزێ، بەڵام لەم ئامارەدا دەردەكەوێت لەو ناوچانەش بە رێژەیەكی باش كەمبووەتەوە، ئەمەش پشانی دەدات كاری بەردەوام و هۆشیاری رۆڵێكی زۆر گرنگی هەیە و لە 9 ساڵی ڕابوردوو كە جەخت لەو ناوچانە كراوەتەوە كە زۆرترین حاڵەتی تێدا بووە، ئەنجامی زۆر گرنگی هەبووە" .

لە راپرسییەكەدا، كار لەسەر ئاگاداری هاووڵاتیان كراوە لە هەمبەر یاسای توندوتیژی خێزانی، كە خەتەنەكردنی مێینەی تێدا قەدەغەكراوە و بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەكە، هێشتا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان ئاگاداری ئەو یاسایە نین.

بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكانی ئەو راپرسییە لە كاتێكدایە، كه میدیا جیهانی و ناوخۆییەكان بەتایبەتی كەناڵی  BBC و رۆژنامەی گاردیانی بریتانی  لە ئێستەدا چەند فیلمێكیان لەسەر ئەو هەڵمەتە ئەنجام داوە و زۆر بە راشكاوی باسیان لە پرسی خەتەنەكردنی كچان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا راگەیەندرا، كە رێكخراوی وادی بە گرنگی دەزانێت یاسای توندوتیژی خێزانی بەتایبەتی بڕگەی شەشەم كە تایبەتە بە قەدەغەكردنی خەتەنەكردنی مێینە جێبەجێ بكرێت.

سەبارەت بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە و جێبەجێكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، رێكخراوی وادی رایگەیاند، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەكی ماددی ئەم هەوڵانە بكات چونكە وەك رێكخراوی وادی ماوەی 9 ساڵە یەك دینارمان لە حكومەتی هەرێم وەرنەگرتووە بۆ ئەم چالاكیانە و لەكاتی ئێستەشدا رێكخراوی Hivos  هۆڵەندی پشتوانیمان دەكات.

هاوكارینەكردنی حكومەتی هەرێم بۆ ئەو رێكخراوانەی ژنان كە لە دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كار بۆ سەرخستنی پرسی ژن دەكەن، لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە و لە ئازاری 2011ەوە تا ئێستا حكومەتی هەرێم هەموو جۆرە هاوكارییەكی ماددی لە دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن بڕیوە و ئامادە نیە هیچ هاوكارییەكی بكات.

ليست هناك تعليقات: