الأحد، 13 أكتوبر 2013

دەقی پڕۆژە یاسای پێشنيازكراوى تايبه‌ت به‌ پاراستنی منداڵ لە توندوتیژی

دەقی پڕۆژە یاسای پێشنيازكراوى تايبه‌ت به‌ پاراستنی منداڵ لە توندوتیژی

01:34:13/10/2013
منداڵانى كورد له‌ قوتابخانه‌، فۆتۆ: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان
وارڤین – كەركووك: چالاكی بواری مافەكانی مرۆڤ نیاز كەركووكی لە بارەی پاراستنی مافەكانی منداڵەوە پڕۆژە یاسایەكی گەڵاڵە كردووە و لە پێناو دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە و كار لەسەر كردنی، وارڤین دەقەكەی بڵاو دەكاتەوە.

دەقی پڕۆژەكە:
پڕۆژە یاسایەك بۆ پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی
پێش ئامادەكردنی ئەم پڕۆژە خوێندنەوەیەكم كرد بۆ یاسای ژمارە 8 ی ساڵی 2011 (یاسای بەرەنگاربوونەوەی خێزان لە توندوتیژی لە هەرێمی كوردستان). بەڵام هیچ ماددەیەكی تایبەتم نەبینی بە منداڵان، بەڵكو ئەو پرۆژە یاسایە بەشێوەیەكی گشتی باس لە خێزان دەكات، هەرچەندە یاساكە گرنگی خۆی هەیە ئەگەر كاریپێبكرێت لەبواری مەیدانیدا، بەڵام بەهۆكاری نەبوونی ماددە و بڕگەی تایبەت بە مافەكانی منداڵان و پاراستنیان لە توندوتیژی خێزانی و جۆرەكانی دیكەی توندوتیژی هانیدام و بو ئامادەكردنی پرۆژەیاسایەكی لەم شێوەیە، بەهیوام بۆچونەكانم لەبەرچاوبگیرێت و پاش دەوڵەمەندكردنی سەرنج و پێشنیازەكانم لەلایەن بەرێزتانەوە یاسایەكی تۆكمە و شیاو بەقازانجی منداڵان دەربكرێت و لەتوندوتیژی بپارێزرێن.

ئەم پرۆژە یاسایە ئامادەم كردووە ئاماژە دەكات بە مافەكانی منداڵان و هەر وەها چۆن بتوانین بیان پارێزین لە ناو خێزان و كۆمەڵگادا. دەبێت هەموو تاكێك لە كۆمەڵگا- كوردستان - بەر پرس بێت لە ئاگادار كردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەگەر چاوی كەوت بە بەكارهێنانی توندوتیژی دەر حەق بە منداڵ.

ئەم پرۆژەیە دەبیتە هۆی ئەوەی توندوتیژی لەناو خێزاندا كەم بكاتەوە.  لەهەمان كاتدا دەبێتە دەرفەتێكی باش بۆ بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵان بەشێوەیەكی سەردەمیانە و شایستە. دەبێت منداڵانی وڵاتەكەمان بەگوێرەی ماف و پیوەرە نێودەوڵەتییەكان بەخێو بكرێن تاكو لە دوارۆژدا نەبنە كەسێكی توندوتیژ لەناو كۆمەڵگادا. پەروەردەكردنی منداڵ دوو بەشە، قوتابخانە و ماڵ، بۆیە دەبیت منداڵ لەم دووشوێنەدا گرنگی پێبدرێت و لە ژینگەیەكی شیاو و تەندروستدا بەخێو بكرێت دوور لە توندوتیژی.  

توندوتیژی منداڵ چییە:
هەر هەڵسوكەوتێكی كرداری - فیزیكی- بەرامبەر بە منداڵ كە ببێتە هۆی مردن، فەرامۆش كردن، ئەنجام دانی كاری سێكسی، لێدان یان بەكار هێنانیان بۆ هەر مەبەستێك دەچێتە خانەی توندوتیژیەوە.

هەر هەڵسوكەوتێكی دەروونی - ناكرداری یان فریودان كە ببێتە هۆی ترساندن و تۆقاندن، فەرامۆشكردن، كەنارگیری و هەڵهاتن لەماڵ، فریودان بۆ هەرمەبەستێك، كاركردنی زۆرەملێ دوور لەمەبەستی پەروەردەیی و پێگەیاندن، ناچاركردن و بەكارهێنانی بۆ مەبەستی ئاینی  و سیاسی و ئایدولۆژی ، دەچێتە خانەی توندوتیژییەوە.

ماددەی یەكەم: لەبار- حاڵی - مردنی منداڵەكەدا:
دەبێت مردنی منداڵەكە لەلایەن پزیشكی  (گب عدلی) پشتڕاست بكرێتەوە، و بە راپۆرتێكی تێروتەسەل هۆكارەكانی مردنەكە ئاشكرابكرێت و رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار و پۆلیس و دادگا بكرێت.

ماددەی دووەم: لەباری  فەرامۆش كردنی منداڵەكەدا:
فەرامۆشكردن بەواتای منداڵەكە (برسیبكرێت، بێ جل وبەرگ بێت، هەمیشە نەخۆش بێت بەبێ ئەوەی سەردانی دكتۆر بكات، جێگای حەوانەوەی پاك وخاوێن نەبێت، بەجێهێشتنی خوێندن، بەتەنیا جێهیشتنی منداڵەكە لە ناو ماڵ یان دەرەوه،‌ بێ چاودێری گەورە، بەكار نەهێنانی كورسی تایبەت بەپاراستن بۆ منداڵێك كە تەمەنی لەنێوان (0 تا 8) ساڵان لە ناو ئۆتۆمبێڵ.

ماددەی سێیەم: فریودان یان بەكارهێنانی منداڵ بۆ كاری سێكسی:
 ئەنجام دانی كاری سێكسی لەگەڵ منداڵ بە رەزامەندی یان نا رەزامەندی، بە رووتی بێت یان لە بەجل وبەرگەوە بێت، لە هەر رەگەزێك بێت، نیشان دانی وێنەی سێكسی یان یاری كردن بە جەستە، یان بازرگانی كردن سێكسی بەمناڵەوە.

ماددەی چوارەم: لێدان یان ترساندن و تۆقاندن:
 لێدانی منداڵ بە هەر شێوەیەك یان  ترساندنیان كە ببێتە هوی گۆشە گیری، هاواركردن، قسەی ناشرین، جنێودان، دەرنەخستەنی سۆز و خۆشەویستی یان پەراوێزخستنی لە خۆشەویستی دایك و باوك، بەكارهێنانی قسەی رەق، ئازاردان، گوشار هێنانی دەروونی، درۆكردن لەگەڵ منداڵ.

ماددەی پێنجەم: بەكار هێنانی منداڵ بۆ سواڵكردن، كاركردن بە زۆرە ملی، بازرگانی كردن پێیان یان فرۆشتنیان.یان بەكارهێنان بۆ بانگەشە و مەبەستی سیاسی و ئاینی و ئایدولۆجی.

لایەنی پەیوەندیدار لەئاگاداركردنەوە یان گەیاندنی زانیاری و راپۆرت لەئەگەری روودانی هەر كارێكی توندوتیژی:

بۆ ئەم كارە دەبێت بەشێكی تایبەت هەبێت كە سەر بە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بێت و پۆلیسی تایبەت و راهێنراو كە بەشێك بێت لەهەمان وەزارەت دابین بكرێت تا یابەت بە منداڵ یان كاروبارە كۆمەڵایەتییەكان.

ئەم كەس و لایەنانە ئەركی گەیاندنی راپۆرتیان هەیە لەباری روودان یان هەستكردن یان بینینی  توندوتیژی دژ بەمناڵ (دكتۆر، پەرستار، كرێكاری نەخۆشخانەكان، دكتۆرە دەرونییەكان، كۆمەڵناس، توێژەری كۆمەڵایەتی، مامۆستایان، بەرێو‌بەری قۆتابخانەكان، چاودێری منداڵان، دایەنگا، باخچەی ساوایان) لە ماوەی 24 كاتژمێردا ، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن بە سزای تاوان (عقوبە جنائیە) هەروەها دەبیت (فۆرمی تایبەت) پر بكەنەوە  بۆ هەر منداڵێك كە رادەستی لایەنی پەیوندیدارەكانی دەكەن و ئامادەی دانیشتنەكانی پۆلیس و دادگا بن وەك شاهێد یان گەواهیدەر هەركات كە داواكرا، و دەبێت تەواوی زانیارییەكانی شاهید یان هەواڵدەرەكە پارێزراو و نهێنی بێت - بە نمونە: فۆرمەكە دەبێت ناو و ناونیشان و تەلەفونی كەسەكەی تێدابێت، بەڵام ناوەكەی رەش بكرێتەوە لە كاتی پێویستدا بۆ پاراستنی كەسەكە.‌

ماددەی شەشەم: هەر كاتێك دادگا بڕیاریدا كە منداڵەكە لە دایك و باوكی بسەندرێتەوە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو. دەبێت وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی چاودێری و سەردانی شوێنی تازەی حەوانەوە بۆ منداڵەكە دیاری بكات.

ئ‌- شوێنی حەوانەوەی منداڵان یان پاراستنی منداڵەكە: ئەگەر شێڵتەر بێت یان خانەی منداڵان، دەبێت تایبەت بێت بۆ منداڵان و هەموو پێداویستییەكانی كات بەسەربردن و تەندروستی و پەروەردەیی تایبەت بە منداڵی تێدابێت ، لە شوێنێكی نهێنیدا بێت.

ب- دادگا دەتوانێت منداڵەكه رادەستی خزمانی دایك و باوك  تاكو پلەی چوارەم بكات، ئەوانەی بە پێی یاسا هاتوونەتە ناو خێزانەكه هەروەها مەرجی بیننیان یان نەبینینیان بۆ دابین بكات.

ج- بەمەبەستی بەخێوكردن دانەبڕان لەسۆزی خێزانی و پاراستنی منداڵ.دادگا دەتوانێت منداڵەكە بدات بە هەر خێزانێك بۆ ئەو ماوەیە بە مەرجێك ئەو خێزانە ئامادەیی تێدابێت وهەموو مەرجەكانی  تێدابێت  و زانیاری هەبێت لەسەر ئەم یاسایە. وزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی موچەیەكی كاتی دابین بكات بۆ ئەو خێزانە تاكو بتوانێت پێداویستییەكانی دابین بكات.

د- ئەگەر منداڵەكە لەلایەن باوانی خێزانی دووهەم یان سەرپەریشتییاری كاتیەوە ژیانی لە مەترسیدابێت، دەبێت لە هەمانكاتدا بگوێزرێتەوە بۆ (خانەی منداڵان) تاكو دادگا بڕیار دەدات، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار راپۆرتی تایبەت لەسەر مەترسی و هۆكارەكان بخاتە روو ، تاوانبارانیش روبەڕووی سزای یاسای ببنەوە.
ماددەی حەوتەم: ئامادە كاری بۆ یارمەتی منداڵەكە ئەگەر پێویستی بە پزیشك بوو یان دەرمان.

ماددەی هە‌شتەم: 
سزاكان:
لەكاتی هەبوونی گومان لە بەكارهێنانی هەر جۆرێكی توندوتیژی كە لەماددەكانی سەرەوە باسكران ، دەبێت تۆمەتبار لەلایەن دادگاوە دەستگیر بكرێت تا ساغ بوونەوەی تاوانەكە، پاشان بە گوێرەی تاوانەكە تاوانبار دەبێت سزای یاسای بدرێت و بۆ هەربەندە یان ماددەیەك دەبێت دادگا سزای جیاواز دەركات و لایەنی پەیوەندیدار جێبەجێی بكات. 

قەرەبوو: بەگوێرەی سزا كات و رادە وجۆری توندوتیژییەكان، دەبێت قوربانییەكە -منداڵەكە- قەرەبوو مادی و مەعنەوی بكرێتەوە، قەرەبوە ماددییەكان لە بانكی تایبەت بە منداڵ هەڵبگیرێت یان بەپێی رێوشوێنی یاسای دیكە.
لەباری قەرەبووی مەعنەویدا دەبێت ناو، نازناو، كەسایەتی منداڵ بپارێزرێت  و لەكەدار نەكرێت، بە نموونە لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندن یان تاوانبار یان خانەوادەی تاوانبار، سەرجەم ئەو هەواڵ و زانیاریانە كە گرنگن بۆ پاراستنی كەسایەتی منداڵ دەبێت، شاراوە و پارێزراوبێت.

تیبینی: هەر كاتێك ئەم پرۆژەیە پەسند بكرێ دەتوانرێت رێنمایی و ئامادەكاری بكرێ  بۆ هەر یەك لە (فۆرمی تایبەت، خانەی منداڵان، دروستكردنی بەشێكی تایبەت بۆ منداڵ لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی).
نیاز كەركووكی/2013 
nyaz13@gmail.com

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: