الخميس، 10 أكتوبر 2013

ژنانی كەركووك بۆ تاوتوێكردنی پرسی سەربڕینی ژنێكی شارەكەیان كۆبوونەوە

ژنانی كەركووك بۆ تاوتوێكردنی پرسی سەربڕینی ژنێكی شارەكەیان كۆبوونەوە

06:34:10/10/2013
وارڤین – كەركووك: چالاكانی ژن و ئەندامانی كەمپینی نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە كەركووك كۆبوونەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی ئەو هەلومەرجە ناهەموارەی ژنان بكەن، كە لە كەركووك هاتووەتە ئاراوە و دواترین حاڵەتی توندوتیژی سەربڕینی ژنێك بوو لەناو بازاری گەورەی كەركووك.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین" بەرپرسی سەنتەری پەنا و چالاكی مافەكانی ژن لە كەركووك "ئاوێزان نووری" رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی تشرینی یەكەم – ئۆكتۆبەری 2013 ئەندامانی كەمپینی نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان لە كەركووك كۆبوونەوە.

گوتیشی: "ئامانجی سەرەكی كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی ئەو رەوشە ناهەموارە بوو كە ژنانی كەركووك پێیدا گوزەر دەكەن و رۆژانە توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامدەدرێت و ژن دەكوژرێت و دیارترین حاڵەتیشیان سەربرینی ژنێكی بێ ناسنامەیە بە تەور".

شەوی دووشەممە - سێشەممە 7 - 8ی تشرینی یەكەم – ئۆكتۆبەری 2013 هێزەكانی پۆلیس لە نزیك گەراجی لەیلان لە ناو بازاری گەورەی كەركووك تەرمی ژنێكیان دۆزیەوە، كە وێڕای كوژرانی جەستەی شێوێندرابوو‌.

لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، بەڕێوبەری بنكەی پۆلیسی ئازادی شاری كەركووك عەقید "یاسین حەسەن" رایگەیاند، تەرمی ژنەكە بە رووتی و بێ بەرگی فڕێ دراوە و سەری لە جەستەی جیاكراوەتەوە و بە تەواوی جەستەی شێوێندراوە بە جۆرێك كە ناناسرێتەوە.

گوتیشی: "لە لێكۆڵینەوەی سەرەتاییدا دەركەوتووە ئەو ژنە كە تەمەنی لە نێوان 17 تا 20 ساڵە بە تەور كوژراوە و بەهۆی ئەوەی ئەڵقەی هاوسەرگیری لە پەنجەیدا بووە، زانراوە كە چووەتە ناو ژیانی هاوسەرگیرییەوە".
 
"ئاوێزان نووری" روونیكردەوە، رێكخراوەكانی ژنان لە كەركووك هەموو هەوڵێكیان دەخەنە گەڕ لە پێناو دروستكردنی فشار بۆ سەر لایەنە پەیوەندیدارەكان تاوەكو هەوڵی جدی بدەن بۆ دۆزینەوە و بە سزاگەیاندنی تاوانبارانی ژن كوژ و ئەوانەی ئەو ژنەیان بەو شێوە دڕندانەیە كوشتووە.

لە بارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكەیانەوە گوتی: "بڕیار دراوە هەموو رێگایەكی یاسایی بۆ دروستكردنی فشار بگیرێتە بەر و پەیوەندی بكرێت بە لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بە تایبەتی ئەنجومەنی پارێزگا و دەزگا ئەمنییەكان بۆ ئەوەی بەر لەو شەپۆلە ژن كوشتنە بگیرێت كە رووی لە كەركووك كردووە".

پێشتر عەقید "یاسین حەسەن" ئەوەی بۆ "وارڤین" روونكردەوە كە تا ئێستا كەس بە هۆی كوژرانی ئەو ژنەوە دەستگیر نەكراوە و پۆلیس هیچ زانیارییەكی لە بارەی ناسنامە و هۆكاری ئەنجامدانی ئەو تاوانە دەرحەق بەو ژنە لەبەر دەستدا نیە و تەرمەكەی رەوانە كراوە بۆ پزیشكی دادوەری كەركووك و چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەن.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: