الأحد، 24 فبراير 2013

لاوژە جواد: حكومەتی هەرێم بەرپرسی یەكەمە بەرامبەر توندوتیژی و كوشتنی ژنان

لاوژە جواد: حكومەتی هەرێم بەرپرسی یەكەمە بەرامبەر توندوتیژی و كوشتنی ژنان

وارڤین – هەولێر: چالاكی پرسی مافەكانی ژن، (لاوژە جواد) داوا لە ژنان و رێكخراوەكاوەكان دەكات، ئەمساڵ لە هەشتی مارسدا بە گوڕتر حكومەت رووبەڕووی فشار و رەخنە بكەنەوە و دەڵێت: "حكومەتی هەرێم بەرپرسی یەكەمە بەرامبەر توندوتیژی و كوشتنی ژنان ".

(لاوژە جواد) لە ژێر ناونیشانی (بەرەو 8ی مارسێكی تر) كە بۆ (وارڤین)ی ناردووە، وێڕای خستنەڕووی قۆناغەكان و مێژووی بزوتنەوەی ژنان، داوای لە ژنان و چالاكانی پرسەكانی ژن و رێكخراوەكان كردووە، ئەمساڵ بە گوڕوتینێكی زیاترەوه هەوڵەكانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی یەكبخەن و لەو بارەیەوە دەڵێت: "با تەوژمی مارشی ئەمساڵمان كۆمەڵگا بهەژێنێت و دەسەڵات بلەرزێنێت".

ئەو چالاكەی مافەكانی ژن، هێزە سیاسییەكانی هەرێم و دەسەڵاتی سیاسی بە "دەسەڵاتی ئەحزابی میلیشیای كوردی" ناو دەبات و دەڵێ: "كوردستان هەر لە سەرەتای دەیەی (90)ەكانەوە پاش ئەوەی دەسەڵاتی ئەحزابی میلیشیای كوردی هاتە كایەوە یەكێك لە بەرهەمە رەسەنەكانیان دیاردەی تیرۆری ژنان و هەڵمەتی توندو تیژی دژی ژنان بوو، بزوتنەوەی یەكسانیخوازی ژنان بۆ بەربەرەكانێ  دژی ئەم دیاردەیە و پاراستن و داكۆكی كردن لە مافەكانی ژنان لەدایك بوو، ژنان خەباتیان دژی ئەم دیاریدەیە دەستپێكرد و بەرەنگاری بوونەوە چ ئەوەی كە لە دوتوێی یاسا جێماوەكانی حكومەتی بەعس پارێزراو بوون  و چ ئەوانەی، كە لە نوكی رمی دابو نەریتی كۆنە پەرەستی رۆژانە دەمەزەرد دەكران".

ئەو نووسیویەتی: "هەتا ئێستاش ژنان وەك وەرەقەی فشار لە سوڵحی عشائیری بەكاردەهێندرێن و لەبری یاسا هەوێنی چارەی كێشەن، ژنان لەبری خوێن دەدرێن و دەكرێنە قوربانی، حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان خۆیان مەكتەبی كۆمەڵایەتیان هەیە و كێشەی ژنان و قەتلی ناموسی وەك كێشەیەكی كۆمەڵایەتی سەیردەكەن و لەوێوە چارەسەری دەكەن، بەجیا لەوەی كە سەرۆكەكان نوێنەری تایبەتی خۆیان هەیە بۆ سوڵحی عشائیری. تەنانەت لە یاسای لێبوردنی گشتیش ئەوە هاتوە، كە دەكرێت كێشەی ژنان بە سوڵحی عشائیری چارەسەر بكرێت".

(لاوژە) پرسیار دەكات، بۆچی دەبێت ئەمساڵ توندتر رووبەڕووی حكومەتی هەرێم ببینەوە؟، لە وەڵامیشدا نووسیویەتی: "حكومەتی هەرێم بەرپرسی یەكەمە بەرامبەر توندوتیژی و كوشتنی ژنان. هەر تاوانێك كە لە كۆمەڵگا روودەدات حكومەت بەرپرسە لێی و دەبێت رێگا و شوێنی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ كەمكردنەوەو بنەبڕكردنی".

ئەو بەردەوام دەبێت لە رەخنەكانی و دەنووسیێت: "دەسەڵاتی میلیشیایی لە كوردستان بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی لەجیاتی ئەوەی پشت بە ئیرادەی خەڵك ببەستێت پشت بە كۆنەپەرستی و یاسای خێڵەكی و زەبری چەك  دەبەستێت، هەندێكجار دەیەوێت دین بەكاربهێنێت بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادیەكان و سەپاندنی دەسەڵاتی و دەمكوت كردن. هەروەك ئەوەی كە لە پڕۆژە یاسای پیرۆزیە ئاینیەكان بینیمان".

ليست هناك تعليقات: