الخميس، 28 فبراير 2013

نێچیرڤان بارزانی: لەبارەی كەیسی سیموون داوودەوە لە ئێستادا ناتوانین هیچ بڕیارێك بدەین

نێچیرڤان بارزانی: لەبارەی كەیسی سیموون داوودەوە لە ئێستادا ناتوانین هیچ بڕیارێك بدەین
07:21:28/02/2013
كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى بۆردى چاودێرى مافه‌كانى ژن، فۆتۆ: KRG.
وارڤین – هەولێر: دوای پەنجا رۆژ لە رفاندنی سیموون داوود)ی یانزە ساڵ و بەرزبوونەوەی دەنگە ناڕەزایەتی ژنان بۆ بەتەنگەوە چوونی ئەو كەیسە، بۆ یەكەمجار سەرۆكی ئەنجومەنی و‌ەزیران (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند، "لە ئێستادا ئێمە ناتوانین هیچ بڕیارێك بدەین".

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ئەمڕۆ پێنجشەممە (27 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، لە كۆبوونەوەی بۆردی چاودێریی مافی ژن، تاوتوێی كەیسی (سیموون داوود)ی كرد و وێڕای دەربڕینی سووپاسگوزاری بۆ هەوڵی دەزگا و رێكخراوەكانی ژنان و چالاكانی ئەو بوارە، رایگەیاند، "ئەوانیش دەبێ بە بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم كەیسانە بكەن، وردبین بن و توێژینەوە و بەدواداچوون بكەن، ئینجا هەڵوێست وەربگرن و لێدوان بۆ میدیاكان بدەن".

ئەم كۆبوونەوەیەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بۆردی چاودێری مافی ژن دوای ئەوە دێت كە بە سەدان كەسایەتی و چالاكی كورد، لەبارەی كەیسی (سیموون داوود)ەوە هۆشدارییان داوەتە حكومەت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دادپەروەری و مرۆڤایەتی حكومەت مامەڵە لەگەڵ كەیسەكە بكات و رێگە بە دەستتێوەردانی هێزە ئاینی و نەریتییەكان نەدرێت.

كۆبوونەوەكە، دوای ئەوە دێت، رۆژی (21 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، هەریەك لە نوێنەری، رێكخراوی ئازدی ژنان لە عێراق، (هۆزان مەحموود) و بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، (لەنجە عەبدوڵڵا)، بە ئیمزای زیاتر لە (180) دەزگا و رێكخراوی بیانی و كەسایەتی ناوخۆیی و بیانی، نامەیەكیان، ئاراستەی سەرۆكایەتیەكانی هەرێم كرد و تێیدا، داوایی چارەسەری یاساییان بۆ ئەو كەیسە كرد.

بە گوێرەی هەواڵی كۆبوونەوەكە، كە لە ماڵپەڕی رەسمی حكومەتی هەرێم بڵاوكراوەتەوە، هاتووە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی كەیسی (سیموون داوود)ەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئەو كەیسە "كۆمەڵێك رەهەندی سیاسی و نێودەوڵەتی و یاسایی هەیە و لە رووی مرۆییشەوە ئێمە لەبەردەم بەرپرسیارییەكی گەورە داین. بۆیە زۆر بە جددی كاری لەسەر دەكەین".

وەك بۆ یەكەمجار (وارڤین) بڵاویكردەوە، كە (سیموون داوود و حەسەن نەسروڵڵا) لە ژێر چاودێری حكومەتن، ئەمڕۆ (نێچیرڤان بارزانی) دانی بەوەدا ناوەو لە كۆبوونەوەكەدا گوتویەتی:‌ "سیموون ئێستا لەژێر چاودێریی ئێمەدایە و پارێزراوە".

سەرەڕای بانگەوازی ژنان و چالاكانی مافەكانی مرۆڤ و دەزگا و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ بەتەنگەوەچوونی كەیسی سیموون داوود و رزگاركردنی لە هەر هەڕەشە و مەترسییەك كە رووبەڕووی دەبێتەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا رایگەیاندووە، "لە ئێستادا ئێمە ناتوانین هیچ بڕیارێك بدەین، بەڵام بە ناوی ئەم كۆبوونەوەوە هەڵوێستی فەرمی حكوومەت رادەگەیەنین".

لە بارەی هەڵوێستی حكومەتیشەوە، كۆبوونەوەكە، بەم شێوەیە، هەڵوێستەكەی دەربڕیوە: "حكوومەتی هەرێم بە بڕواوە رایدەگەیەنێت، كە ئێمە بە شێوەیەكی یاسایی و لەسەر بنچینەی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ ئەم كەیسە دەكەین". 

لە بارەی هەڵوێستی دەزگا و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانیشەوە، هەرەچەندە، ناوی هیچ كەس و رێكخراوێك نەهێنراوە، بەڵام، لە كۆبوونەوەكەدا، ستایشی هەوڵەكان كراوە و بەناوی كۆبوونەوەكەوە هەڵوێست لەبارەی ئەو هەوڵانەوە بەم شێوەیە خراوەتەڕوو: "هەر لێرەوە سوپاسی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەین بۆ خەمخۆری و بەدەنگەوەهاتنیان لەسەر ئەم كەیسە. ئەم خەمخۆری و دەستپێشخەرییانەی ئەوان هاوكاریمان دەكات لە پاراستنی مافی مرۆڤ و بنیاتنانی سیستەمێكی دادپەروەرانە لە كوردستان".

(سیموون داوود)ی تەمەن (11 ساڵ)، رۆژی (9 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013) لە كۆمەڵگەی (شێخكا)ی سەر بە شارەدێی (ئەلقووش)، لە لایەن كەسێكەوە بەناوی (حەسەن نەسروڵڵا) بەرەو شوێنێكی نادیار رفێندرا و ئەو كردەوەیە وێڕای مەترسییەكانی سەرهەڵدانی گرژی نێوان پێكهاتەكانی سنووری شێخان، ناڕەزایەتی دەزگا و رێكخراو و گروپ و چالاكانی ژنی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی لێكەوتەوە. 

هه‌واڵى په‌يوه‌ست: 







ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان.

ليست هناك تعليقات: