الأربعاء، 30 أكتوبر 2013

وارڤین رەوشی ژنانی هەرێمی بۆ میدیا و رێكخراوەكان و حكومەتی سویدی خستەڕوو

وارڤین رەوشی ژنانی هەرێمی بۆ میدیا و رێكخراوەكان و حكومەتی سویدی خستەڕوو

03:33:26/10/2013

وارڤین – هەولێر: لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا شاندێكی دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن لەسەر بانگهێشتی فەرمی رێكخراوی كڤینا تێل كڤینای سویدی گەیشتنە پایتەختی ئەو وڵاتە و لە ماوەی هەفتەیەكی سەردانەكەدا وێڕای دیدار لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن و رێكخراوەكانی ژنان، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش رەوشی ژنانیان لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

پانۆرامای سەردانەكە
دوای بڕینی بودجەی دەزگای وارڤین لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و داخرانی تاكە گۆڤاری ژنان كە گۆڤاری وارڤین بوو، رێكخراوی كڤینا تێل كڤینای سویدی كە یەكێكە لەو رێكخراوانەی لە هەرێمی كوردستان و عێراق كار دەكات، توانی لە رێگەی فەند كردنی دەزگای وارڤینەوە رێگە لە داخرانی ئەو دەزگایە بگرێت و هاوكاری ماددی و مەعنەوی دەزگاكە بكات لە پێناو دەرخستنی راستییەكان و كاركردن لەسەر پرسی ژن.

رۆژی شەممە 19ی تشرینی یەكەم – ئۆكتۆبەری 2013 لەسەر بانگهێشت و كارئاسانی ئەو رێكخراوە سویدیە، بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن "لەنجە عەبدوڵڵا" و بەرپرسی بەشی میدیا لە دەزگای وارڤین "ئەرسەلان رەحمان" گەیشتنە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید.

مەبەستی سەرەكی سەردانەكە بەشداریكردن لە نمایشی فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری تایبەت بە رەوشی ژنان و دیدار و كۆبوونەوە بوو لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی سوید و رێكخراوەكانی ژنان لەو وڵاتە.

لەو چوارچێوەیەدا رۆژی یەكشەممە 20ی تشرینی یەكەم – ئۆكتۆبەری 2013 شاندی وارڤین لە ئۆفیسی سەرەكی رێكخراوی كڤینا تێل كڤینا لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسی دۆسیەكانی ئەو رێكخراوە كۆبوونەوە و تاوتوێی كارنامەی سەردانەكە كرا.

كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسی یەكەمی رێكخراوی كڤینا تێل كڤینا
رۆژی دوو شەممە 21ی تشرینی يه‌كه‌م – ئۆكتۆبەری 2013 لە ئۆفیسی سەرەكی رێكخراوی كڤینا شاندی وارڤین لە لایەن بەرپرسی یەكەمی رێكخراوەكەوە "لينا ئه‌گ" پێشوازیان لێكرا و لە دانیشتنێكدا "لەنجە عەبدوڵڵا" باسی لە رەوشی ژن لە هەرێمی كوردستان  و ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ بەلارێدا بردنی ئەو پرسە و قۆستنەوەی بۆ جوانكردنی سیمای لایەنە سیاسییەكان كرد و لەبەرامبەریشدا بەرپرسانی كڤینا جەختیان لەسەر بایەخ و گرنگی كاركردنی دەزگای وارڤین لە گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان و عێراق كردەوە و لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە چۆنیەتی كاركردنی هەردوولا لەسەر پرسی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان كرا.

دواتر لە هۆڵێكی تایبەت بە چالاكییە فەرهەنگییەكانی رێكخراوی كڤینا، سمینارێك بۆ هەریەك لە لەنجە عەبدوڵڵا و "نێیلی كۆپەر" ژنە چالاكی وڵاتی لایبیریا ساز كرا و لەو سمینارەدا ئامادەبووان لە بارەی رەوشی ژن لە هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی كاركردنی حكومەت لەسەر ئەو پرسە و رۆڵی یاساكان لە كەمكردنەوەی توندوتیژیان ئاراستە كرد.

هەر هەمان رۆژ تیمێكی كەناڵی "كلتوور نێهتەر" (هەواڵی كلتووری) كە بایەخ بە كلتووری جیهان و پرسە كۆمەڵایەتییەكانی سوید و وڵاتانی جیهان دەدات، لە ئۆفیسی رێكخراوی كڤینا دیدارێكی تەلەفزیۆنیان لەگەڵ بەرپرسی دەزگای وارڤین سازكرد.

لەو دیدارەدا، "لەنجە عەبدوڵڵا" باسی لە ناكارایی حكومەتی هەرێم لە بەگژداچوونەوەی توندوتیژی كرد و ئاماژەی بەو هەڕەشانە كرد كە رۆژانە لە چالاكانی ژن دەكرێت و تیشكی خستە سەر پرسی نا كارایی رۆڵی دادگاكانی هەرێم و دەربازكردنی بكوژانی ژن بە لێبوردنی گشتی.

نمایشكردنی فیلمی "Six days"
رۆژی سێشەممە 22ی تشرینی يه‌كه‌م – ئۆكتۆبەری 2013، لە نووسینگەی سەرەكی رێكخراوی كڤینا تێل كڤینا، وێڕای تاوتوێكردنی خشتەی كارەكان و ئاماددەكاری بۆ نمایشی فیلمە دۆكیۆمێنتاریەكە، رۆژنامەوانی گۆڤاری رۆژنامەنووسانی سوید "هانا لوند كڤیست"، دیدارێكی رۆژنامەوانی لەگەڵ "لەنجە عەبدوڵڵا" ساز كرد و لەو دیدارەدا وێڕای باسكردن لە رەوشی ژنان لە هەرێمدا، ئاماژە بە هاوكاری و پشتیوانی حكومەت و گەلی سوید لە پشتیوانیكردنی كاری رێكخراوەیی ژنان كرا و "لەنجە عەبدوڵڵا" ئەوەی خستەڕوو، كە لە كاتێكدا حكومەتی هەرێم هەموو فشارێكی لەسەر درووستكردین بۆ ئەوەی ناچار بین دەزگاكەمان دابخەین، رێكخراوی كڤینا تێل كڤینا بە هاوكاریكردنی وەك فریشتەی رزگاركەر لێمان دەكەوت.

دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ كاتژمێر 04:00ی ئێوارە لە هۆڵی سینەمای "بیۆ ریۆ"ی شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، فیلمی دۆكیۆمێنتاری "Six days" (شەش رۆژ)، نمایشكرا.

فیلمەكە لە لایەن رێكخراوی سویدی "كڤینا تێل كڤینا" لە سێ ناوچەی جیهان بەرهەمهێنراوە و تێیدا لە هەر ناوچەیەك چالاكێكی مافەكانی ژن ئەزموونی ژیانی خۆی دەخاتەڕوو و كێشەكانی رۆژانەی ژیانی چالاكانی ژن و ئەو كێشانەی رووبەڕووی ژنانی كۆمەڵگەكەی دەبێتەوە دەخاتەڕوو.

لە هەرێمی كوردستانەوە بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن "لەنجە عەبدوڵڵا"، لە وڵاتی لایبیریاوە "نێلی كوپەر" و چالاكی سێیەمش "مایا" لە هەرێمی ئەبخازیاوە بەشداریان كردبوو.

لە فیلمەكدا، ئەو سێ چالاكەی پرسی ژن هەریەك بە گوێرەی سروشتی كارەكەی و ئەو مەترسیانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە و ئەو كێشانەی رۆژانە هەوڵی چارەسەركردنی دەدەن دەخەنەڕوو.

درووشمی هەڵبژێردراو بۆ سەر فیلمەكە "سێ ژن، سێ شەڕ، یەك خەون" بوو.

وێڕای بەشداری ژنانی سوید لە هۆڵی سینەما بۆ بینینی ئەو فیلمە بەڵگەنامەییە ژمارەیەكی بەرچاو لە چالاكانی ژنی كورد و رەوەندی كوردی لە سوید ئامادە بوون.

كۆتایهاتنی فیلمەكە، هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ چەپڵەرێزانی بێ وێنەی بینەرەكانیدا و دواتر هەریەك لە ژنە ئەستێرەكانی ئەو فیلمە دۆكیۆمێنتاریە لەسەر شانۆ وتوێژێكی پوختەیان لە بارەی ئامانج و خواستیان و خاڵی لەیەكچوویان لەگەڵ سازكرا.

لە كۆتایی پرۆگرامی ئەو چالاكیەدا، خەڵاتی رێزلێنان و چەپكە گوڵی دیاری بەسەر ستافی كاربەڕێوبەری فیلمەكە و هەرسێ ژنی ئەستێرەی دۆكیۆمێنتاریەكە دابەشكرا.

سەردانی سیدا
رۆژی چوارشەممە 23ی تشرینی يه‌كه‌م – ئۆكتۆبەری 2013 بە یاوەری بەرپرسانی كڤینا شاندی وارڤین سەردانی رێكخراوی نێودەوڵەتی سوید بۆ گەشەپێدان و هاوكاری ناسراو بە "سیدا"ی كرد.

"سیدا" وەك رێكخراوێكی حكومی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی سوید بودجەی بۆ تەرخاندەكرێت و زۆرینەی ئەو رێكخراوانەی لە سوید كاردەكەن لە ژێر چەتری "سیدا"ن.

لە میانەی سەردانەكەدا وێڕای نمایشكردنی فیلمی دۆكیۆمێنتاری "Six days" بۆ بەرپرسانی سیدا و چالاكانی سەر بەو رێكخراوە،  بەرپرسی دۆسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆسیەی عێراق و ئەردەن لە وتوێژێكدا لە بارەی زەمینەی كاركردنی ژنان لە هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی كاری حكومەت لەسەر ئەو پرسە و بەشداری سیاسییانەی ژن لە هەرێم و ئەو توندوتیژیانەی رۆژانە رووبەڕووی ژنان دەبنەوە و ئاستی وەڵامدانەوەی حكومەت بە داوای ژنان خرانە بەرباس.

بەرپرسانی رێكخراوی سیدا وڕای دەربڕینی هەماهەنگی و پشتیوانیان لە پرسی ژن لە هەرێمی كوردستان و عێراق بە گرنگییەوە لە بارەی رۆڵی دەزگای وارڤین دووان و ئاماژەیان بۆ زەروورەتی بوونی دەزگای لەو شێوەیە لە هەرێمدا كرد.

هەر لە ئۆفیسی سەرەكی رێكخراوی سیدا، رۆژنامەوانی بەناوبانگی سویدی "تۆڤی مارتێ" لە رادیۆی نیشتمانی "سڤاریا رێدیۆ" كە گەورەترین رادیۆی سویدە، وتوێژێكی رۆژنامەوانی لەگەڵ بەرپرسی دەزگای وارڤین ساز كرد و لەو وتوێژەدا لە بارەی رەوشی ناهەمواری ژنانی كورد و بەردەوامی كوشتنی ژنان و خۆسووتاندن و هەڕەشەكردن پرسیاری ئاراستە كرد و لە لایەن "لەنجە عەبدوڵڵا"ەوە وەڵام درایەوە و لە میانەی وەڵامەكانیدا بەرپرسی دەزگای وارڤین راشكاوانە رایگەیاند، ئەوەی تا ئێستا حكومەتی هەرێم بانگەشەی بۆ دەكات، نەبووەتە هۆی باشتربوونی رەوشی ژن و رۆژانە هەواڵی كوشتنی ژن و خۆسووتاندنیان بەردەوام دێتە گوێمان.

هەروەها گوتی: "شەڵتەرەكانی هەرێم نە یاسایەكیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنیان و نە كەسانی شایستە و بەتوانا و شارەزا لەو شوێنانە هەن و تەنانەت ئەمنیەتی شەڵتەرەكانیش زۆر جار بووەتەوە بە كێشە بۆ ژنان و بە جۆرێك كە زۆر جار ژنان نایانەوێت بە هیچ شێوەیەك روو بكەنە ئەو شەڵتەرانە".

دواتر شاندی وارڤین سەردانی رۆژنامە و سایتی "فێمینیست پەرشیەكتیڤ"یان كرد، كە دەزگایەكی میدیای تایبەت بە ژنانە و رۆژانە رووماڵی هەواڵ و چالاكییەكانی ژنان و ئەو پرسانە دەكات كە رووبەڕووی ژن لە سوید و وڵاتانی جیهان دەبنەوە.

لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ "یێنی رۆن گرین"ی سەرنووسەری رۆژنامەكەدا باس لە هاوكاری و هەماهەنگی نێوان دەزگای وارڤین و ئەو دەزگا میدیاییە كرا و لە بارەی شێوازی كاركردنی هەردوولا و ئەزموون گۆڕینەوە بە شێوەی بەردەوام قسە و باس كران.

سەردانی وەزارەتی دەرەوەی سوید
رۆژی پێنجشەممە 24ی تشرینی يه‌كه‌م – ئۆكتۆبەری 2013، شاندی وارڤین هەردوو رێكخراوی هاوپشتی پیاوان بۆ داكۆكی لە مافی ژنان و رێكخراوی پشتیوانی لە مافی رەگەزی و هاوكاری گەنجان كرد و وێڕای ناساندنی دەزگای وارڤین لە میانەی كۆبوونەوەكاندا تیشك خرایە سەر ئەزموونی وارڤین لە كاركردن لەسەر پرسی ژن و هەوڵدان بۆ گواستنەوەی ئەو ئەزمونە بۆ رێكخراوەكانی سوید بە تایبەتی ئەوانەی لەسەر پرسی كۆمەڵایەتییەكانی تایبەت بە پەنابەرانی كورد و عێراقی كاردەكەن.

دواتر بە یاوەری بەرپرسانی رێكخراوی كڤینا بەرپرسی دەزگای وارڤین "لەنجە عەبدوڵڵا" و چالاكی ژنی كورد "گوڵاڵە شەرەفكەندی" وەك وەرگێڕ و ژنە هاوكاری دەزگای وارڤین "كەژاڵ ئاكرەیی" و بەرپرسی بەشی میدیای ئەو دەزگایە "ئەرسەلان رەحمان" سەردانی وەزارەتی دەرەوەی سویدیان كرد و لەوێ لە لایەن بەرپرسانی دۆسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسە رێكخراوەییەكانەوە پێشوازیان لێكرا.

لە میانەی ئەو سەردانەدا، لە هۆڵێكی وەزارەتی دەرەوەی سوید، بۆ زیاتر ئاشنا بوو بە رەوشی ژنان لە هەرێمی كوردستان بەشێك لە فیلمە دۆكیۆمێنتارییەكەی كڤینا نمایشكرا و دواتر لە لایەن "لەنجە عەبدوڵڵا"ەوە چەردەیەك لە بارەی رەوشی ناهەمواری ژنان لە هەرێمی كوردستان خرایەڕوو و باس لە پرسی بوونی چەك و چەكداری نایاسایی لە هەرێمی كوردستان كرا.

دواتر شاندی وارڤین سەردانی ئۆفیسی سەرەكی رادیۆ و تەلەفزیۆنی سویدیان كرد و لەو میانەیەدا، بەشی كوردی رادیۆی سوید كە ناسراوە بە رادیۆی "زایەڵە" وتوێژێكی رۆژنامەوانی لەگەڵ "لەنجە عەبدوڵڵا" ساز كرد.

دواتریش رۆژنامەوانی كەناڵی چواری تەلەفزیۆنی سوید "لیسا گران فۆرس" لە بارەی رەوشی ژنان لە هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ بەرپرسی دەزگای وارڤین سازكرد.

بۆ بنینی وێنەی زیاتر كرتە لەسەر ئەم بەستەرە بكە:

ليست هناك تعليقات: