السبت، 12 أكتوبر 2013

كەركووك: كچێكی 16 ساڵ دیارنامێنێت و پۆلیسش دەڵێ پێناچێ رفێندرابێت

كەركووك: كچێكی 16 ساڵ دیارنامێنێت و پۆلیسش دەڵێ پێناچێ رفێندرابێت

12:11:12/10/2013
وارڤین – كەركووك: "ش.ع.ع" تەمەن 16 ساڵ و فێرخوازی پۆلی پێنجەمی ئامادەیی دوێنێ لە ماڵ چووەتە دەرەوە و وێڕای زێڕ و پارە، ناسنامە و پاسەپۆرتیشی بردووە و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە و پۆلیسیش رایدەگەیەنێت، پێناچێت ئەو كچە رفێندرابێت.

دوێنێ هەینی 11ی تشرینی یەكەم – ئۆكتۆبەری 2013، لە گەڕەكی "ئازادی" كەركووك كچێك لە ماڵ دیار نامێنێت و كەسوكارەكەی بانگەشەی ئەوەیان كردووە، كچەكەیان رفێندراوە و بە مۆبایل پەیوەندی كردووەتەوە بە ماڵەوە بەڵام دەنگی ژنێكی دیكە بیستراوە.

لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین" بەڕێوبەری بنكەی پۆلیسی ئازادی شاری كەركووك عەقید "یاسین حەسەن" رایگەیاند، لێكۆڵینەوە لەو رووداوە دەستیپێكردووە و هێشتا نەسەلمێندراوە ئەو كچە رفێندراوە یان خۆی ماڵی بەجێهێشتووە.

گوتیشی: "بە گوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئەگەری ئەوە لە ئارادایە ئەو كچە نەڕفێندرابێت و بەهۆی پرسێكی كۆمەڵایەتییەوە ماڵی بەجێهێشتبێت، چونكە پارە و زێڕ و ناسنامە و پاسەپۆرتی خۆی بردووە و هیچیانی بەجێنەهێشتووە".

روونیشیكردەوە، رووداوەكە پەیوەندی بە پرسی كۆمەڵایەتییەوە هەیە و باوكی ئەو كچە  لە ناو بازاری كەركووك دوكاندارەو هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ كەسدا نەبووە.

سەبارەت بە هەوڵەكانی پۆلیس بۆ رێگەگرتن لە توندوتیژییەكانی دژی ژنان لەو شارەدا، ئەو بەرپرسەی پۆلیس گوتی: "ئێمە هەموو هەوڵێكمان خستووەتەگەڕ بۆ رێگرتن لە دیاردەی توندوتیژی و پۆلیس رووبەڕووی زۆر تەحەددا بووەتەوە لە كەركووكدا و پێویستە رێكخراوەكانی ژنانیش هاوكاری زیاتری پۆلیس بن و چالاكانە كار بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی".

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: