الأربعاء، 27 فبراير 2013

كەركووك: ژنانی بێهاوسەر داوای بەشی خۆیان لە پترۆدۆلار دەكەن

كەركووك: ژنانی بێهاوسەر داوای بەشی خۆیان لە پترۆدۆلار دەكەن

وارڤین – داقوق: (ئیلهام هەمزە)، (35 ساڵ) دانیشتووی شارۆچكەی داقوقە، ئەو دوو كچی هەیە، وەك خۆی باسیكرد، لەبەر دەستكورتی كچەكانی لە خوێندن دابڕاوون. هاوسەری (12 ساڵ) پێش ئێستا كۆچی دواییكردووە، ئەو دەڵێ:"دوو كچم هەیە لەكەلاوەیەكدا دەژین لەبەر نەبوونی كچەكانم لەخوێندنگا دەركردووە، كرێكاری دەكەم، بە جۆرێك باردۆخی ژیانم خراپە پارەی ئەوەم نیە وێنەی مامەڵە بگرم و بچم سۆراغی موچەی تۆڕی چاودێی خێزان بكەم".

بارودۆخی ئەو ژنانەی هاوسەریان لە دەستداوە، لە كەركووك و شارەكانی دیكەی عێراق تا دێت رووی لە خراپی كردووە و زۆرێك لەو ژنانەی هاوسەریان لەدەستداوە، رووبەڕووی گرفتی بەخێوكردن و پەروەردەكردن و دابینكردنی ژیانێكی مرۆییانە بۆ منداڵەكانیان بوونەتەوە و وێڕای ئەو توندوتیژیانەی رۆژانە رووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، زۆرێك لە ژنان سەرچاوەی ئابووری سەربەخۆیان نیه. 

(نەجیبە عەلی) (43 ساڵ) دایكی چوار كچە،  بارودۆخی ژیانی وەك خۆی گوتی "زۆر خراپە" ناچارە شەو و رۆژ ئیش بكات بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەكەی دابینبكات.

ئەو گوتی: "چوار كچم هەیە بە نانكردن، چێشت لێنان بۆ خەڵك دەتوانین خۆمان بژێنین، ئەوەی هاووڵاتیان بۆمان نەهێنن دەمرین لەبرسان، تووشی هەزار هەڵەی گەورە دەبین".

یەكێكی دیكە لەو ژنانەی هاوسەریان لەدەستداوە و تەمەنێكە بە دیار منداڵەكانییەوە دانیشتووە و لە ماڵە هەژارانەكەی خۆیدا باسی چیرۆكی نەبوونی خۆی كرد و گوتی: "دوو كچم هەیە، لەكەلاوەیەكدا دەژین، لەبەر نەبوونی كچەكانم لەخوێندنگە دەركردووە" (ئیلهام هەمزە) وای گوت.

ئەو (12ساڵ)ە، هاوسەركەی كۆچی دواییكردووە، وەك كرێكار لەگوندەكانی سنووری داقوق كاردەكات، گوتیشی: "كرێكاری دەكەم بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی كچەكەم دابینبكەم، بەجۆرێك باردۆخی ژیانم خراپە پێیان گوتووم مامەڵەكەت تەواو بكە، بیهێنە بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی لەبەر نەبوونی پارە ناتوانم بڕۆم وێنە بگرم و مامەڵەكەم تەواو بكەم".

ئەو ژنانە داواكارن لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكەوە ئاوڕ لە ژیانیان بدرێتەوە و كار بكرێت بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە حكومەتی بەغدا، بیر لە ژیان و چارەنووسیان بكاتەوە.

"دوا لە ئیدارەی پارێزگای كەركووك دەكەم لە داهاتی نەوت، ئەوەی پێی دەگوترێت پەترۆدۆلار، بودجەیەك بۆ ژنانی كەمدەرامەت دابین بكات و ئاوڕێك لە ژیانی بێوەژنانی قەزاكە بدەنەوە". 

بەرپرسانی ئیداری پارێزگای كەركووك دانبەوەدا دەنێن كە رەوشی ئەو ژنانەی هاوسەریان لە دەستداوە خراپە و زۆرێك لەوان باری گوزەرانیان لە ژێر هێڵی هەژارییەوەیە.

لەو بارەیەوە سەرۆكی لیژنەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵاتی داقوق، (محەممەد بەهائەدین) رایگەیاند، "لە سنووری شارۆچكەی داقووق بەهۆی كاریگەری رەوشی سیاسی و ئابووری عێراقەوە، خێزانێكی زۆر هەژارن و پێویستیان بەهاوكاری هەیە و باردۆخی ژیانیان زۆرخراپە".

ئەو بەرپرسە گوتیشی: "لە لیژنەكەی ئێمە ناوی (500) خێزان تۆماركراوە بۆ ئەوەی هاوكاریان بكرێت، داواكارییەكانیانمان گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار و چاوەڕێی جێبەجێكردنی داواكارییەكانین لە لایەن حكومەتی بەغداوە".

لە كۆتایی ساڵی رابردوودا، (دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن)، لە پانزە پارێزگای عێراقدا راپرسییەكی بەرفراوانی لە بارەی رەوشژ ژنان و توندوتیژییەكانی بەرامبەریان ئەنجامدا.

رۆژی دووشەممە (25 / شوبات – فێبرایەر / 2013) لە كۆنگرەەكی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامەكانی ئەو راپرسییەی بڵاو كردەوە.

بەگوێرەی ئەنجامەكانی ئەو راپرسییە، لە رووی توندوتیژی ئابوورییەوە، كە هەریەك لە (رێگری لەكاركردن لەدەرەوەی ماڵ، دەستگرتن بەسەر داهاتی مانگانەی ژنان، بێبەشكردنیان لەخەرجی رۆژانە) دەگرێتەوە، لە سنووری پارێزگای كەركووكدا، لە هەردوو جۆری شێوازی (دەستگرتن بەسەر داهاتی مانگانە ‌و رێگریكردن لەكاركردن لەدەرەوەی ماڵ)، لەپلەی چوارەمی پارێزگاكانی باشور‌ و ناوەڕاستدایە ‌و لەشێوازی (بێبەشكردنی ژنانیش لەخەرجی رۆژانە) لەپلەی پێنجەمدایە.

ئا: نێرگز قادر

ليست هناك تعليقات: