الخميس، 28 فبراير 2013

كچێك شه‌ڵته‌ر له‌خۆى ناگرێت و راپێچى به‌نديخانه‌ ده‌كرێت

كچێك شه‌ڵته‌ر له‌خۆى ناگرێت و راپێچى به‌نديخانه‌ ده‌كرێت

02:43:28/02/2013
له‌ شه‌ڵته‌ره‌وه‌ بۆ به‌نديخانه‌ چاره‌نووسى كچێكى بێكه‌سه.
وارڤین – گەرمیان: ژنێكی دانیشتووی خانەقین، دوای ئەوەی بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە ناچار دەكرێت رووبكاتە شەڵتەرێكی پەنادانی ژنان لە سلێمانی، پێرێ شەڵتەرەكە بەجێدەهێڵێت و دوێنێش لە لایەن پۆلیسەوە لە شارۆچكەی خانەقین دەستگیر دەكرێتەوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رووداوەكە، رایگەیاند، ئەو ژنە ناوی سیانی بە پیت (ئـ. م. ح.)ەو لەدایكبووی (1995)ی شارۆچكەی خانەقینە، بەهۆی بێكەسییەوە لە ماوەی ژیانیدا، لای پورێكی بەخێوكراوە، (2) مانگ پێش ئێستا، پورەكەی بە پەیوەندی خۆشەویستی ئەو كچە و كوڕێك دەزانێت، لەگەڵیدا دەیكاتە كێشە و لە ماڵەوە دەریدەكات.

پوورەكەی بۆ پۆلیس گوتویەتی: "من چیدیكە ئەو كچە بەخێو ناكەم، چونكە عەیب و عاری بۆ دروستكردووین و ناوبانگمانی زڕاندووە". ئەم وتانەی پوورەكەی لە كاتێكدایە، كە دەزانێت، ئەو كچە هیچ پەناگەیەكی نیە رووی تێبكات و بەهۆی بێكەسییەوە كهس لێی ناپرسێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، دوو مانگ پێش ئێستا بە هاوكاری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی گەرمیان، كچەكە رەوانەی شاری سلێمانی كراوە بۆ ئەوەی لەوێ لە سەنتەرێكی پەنادانی ژنان، كە ناوەكەی لای (وارڤین) پارێزراوە بمێنێتەوە.

رۆژی سێشەممە (26 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، بە سوود وەرگرتن لە نەبوونی پاسەوانی تایبەت و خراپی رەوشی ئەمنیەتی سەنتەرەكە، (ئـ.م.ح)، ئەو سەنتەرە بەجێدەهێڵێت و روودەكاتەوە گەرمیان.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی شارۆچكەی خانەقین، بۆ (وارڤین)، ئاشكرایكرد، ئەوان توانیویانە دوێنێ چوارشەممە (27 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، لە خانەقین، ئەو كچە دەستگیر بكەنەوە.

بە مەبەستی دووبارە ناردنەوەی بۆ سەنتەری پەنادانی ژنان لە سلێمانی، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، لە رێگەی پۆلیسەوە كچەكە رەوانەی شاری سلێمانی كرایەوە.

بەهۆی ئەوەی پێشتر رایكردووە لە سەنتەری پەنادان، لەسەر داوای بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی سلێمانی كەیسەكەی رەوانەی دادگا كراوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی دەستكەوتوو، لەبەر ئەوەی ئەو كچە، (35) رۆژی ماوە تەمەنی بگاتە (18 ساڵ)، ئەگەری ئەوە هەیە بە بڕیاری دادوەر رەوانەی گرتووخانەی چاكسازی بكرێت و تا (35) رۆژ وەك بەندكراو مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. 

هێشتا روون نیە، چارەنووسی ئەو كچە چی بەسەردێت دوای ئەوەی لە بەندیخانە ماوەی (35 رۆژ) بەسەردەبات و تەمەنی دەگاتە (18 ساڵ).

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: