الجمعة، 22 فبراير 2013

وردەكاری دووەم دانیشتنی دادگایكردنەوەی كەیسی مامۆستا ساكار

وردەكاری دووەم دانیشتنی دادگایكردنەوەی كەیسی مامۆستا ساكار
وردەكاری دووەم دانیشتنی دادگایكردنەوەی كەیسی مامۆستا ساكار
05:08:11/02/2013
مامۆستا ساكار
 دووەم دانیشتنی دادگاییكردنەوەی كەیسی مامۆستا ساكار، چالاكانی ژنی تووشی شۆك كرد، بەهۆی ئەو "خەمساردیە"ی دادوەرەكان لە بەدواداچوونی كەیسەكە پیشانیان دا.

دانیشتنەكە پێشخرابوو
هەرچەندە بڕیار بوو، دانیشتنی دووەمی دادگاییكردنەوەی كەیسەكه،‌ رۆژی (17 / شوبات – فێبرایەر / 2013) ئەنجامبدرێت، بەڵام لەسەر داوای كەسوكاری مامۆستا ساكار، دادگا دانیشتنەكەی پێشخست بۆ ئەمڕۆ.

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ دوو شەممە (11 / شوبات – فێبرایەر / 2013) بە ئامادەبوونی سێ دادوەر و داواكارێكی گشتی تایبەت بە دادگای تاوان، نزیكەی (20) چالاكی بواری مافەكانی ژن، ئەندامانی گروپی ژیان، رێوڕەسمی دانیشتەكە بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنەكەدا، هەریەك لە دایكی، خاڵی مامۆستا ساكار و ئەو كەسەی، كە شاهێدی بەرگرییە لە باوكی‌ ئامادەبوون.
لە كاتی وەرگرتنی گەواهیەكەیاندا، گەواهیدەرەكان زۆرێك لە پرسیارەكانیان بە (نازانم) وەڵام دایەوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، چالاكی بواری مافەكانی ژن، پارێزەر (میهرەبان ئەحمەد) رایگەیاند، رێوڕەسمی ئەمڕۆی دادگا بە جۆرێك بوو، كە ئاماژەی روونی تێدا بوو، بۆ خەمساردی دادگا بەرامبەر بەو كەیسە.

گوتیشی: "كاتێك گەواهیدەرەكان تەواو دەبوون و دەچوونە دەرەوە یەكدییان دەبینی، ئەمەش كارێكی نایاساییە، چونكە ئەو كەسەی گەواهیداوە و دەچێتە دەرەوە، ئەوانی دیكە دەبینێت، ئاگاداریان دەكاتەوە كە دادوەر چ پرسیارێكی كردووە، ئەو چۆن وەڵامی داوەتەوە".

بەڵگەكان
پێشتر (وارڤین) بڵاویكردبوویەوە، كە بەڵگەكانی تاوانی كوشتنی مامۆستا ساكار ون كراوون، لەوانە ئەو چەكەی لەلای باوكی مامۆستا ساكار دۆزرابوویەوە، لە بنكەی پۆلیس ونكرابوو، ئەمڕۆش وەك گوتەبێژی گروپی ژیان (بەهار مونزیر) گوتی: "دادگا باسی ئەو چەكەی هەر نەكرد و هەروەها ئەو پۆلیسانەی چووبوونە شوێنی تاوانەكە و بڕیار بوو بێن گوتەیان وەربگیرێت، نەهاتبوون".

لە میانەی هەوڵەكانی بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەكە، گروپی ژیان لە رێگەی پەیوەندی مۆبایلەوە، توانیبووی قسەی راستەقینەی دڵی دایكی مامۆستا ساكار تۆمار بكات، لە كاتێكدا ئەو لە ژێر فشاری زۆردا نەیتوانیبوو، لە پرۆسەی یەكەمی دادگاییكردنەكەدا بیاندركێنێت.

ئەو گروپە، وەك بەڵگەی سەلماندن، دەنگی دایكی مامۆستا ساكاری پێشكەش بە دادگا كرد، بەڵام دادگا "بە پاساوی ناڕوونی دەنگەكە ئامادە نەبوو، گوێ لە (CD) یەكە بگرێت و دادوەر گوتی: لایبەن ئەوە بەكەڵك نایێت"، ئەمە گوتەی (میهرەبان ئەحمەد) بوو، كە ئەمڕۆ خۆی لە دادگا ئامادەبوو.

هەر لەو بارەیەوە، (بەهار مونزیر) ئاخی بۆ ئەوە هەڵكێشا، كە یەكێك لە دادوەرەكان، سەرەڕای ئەوەی (ژن) بووە، ئەوەندە ویستوویەتی بزانێت، ئەوە دەنگی كێیە قسە لەگەڵ دایكی مامۆستا ساكار دەكات بە مۆبایل، ئەوەندە بە تەنگ ناوەڕۆكی قسەكانەوە نەبووە.

(بەهار) گوتیشی: "دادوەر لە دایكی مامۆستا ساكاری پرسی، ئەوە دەنگی تۆیە، ئەویش گوتی نیوەی هی منە‌ و نیوەی هی من نیە".

ئەو چالاكەی مافەكانی ژن، پاساویشی بۆ دایكی مامۆستا ساكار هێنایەوە و گوتی: "ئەو ژنە رەنگ و رووی نەمابوو، پشتی كردبووە، هاوسەرەكەی، ترس و لەرزی پێوە دیار بوو، پێش ئەوەی سوێند بخوات، ویستی قسە بكات، بەڵام دادوەر نەیهێشت قسە بكات و وتی دەبێت سوێند بخۆیت".

داواكاری گشتی هیچی نەگوت
(میهرەبان ئەحمەد) وەك پارێزەرێك رەخنەی لە رێوڕەسمەكانی دادگاییكردنەكە گرت و گوتی: "ئێمە ئومێدمان بە بەڕێوبەری داواكاری گشتی (فەرهاد حاتەم) هەبوو، كە لە دادگا ئامادە بێت، بەڵام ئامادەنەبوونی ئەو، زیانی بەر دۆسیەكە گەیاند، چونكە، ئەو كەسەی وەك داواكاری گشتی لە دادگا ئامادەبوو، هیچ قسەیەكی نەكرد".

گوتیشی: "جێگەی داخ و كەسەرێكی گەورەیە، كە لەم وڵاتەدا داواكاری گشتی ئەركی خۆی راناپەڕێنێت و بەو شێوەیە لە ئاستی دۆسیەیەكی وا گرنگدا، بێدەنگی هەڵدەبژێرێت".

هەر سەبارەت بە رۆڵی داواكاری گشتی (بەهار مونزیر)، گوتی: "ئەو داواكارە، بە رەچەڵەك توركمان بوو، ئەو بە عەرەبی لەگەڵ دادوەرەكان دەدوا، كوردی قسەی نەدەكرد، لەبارەی كەیسی مامۆستا ساكار و بەرگریكردن لە مافی گشتی هیچی نەگووت".

یەكێكی دیكە لەو رەخنانەی چالاكانی ژن لە دانیشتنەكەی دادگایان گرت، وەك (بەهار) باسیكرد، ئەوەیە، كەپێشتر دادگا لە بارەی كەیسێكی كوشتن و كەیسی دۆزینەوەی (100$)ی ساختەوە زۆر بە وردی و بە بایەخەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ تۆمەتبارەكان كردووە، بەڵام كاتێك دۆسیەی مامۆستا ساكار كراوەتەوە، دادوەر ئەو بایەخپێدانەی بە دۆسیەكە پیشان نەداوە.

(بەهار) ئەوەشی ئاشكرا كرد،‌ لە دانیشتی پێشووی دادگادا، دادوەر بە باوكی مامۆستا ساكاری گوتووە: "ئێمە تۆمان بە بڕیاری سەرۆكی هەرێم ئازاد كردبوو، بەڵام ناڕەزایەتی ئەم ژنانە وایكردووه تۆ وەك تۆمەتبار بێیتەوە ئێرە‌".
گوتەبێژەكەی گروپی ژیان، پرسیاری كرد و گوتی: "بۆچی دادوەر ناپرسێت، ئێوە لەو بنەماڵەیە، بۆچی كەستان سكاڵاتان لەسەر كوشتنی كچەكەتان نیە، بۆچی وەك داواكاری مافی كەسی سكاڵاتان نیە".
دانیشتنەكە دواخرا

دوای وەرگرتنی گوتەی ئەو سێ كەسە وەك گەواهیدەر، دادوەر بڕیاریدا، دانیشتنەكە كۆتایی پێبهێنێت و رۆژی (27 / شوبات – فێبرایەر / 2013)ی وەك رۆژی ئەنجامدانی دانیشتنی سێیەم دەستنیشان كرد.

لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، یەكێك لە قسەكانی باوكی مامۆستا ساكار سەرنجی چالاكانی بۆلای خۆی راكێشاوە، كاتێك پرسیاری لێكراوە، بۆچی لە پرسەی كچەكەتدا ئامادە نەبووی، بەوە وەڵامی داوەتەوە، كە ترساوە و بیستوویەتی دەگیرێت و پێی باش بووە، لەگەڵ (ئ. ئاغا)، بچێتە پرسە و چاوەڕوانی ئەو ئاغایەی كردووە.

بە گوێرەی تێگەیشتنی ئەو چالاكەی بواری مافەكانی ژن، ئەگەر دادگاییكردنەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا لە دانیشتی سێیەمدا، بۆ دووەم جار دادگا بڕیاری بێ تاوانی بۆ تۆمەتباری سەرەكی كەیسەكە دەردەكات.

دانیشتنی یەكەم
یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنەوەی دۆسیەی مامۆستا ساكار، رۆژی سێشەممە (29 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013)، كە بە ئامادەبوونی (3) دادوەر و داواكارێكی گشتی، چالاكانی ژن و نوێنەرانی گروپی ژیان، لە دادگای كەتنی دووی سلێمانی، بەڕێوەچوو.

لە دانیشتی یەكەمی دادگاییكردنەوەی كەیسەكەدا، وتەی هەریەك لە خوشكێك و برایەكی مامۆستا ساكار و ئەو كوڕەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵی هەبوو، وەرگیرا.

بە گوێرەی زانیاریەكانی (وارڤین) "لە وتەكانیاندا خوشكەكەی مامۆستا ساكار گوتبووی: دڵنیام، كە باووكم نەبووە، بەڵام هەر كەسێك بێت، من سكاڵام لەسەری دەبێت". 

لە بارەی دانیشتنەكەوە پارێزەر و ئەندامی گروپی ژیان (میهرەبان ئەحمەد) پێشتر بۆ(وارڤین) رایگەیاندبوو، "رێورەسمی دانیشتنەكەی دادگا بە دروستی بەڕێوەچوو و دادوەرەكان و داواری گشتی پرسیارگەلێكی زۆریان ئاراستەی داواكارانی مافی كەسی كرد، بەڵام وەك ئەوەی تەڵقینكرابن، زۆرینەی وەڵامەكانیان بە وشەی (نازانم) بوو، تەنانەت لە پرسیاری زۆر وەڵام روونیشدا دەیانگوت: (نازانم)".

ژنە پارێزەرە باسی لەوەشكرد، لە دانیشتنی یەكەمدا "ئەو كوڕەی چوو بووە خوازبێنی مامۆستا ساكار، لە ژێر فشارێكی زۆری دەروونیدا قسەی كرد و زۆریش گریا و بۆ ماوەیەك نەیدەتوانی قسە بكات لەبەر گریان، بەڵام ئەویش نەیتوانی زۆر شت بڵێت و بەشێكی وەڵامەكانی بە وشەی (نازانم) بوو".

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: