الخميس، 28 فبراير 2013

ئەمڕۆ دانیشتنی دووەمی دادگاییكردنەوەی كەیسی مامۆستا ساكار سازدەكرێـت

ئەمڕۆ دانیشتنی دووەمی دادگاییكردنەوەی كەیسی مامۆستا ساكار سازدەكرێـت

وارڤین – سلێمانی: لەسەر داوای كەسوكاری مامۆستا ساكار، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی دووەم دانیشتنی دووبارە دادگاییكردنەوەی دۆسیەی مامۆستا ساكار بە وەرگرتنی وتەی داواكارانی مافی كەسی ئەنجامدەدرێت، ئەمە لە كاتێكدا پێشتر دادگا بڕیاریدابوو، دانیشتنەكە رۆژی حەڤدەی شوبات ئەنجام بدات.

یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنەوەی دۆسیەی مامۆستا ساكار، رۆژی سێشەممە (29 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013)، كە بە ئامادەبوونی (3) دادوەر و داواكارێكی گشتی، چالاكانی ژن و نوێنەرانی گروپی ژیان، لە دادگای كەتنی دووی سلێمانی، بەڕێوەچوو،  بڕیار درابوو، دانیشتنی دووەم رۆژی (17 / شوبات – فێبرایەر / 2013) ئەنجامبدرێـت، بەڵام لەسەر داوای كەسوكاری مامۆتا ساكار، دادگا وادەی دانیشتنەكەی پێشخستووە بۆ ئەمڕۆ.

بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا، چالاكانی ژن، ئامادە بن و دادگا گوێ لە گوتەی داواكارانی مافی كەسی و ئەو گەواهیدەرانە بگرێت، كە پەیوەندیدارن، بە دۆسیەكەوە.

لە دانیشتی یەكەمی دادگاییكردنەوەی كەیسەكەدا، وتەی هەریەك لە خوشكێك و برایەكی مامۆستا ساكار و ئەو كوڕەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵی هەبوو، وەرگیرا.

بە گوێرەی زانیاریەكانی (وارڤین) "لە وتەكانیاندا خوشكەكەی مامۆستا ساكار گوتبووی: دڵنیام، كە باووكم نەبووە، بەڵام هەر كەسێك بێت، من سكاڵام لەسەری دەبێت". 

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، پارێزەر و ئەندامی گروپی ژیان (میهرەبان ئەحمەد) پێشتر لە بارەی دانیشتنی یەكەمەوە رایگەیاندبوو، "رێورەسمی دانیشتنەكەی دادگا بە دروستی بەڕێوەچوو و دادوەرەكان و داواری گشتی پرسیارگەلێكی زۆریان ئاراستەی داواكارانی مافی كەسی كرد، بەڵام وەك ئەوەی تەڵقینكرابن، زۆرینەی وەڵامەكانیان بە وشەی (نازانم) بوو، تەنانەت لە پرسیاری زۆر وەڵام روونیشدا دەیانگوت: (نازانم)".

دانیشتی یەكەمی دادگا بە بێ ئامادەبوونی دایكی مامۆستا ساكار بەڕێوەچوو، چاوەڕواندەكرێت بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ، ئەویش بانگبكرێت و دادوەر گوێ لە وتەكانی بگرێت.

ئەو ژنە پارێزەرە باسی لەوەشكرد، لە دانیشتنی یەكەمدا "ئەو كوڕەی چوو بووە خوازبێنی مامۆستا ساكار، لە ژێر فشارێكی زۆری دەروونیدا قسەی كرد و زۆریش گریا و بۆ ماوەیەك نەیدەتوانی قسە بكات لەبەر گریان، بەڵام ئەویش نەیتوانی زۆر شت بڵێت و بەشێكی وەڵامەكانی بە وشەی (نازانم) بوو".

بڕیارە، بە گوێرەی رێسای باو، دوای وەرگرتنی وتەی داواكارانی مافی كەسی، دادوەر داوای گەواهیدەرەكان بكات، كە ئەو پۆلیسانەی چوونەتە شوێنی نیشتەجێبوونی باوكی و دەستگیریان كردووە و كەسێكیش، كە دەگوترێت شەوی رووداوەكە لەگەڵ باوكی بووە، بانگدەكرێن بۆ گەواهیدان و دواتر دادوەر داوای بەڵگەكانی سەلماندن دەكات.

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: