الأربعاء، 27 فبراير 2013

ئامادەنەبوونی دایكی مامۆستا ساكار سێیەم دانیشتنی دادگای دواخست

ئامادەنەبوونی دایكی مامۆستا ساكار سێیەم دانیشتنی دادگای دواخست

01:41:27/02/2013
وارڤین – سلێمانی: لە دانیشتنی سێیەمی دادگاییكردنەوەی تۆمەتباری سەرەكی تاوانی كوشتنی مامۆستا ساكاردا، كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، دایكی مامۆستا ساكار ئامادەی دانیشتنەكە نەبوو، بەو هۆیەوە دادوەر دانیشتنەكەی دواخست.

ئەمڕۆ چوارشەممە (27 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، لە دادگای سلێمانی بە ئامادەبوونی سێ دادوەر و داواكاری گشتی و پارێزەری بەرگری لە تۆمەتبار، كاتژمێر (11:20) خولەكی پێش نیوەڕۆ، دانیشتنی دادگا تایبەت بە كەیسی مامۆستا ساكار دەستیپێكرد.

بڕیار بوو لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، لەسەر داوای داواكاری گشتی، دایكی مامۆستا ساكار وەك گەواهیدەر ئامادە بێت، بەڵام وەك پارێزەری بەرگری لە تۆمەتبار رایگەیاند، دایكی ناتوانێت ئامادەبێت و بێزاری خۆی لە رێككارەكانی دادگا دەربڕیوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، گوتەبێژی گروپی ژیان، (بەهار مونزیر) رایگەیاند، بەهۆی ئامادەنەبوونی دایكی مامۆستا ساكارەوە دانیشتنەكە دواخرا.

گوتیشی: "پارێزەری بەرگری لە بارەی رۆڵی گروپەكە و راگەیاندنەوە هەندێك قسەی كرد، كە بوونەتە جێی نیگەرانی ئێمە".

(بەهار مونزیر)، روونیشیكردەوە، ئەوان وەك ژنانی چالاكی داكۆكیكار لە مافەكانی ژن و ئەندامانی گروپی ژیان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونی ئەو كەیسە تاوەكو دادپەروەری راستەقینە دێتەدی.

هەر لەو بارەیەوە، پارێزەر و ئەندامی گروپەكە (میهرەبان ئەحمەد) لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ (وارڤین) رایگەیاند، لە میانەی باسكردنی كەیسەكەدا، دادوەر رایگەیاند، كە كەیسی مامۆستا ساكار هەستیارە و راگەیاندن و رێكخراوەكان لە نزیكەوە چاودێری دەكەن، لە بەرامبەریشدا، پارێزەری بەرگری،  لە دادگادا  وتوویەتی: "دوای ئەوەی بڕیاری كۆتایی لە دادگا دەردەچێت، نۆرەی ئەمانیش دێت"، بەو مانایەی ئەمانیش رووبەڕووی دادگا و لێپرسینەوە دەكرێنەوە. (میهرەبان) گوتیشی: "ئێمە وەكو گروپی ژیان هەڵوێستی خۆمان دەبێت".

سەبارەت بە گرتنەبەری رێككاری یاسایی لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی دایكی مامۆستا ساكاردا، ئەو ژنە پارێزەرە گوتی: "ئەگەر دایكی مامۆستا ساكار ئامادە نەبێت، دادوەر بۆی هەیە بە بڕیار و لە رێگەی پۆلیسەوه بانگهێشتی دادگای بكات".

بە گوێرەی زانیارییەكانی (وارڤین)، گروپی ژیان تاوتوێی ئەو پرسە دەكات و ئەگەر پێویست بكات رێككاری یاسایی لە دژی ئەو پارێزەرە دەگرێتەبەر.

بە گوێرەی دوا بڕیاری ئەمڕۆی دادگا، دانیشتنی داهاتوو دواخرا بۆ رۆژی یەكشەممەی داهاتوو (3 / ئازار – مارس / 2013).

جێی ئاماژەیە، لە دانیشتنی دووەمی دادگادا، كە رۆژی دوو شەممە (11 / شوبات – فێبرایەر / 2013) كە بە ئامادەبوونی سێ دادوەر و داواكارێكی گشتی تایبەت بە دادگای تاوان و نزیكەی (20) چالاكی بواری مافەكانی ژن، ئەندامانی گروپی ژیان، دانیشتنەكە بەڕێوەچوو، دادوەر رۆژی چوارشەممە (27 / شوبات – فێبرایەر / 2013)ی وەك رۆژی دانیشتنی سێیەم دەستنیشانكرد.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: