السبت، 12 أكتوبر 2013

ژنێكى كورد لە لێواری دۆزەخدایە و پێویستی بە هاوكاریيە

ژنێكى كورد لە لێواری دۆزەخدایە و پێویستی بە هاوكاریيە

01:51:12/10/2013
وارڤین – ئەستەمبوڵ: "خەندە" لەدایكبووی 1985 لە مانگی پێنجەمی دووگیانبوونی بە كچە شەش ساڵەكەی لە لایەن هاوسەرەكەیەوە نەوتی پێدا دەكرێت و ئاگر لە جەستەی بەردەدرێت، دوای شەڕێكی سەخت لەگەڵ چارەنووسی و بێدادی كۆمەڵگە، خۆی و هەموو ئازارەكانی ناخی و جەستەی ئێستا لە توركیا وەك پەنابەرێكی نایاسایی چاوەڕوانی وەڵامی كۆمیسیۆنی پەنابەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات و چاوی لە هاوكاری مرۆڤدۆستان و رێكخراوەكانە.

یەكێك لەو كێشانەی رووبەڕووی ئەو ژنانە دەبێتەوە كە توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت و هەڕەشەی كوشتنیان لەسەرە، ئەوەیە كە لە لایەن كۆمیسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەك پێویست و بە شێوەیەكی مرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ ناكرێت و كارەكانیان راییناكرێت.

زۆرن ئەو ژنانەی لە ترسی كوشتن لە عێراق و ئەفغانستان و ئێرانەوە ئاوارەی توركیا بوونە و لەوێ كراونەتە كۆیلەی حەزو ویستەكانی پیاوان و لەبەرامبەر بڕێك خواردن و مانەوە لە كولانەیەكدا ناچار بە لەشفرۆشی كراوون و دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەر و نەتەوەیەكگرتووەكانیش بێ باكانە كەیسەكانیان پشتگوێ دەخات و لە دۆزەخی ئاوارەیی و هەڕەشەی مەرگ و برسێتی دووریان ناخاتەوە.

"خەندە" ئەو ژنەی ژیان بووەتە دۆزەخ بۆی
"خەندە" ئەو ژنەیە كە هەموو گیانی جێگەی سوتان و چەقۆیە، لەگەڵ دوو منداڵە  9 ساڵە و 6 ساڵەكەی لە بارودۆخێكی زۆر خراپدا ئێستا لە ئەستەمبوڵی توركیا دەژین. 

"خەندە" لە دایكبووی ساڵی 1985ەو لە ساڵی 2004 ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە، ڕۆژانە هاوسەرەكەی لە كاتی ئاسایی و  بەسەرخۆشی ئازاری داوە.

ئەو دوو گیان دەبێت بە كچە 6 ساڵەكەی  لە مانگی پێنجەمیدا لە ئەنجامی كێشەی خێزانی هاوسەرەكەی نەوتی پێدادەكات و دەی سوتێنێت، بەڕێژەیەكی زۆر لەشی دەسوتێت و ماوەی مانگێك لە یەكێك لە خەستەخانەكانی شاری هەولێر دەمێنێتەوە، جێگەی سوتان بە هەموو لەشیەوە دیارە دەستی، پشتی، سكی و قاچی. ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی كە دەمارەكانی دەستی زۆر لاوازبێت و هەمیشە ئازاری هەبێت.

جیابوونەوە.. ئازار.. گەڕانەوە
دوای ئەوە بڕیاری جیابوونەوە لە هاوسەرەكەی دەدات. كەسوكاری زۆر ئازاری دەدەن و بەردەوام سەركۆنەی دەكەن كە منداڵەكانی بنێرێتەوە بۆ لای باوكی، ناچار "خەندە" جارێكی دیكە بڕیاردەدات بگەڕێتەوە لای هاوسەرەكەی، بەدوای گەڕانەوەی هاوسەرەكەی ژنی دووەم دەهێنێت و بەردەوام دەبێت لە ئازاردانی "خەندە" و منداڵەكانی، ئەوجارەیان "خەندە" بەیەكجاری بڕیاری جیابوونەوە دەدات و دووبارە دەكەوێتەوە دۆزەخەكەی ماڵی باوكی، كەسوكاری گوشار دەخەنە سەری كە منداڵەكانیان تەسلیمی باوكیان بكاتەوەو جارێكی تر ژیانی هاوسەرگیری پێك بهێنێتەوە. 

لەهەمانكاتدا هاوسەرەكەشی هەڕەشەی كوشتنی لێدەكات ئەگەر كوڕەكەی پێنەداتەوە ئەوە دەیكوژێت. بۆیە بەناچاری كوڕەكەی دەداتەوە باوكی، بەڵام دیسانەوە دەكەوێتەوە ژێر گوشاری كۆمەڵایەتی و كەسوكاری، بۆیە لە ساڵی 2011 سەفەری توركیا دەكات.

پاش ماوەیەك لە توركیا هەواڵی پێدەگات كە كوڕەكەی بارودۆخی زۆر خراپەو ترسی مردنی لێدەكرێت و داخیلی یەكێك لە خەستەخانەكانی سلێمانی كراوە. "خەندە" بۆ رزگار كردنی كوڕەكەی دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.

دەچێت كوڕەكەی لە خەستەخانەی سلێمانی دەردەهێنێت بەبێ ئاگاداری مێردەكەی دەیباتەوە شاری هەولێرو لە خەستەخانەی "راپەڕین" داخیلی دەكات. ئەوكاتە بۆی دەردەكەوێت كە ماوەیەكی زۆر كوڕەكەی لەلایەن باوكی و باوە ژنەكەی بەناوی سزادان لە ژورێك زیندانی كراوەو نان و ئاوی پێنەدراوە ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كە ریخۆڵەكانی وشك ببنەوە و توشی نەخۆشی گەدەو ڕۆماتیزم بووە. هەروەها باوكی بە چەقۆ لە ڕومەتی داوە و تا ئێستاش جێگەی چەقۆكە دەبیندرێت. 

پاسەپۆرتی دەسوتێنن
لەو ماوەیەدا براكەی دیسانەوە زۆر ئازاری دەدات و پاسپۆرتەكەی لێ دەسوتێنێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە نەگەڕێتەوە توركیا. بەهۆی ئەم بارودۆخانەوە توشی كێشمەكێشی زۆر دەبێت و دیسانەوە لەلایەن باوكی منداڵەكانیەوە بە چەقۆ هێرش دەكرێتە سەری و بریندار دەكرێت، هەروەها دەستی كچەكەی دەسوتێنێت لەئەنجامی ئەوەشدا كچەكەی تووشی شۆكێكی گەورە دەبێت و لە تەمەنی چوار ساڵیدا توشی نەخۆشی شەكرە دەبێت. 

كێشمەكێشەكانی "خەندە" لەگەڵ خێزانەكەی لەلایەك بەهۆی ئەوەی كە گوێ لەوان ناگرێت و منداڵەكانی ناداتەوە باوكیان و ئامادە نی یە لەگەڵ ئەوان بژیەت لە لایەك و، لەگەڵ باوكی منداڵەكانی لەلایەكی دیكەوە بەردەوام دەبێت. لە رێگای دادگاوە دەتوانێت بە یاسایی كوڕەكەی بەدەستبهێنێتەوەو دەینێرێتە خوێندنگا، رۆژێكیان باوكی لە خوێندنگا دەیڕفێنێت و دایكی تاوانبار دەكات بەوەی كە كوڕەكەی فەوتاندوە، كوڕەكەی مۆبیلی پێدەبێت باوكی  بەوە نازانێت و پەیوەندی بە دایكیەوە دەكات كە باوكم منی رفاندوەو دیسانەوە لە رێگەی پۆلیسەوە كوڕەكە دەدرێتەوە دایكی.  

هاوسەرەكەی كەسێكی دەستڕۆیشتووی ناو پارتیە
"خەندە" دەڵێت چەند جارێك بەهۆی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر خۆی و منداڵەكانی بەكارهاتووە داوای یاسایی لەسەر هاوسەرەكەی تۆماركردووە بەڵام چونكە كەسێكی دەست ڕۆیشتووی پارتی بووە كەس لێی نەپرسیوە.

ئه‌و هیچ رێگایەكی ژیانكردنی بۆ نامێنێتەوە لە هەرێمی كوردستان و بڕیاردەدات كە دیسانەوە بگەڕێتەوە توركیاو هەوڵبدات لە ڕێگای یۆ ئێنەوە مافی پەنابەری وەربگرێت و بتوانێت لەگەڵ منداڵەكانیدا ژیانێكی ئارام بكات، كۆمەڵێك هاوڕێی مرۆڤدۆست كۆمەكی دەكەن و بە قاچاخ دەینێرنەوە توركیا.

ئێستا لە لێواری دۆزەخە
"خەندە" لە مانگی مایسی ئەمساڵەوە لە توركیا دەژیەت بارودۆخی زۆر زۆر خراپە، نازانێت چارەنوسی بەرەو كوێ دەگات تا ئێستا تەنها منداڵەكانی لە یوئێن ەوە مقابەلە كراون و ئەوەی خۆی وا بڕیارە لە مانگی داهاتوو بكرێت. 

داوودەرمانیان پێویستە
بەهۆی قوربانی بوونی هەرسێكیانەوە بەدەست زەبرو زەنگ و توندو تیژی، مانگانە پێویستیان بە چارەسەرو داوو دەرمان هەیە، "خەندە" دەڵێت مانگانە 200 تا 250 لیرەی توركی بە ئەنسۆلین دەدەم بۆ كچەكەم بەجیا لەوەی زیاتر لە 200 لێرە دەدەم بە داوو دەرمان بۆ خۆم و كوڕەكەم، و مانگانە 250 لیرە كرێی خانوەكەمە بەبێ ئەوەی هیچ سەرچاوەیەكی داهاتم هەبێت.

ئەو هەروەها دەڵێت: زۆر هەوڵی كاركردنم دا سەرەتا لە چێشتخانەیەك قاپم دەشۆرد بەهۆی ئازاری زۆری دەستمەوە نەمتوانی بەردەوام بم، ئەمجارەیان لە هۆتێلێك كاری پاك كردنەوەم دەكرد ئامادەبوم كە تەوالیەت پاك بكەمەوە بەڵام چەند جارێك گێچەڵی سێكسیم پێكراو خاوەنی هۆتێلەكە پێی گووتم ئەگەر ئامادە نەبیت پەیوەندیمان هەبێت ئەوە لەسەر كار دەرت دەكەم منیش ناچار وازم لە كارەكە هێنا. ئێستا كە بەرەو سەرماو زستان دەچێت رۆژ لە رۆژ باری تەندروستیم خراپتر دەبێت و بەهۆی چەند نەخۆشیەكەوە بونیەی لەشم لاواز بووەو بەرگەی سەرما ناگرم.

"خەندە" گوتیشی: "بەجیا لە كاریگەری سوتانەكەم و ئازارەكانی، هەر لە ئەنجامی ئەو توندو تیژیانەی بەردەوام لەگەڵم بەكارهاتووە سەوەفان و ئینزلاقی پشتیشم هەیە".

"نازانم چۆن كرێ خانوو، ئاو و كارەبا، گەرمایی زستان دابین بكەم. تا ئێستا بە كۆمەكی چەند هاوڕێیەكی باشم توانیومە بژیەم كە لە هەرێمی كوردستانەوە لە نزیكەوە ئاگایان لە بارودۆخم بوو كۆمەكیان پێكردم. ئەوانیش تاكەی بتوانن كۆمەك بە من بكەن؟ لێرە نە یوئێن و نە هیچ لایەنێكی تر خۆی بە بەرپرس نازانێت بەرامبەر بە بارودۆخی كەسانێكی وەك و من. داوای كۆمەكم كردووە لە لایەنی بەرپرس، ئەوانێش بڕیاریانداوە كە تەنها یەكجار ئەویش بە 190 لیرە یارمەتیم بدەن" ئەو بە هەناسەساردییەوە ئەم قسانەی دەكرد. 

چ داوایەكی هەیە
"خەندە" رووی لە هەموو ئینساندۆستێكە و چاوی لە هاوكاری هەموو لایەكەوە و دەڵێت: تەنها ژیانێكی شەرەفمەندانە داوای منە، من ئێستا زۆر خۆشحاڵم كە لەگەڵ منداڵەكانم بەیەكەوەین، بەڵام بارودۆخمان زۆر خراپەو پیویستمان بە یارمەتی بەردەوام هەیە. تكایە لە رێگای نوسینەكەتەوە كۆمەكم بكە. تەنها خوا شك دەبەم و تۆ.

تێبینی: بۆ پێشكەشكردنی هەرجۆرە هاوكارییەك بە خەندە دەتوانن پەیوەندی بەم ئیمەیڵەوە بكەن
lawzha@yahoo.com

ئا: لاوژە جواد

ليست هناك تعليقات: