الاثنين، 25 فبراير 2013

دەزگای وارڤین ئەنجامی یەكەم راپرسی لەبارەی رەوشی ژنانی عێراق بۆ رایگشتی خستەڕوو

دەزگای وارڤین ئەنجامی یەكەم راپرسی لەبارەی رەوشی ژنانی عێراق بۆ رایگشتی خستەڕوو

به‌يان عه‌زيزى، له‌نجه‌ عه‌بدوڵڵا، شكۆ
وارڤین – هەولێر: دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژنان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی راپرسییەكی بەرفراوانی بۆ رایگشی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بارەی رەوشی ژنانی 15 پارێزگای عێراق بڵاو كردەوە.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، كە ئەمڕۆ دوو شەممە (25 / شوبات – فێبرایەر / 2013) لە هۆڵی (گۆران)ی میوانخانەی چوارچرای شاری هەولێر بە ئامادەبوونی چالاكانی ژن و نوێنەری دەزگا و رێكخراو و دامەزراوەكانی ژنان لە هەرێمی كوردستان و كەركووك و عێراق بە گشتی سازكرا، بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ  پرسەكانی ژن (لەنجە عەبدوڵڵا) پوختەیەكی لە بارەی هۆكاری ئەنجامدانی ئەو راپرسییە خستەڕوو.

لە وتەكانیدا، (لەنجە عەبدوڵڵا) گوتی: "تا ئێستا لە ناوچەكانی خوار و ناوەڕاستی عێراق بە شێوەیەكی جدی كار لەسەر كۆكردنەوەی ئامار و داتای تایبەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان نەكراوە و راپرسییەكەی وارڤین بۆ دەرخستنی واقیعی حاڵی ژنان لە پانزە پارێزگای عێراق یەكەم هەوڵی سەراپاگیری لەو جۆرەیە كە دەزگایەكی تایبەت بە پرسی ژن ئەنجامی بدات".

ئەو گوتیشی: "توندوتیژی دژ بە ژنان واقیعێكی تاڵە لە عێراقدا و ناكرێـت سەرزارەكی و بە بێ بوونی بەڵگە و ئامار و داتای ورد قسەی لەسەر بكرێت، چونكە تەنیا باسكردنی ئەوەی توندتیژی هەیە، ژنان ناگەیەنێتە رەوشێكی باشتر، بەڵكو پێویستە هەموو لایەك بە تەنگ پرسەكەوە بچین و هەر كەس لە راستی خۆیدا كار بكات بۆ ئەوەی هەرچی زیاترە ئامار و زانیاری لە بارەی ئەو واقیعە كۆبكرێتەوە و زانیارییەكان بخرێتە بەر دەست حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و رێكخراوە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەوەی هەرچی زیاترە كار بكرێت لە پێناو بنەبڕكردنی توندوتیژی".

دواتر، ژنە چالاكی بواری مافەكانی ژن (بەیان عەزیزی)، ئەنجامی راپرسییەكەی لە رێگەی داتاشۆوە بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، لەو میانەیەدا شیكاری داتا و خشتەكانی تایبەت بە ئامارەكەی كرد.

وێڕای خستنەڕووی ئەنجامەكانی راپرسییەكە، بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن (لەنجە عەبدوڵڵا) وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی كەناڵە كوردی و  عێراقییەكانی دایەوە.

راپرسییەكەی دەزگای وارڤین لە كۆتایی ساڵی (2012) لە پانزە پارێزگای عێراق ئەنجامدراوە و لە (52) لاپەڕە پێكهاتووە و دەزگای وارڤین بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی (USAID)ی ئەمریكایی ئەنجامیداوە.

جگە لە پێشەكی و میتۆدەكانی كۆكردنەوەی زانیاری و شرۆڤەی ئەنجامی راپرسیەكە، پێناسەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان و توندوتیژی خێزانی باسكراوون.

هەروەها لە راپرسییەكەدا، هەریەك لە توندوتیژی دەروونی، جەستەیی، كۆمەڵایەتی، ئابووری بەرامبەر بە ژنان خراونەتەڕوو.

لە كۆتایشدا، ئەنجامەكانی ئەو راپرسیە و پێشنیاز و راسپاردە بۆ بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەكان پێشكەشكراوون.

ئەمەی خوارەوە دەقی راپرسیەكەیه:


ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: