الثلاثاء، 26 فبراير 2013

دوو كچە فۆتۆگرافەری هەڵەبجە بەرهەمەكانیان لە هەولێر دەخەنەڕوو

دوو كچە فۆتۆگرافەری هەڵەبجە بەرهەمەكانیان لە هەولێر دەخەنەڕوو

پۆسته‌رى پيشانگه‌كه.
وارڤین - هەولێر: لە پێشانگایەكی هاوبەشی فۆتۆگرافیدا، دوو كچە فۆتۆگرافەری شارۆچكەی هەڵەبجە، بەرهەمە فۆتۆگرافەرییەكانیان دەخەنەڕوو، تێیدا سروشت و دیاردە كۆمەڵایەتییەكان كاریان لەسەر كراوە و بە شێوەیەكی هونەریانە خراونەتەڕوو.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، بەرپرسی ماڵی (وەفایی) لە هەولێر (سۆران عەزیز) رایگەیاند، پێشانگایەكی فۆتۆگرافی بۆ پێنج فۆتۆگرافەری شارۆچكەی هەڵەبجە لە شاری هەولێر دەكەنەوە، تێیدا چەند ئەزموونێكی تایبەت بەو فۆتۆگرافانه بۆ هەوادارانی ئەو هونەرە دەخرێنەڕوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەر لەگەڵ ئەم پێشانگایەدا، پێشانگای كتێبی (مەحموود زامدار) دەكەنەوە، تێیدا چەندین ناونیشانی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، گوتیشی: "ئێمە بۆ هەر پرۆژەیەك ناوی كەسایەتییەكی رۆشنبیری دەخەینە پاڵ، پێشتر بڕیاربوو ئەم پێشانگایە بەناوی هەژاری موكریانی بێت، بەڵام لەسەر دوای هەندێ لە نووسەران بە ناوی زامدار كرا".

ئەم پێشانگایە كاتژمێر (3:30) دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە (28 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، لە ناو (ماڵی وەفایی) لە هەولێر دەكرێتەوە.

لە پێشانگاكەدا هەردوو كچە فۆتۆگرافەر (میهرەبان سەلام) و (هودا جەمال) و سێ فۆتۆگرافەری كوڕد بەناوەكانی (زەردەشت عوسمان، بەروار جەمال و مەجید جەمال) بەشدران.

لەو بارەیەوە كچە فۆتۆگرافەری هەڵەبجە (میهرەبان جەمال) بە (وارڤین)ـی رایگەیاند، ئەوان وەكو گرووپێك لەم پێشانگایەدا بەشدارن، تێیدا (20) بەرهەمی فۆتۆگرافی دەخەنەڕوو، فۆتۆكانیان بابەتی سروشت و چەند دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت، جگە لە گرنگیدان بە لایەنی هونەری و رەنگ، بەشێك لە وێنەكانیش بە رەنگی رەش و سپین.

ئەوەیشی خستەڕوو، فۆتۆكانی ئەم پێشانگایە بەرهەمی وۆركشۆپێكی فۆتۆگرافییە لە ئێران، كە لە لایەن خانەی (عەكاسی دۆستانی گولستان) سازكرابوو.

هەروەها گوتی: "هەوڵماندا لە ماوەی (10) رۆژ، كە لە ئێراندا بووین، چەند وێنەیەك لە سروشتی ئەو وڵاتە ‌بگرین، جگە لە چەند بابەتێكی كۆمەڵایەتی و هونەری دیكە، كە لەو پێشانگەیەكدا دەیخەینەڕوو.

ئەم پێنج فۆتۆگرافەرە تا ئێستا لە چەندین پێشانگەی هاوبەشەدا بەیەكەوە كاریان كردووە، بەڵام لە هەمان كاتدا هەریەكەو بەشێوەیەكی سەربەخۆ كار دەكەن، (میهرەبان) لەم بارەیەوە گوتی: "ئێمە لە چەندین پێشانگەی فۆتۆگرافیدا بەیەكەوە وەك گرووپ كارمانكردووە، بەڵام وەك گرووپ خۆمان رانەگەیاندووە و هەركەسە و بە سەربەخۆ كار دەكات".

لەبارەی بەرهەمەكانییەوە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، بە چوار تابلۆی فۆتۆگرافی بەشداربووە، بابەتەكانیشی زیاتر كاركردنە لەسەر رەنگ و لایەنی هونەری و ئەزموونێكی تایبەت دەخاتەڕوو.

(ماڵی وەفایی) ناوەندێكی رۆشنبیرییە لە شاری هەولێر، هەفتانە كۆڕ و سمینار بۆ ئەدیب و رۆشنبیران و هونەرمەندان ساز دەكات، بەشێك لەم چالاكییانەشی بۆ ژنان تەرخانكردووە.

ليست هناك تعليقات: