السبت، 23 فبراير 2013

ژنێك پێش ئەوەی لە هاوسەرەكەی جیابێتەوە تەرمەكەی دۆزرایەوە

ژنێك پێش ئەوەی لە هاوسەرەكەی جیابێتەوە تەرمەكەی دۆزرایەوە
ژنێك پێش ئەوەی لە هاوسەرەكەی جیابێتەوە تەرمەكەی دۆزرایەوە
11:44:23/02/2013
وارڤین – دهۆك: لە چەند رۆژی رابردوودا، تەرمی ژنێك لە نزیك مزگەوتی قازی محەممەد لە شاری دهۆك دۆزرایەوە، بانگەشەی ئەوە كرا، خۆی كوشتووە، ئەمە لە كاتێكدایە، ئەو ژنە كێشەی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا، لە دادگا یەكلا نەكراوەتەوە و بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دهۆكیش ئاگاداری رووداوەكە نین.


رۆژی یەكشەممەی رابردوو (17 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، پۆلیس، تەرمی ژنێكی لە نزیك مزگەوتی قازی محەممەد لە ناو شاری دهۆك دۆزییەوە.

لە لێدوانێ تایبەت بۆ (وارڤین)، بەڕێوبەری  راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دهۆك ملازم (بریندار حەمید شەرف) رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی كەس سكاڵای نەبووە لەسەر كوژرانی ئەو ژنە و رووداوەكە بە خۆكوژی دراوەتە قەڵەم كەس دەستگیر نەكراوە.

ئەو گوتیشی: "ئەگەر بەڵگە نەبێت و كەس سكاڵای نەبێت، دادوەر بڕیاری بۆ دەرنەكات، پۆلیس ناتوانێت كەس دەستگیر بكات".

سەبارەت بە كێشەی ئەو ژنە تەمەن (40 ساڵ)یەی بانگەشەكرا، كە گوایە بە (4) فیشەك خۆی كوشتووە، ملازم (بریندار) گوتی: "لە نێوان ژنەكە و هاوسەرەكەیدا، كێشەی كۆمەڵایەتی هەبووە و كێشەكەیان لە دادگا بووە و دوو دانیشتنی دادگاش سەبارەت بە بڕیاری جیابوونەوەیان لە یەكدی بەڕێوەچوو بوو، بەڵام دانیشتنی دادگا دواخرابوو، هێشتا بڕیاری كۆتایی دەرنەچوو بوو، تەرمەكەی دۆزرایەوە".

بۆ وەرگرتنی زانیاری لە چەند كاتی جیاواز، (وارڤین) پەیوەندیكرد، بە ژمارەكانی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە دهۆك، بەڵام ئەوان رەتیانكردەوە هیچ زانیارییەكیان لەو بارەیەوە هەبێت و رایانگەیاند، كوشتنی ژن یان خۆ كوشتن "عائیدی ئێمە نیە، ئەوە ئیشی مەكتەب قتوولە". ئەمە لە كاتێكدایە پێویست بوو ئەو بەڕێوبەرایەتییە بە گوێرەی یاسا ئەركی خۆی راپەڕێنێت و سەرەڕای چاودێریكردنی كەیسەكانی توندوتیژی، لێكۆڵینەوەشی ئەنجام بدابایە.

لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەك لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك، بۆ(وارڤین) ئاشكرایكرد، بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، لە دهۆك، تەنیا لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە زانیارییەكان لە (مەكتەب قتوول) وەردەگرن و ئامار كۆدەكەنەوە، بە شێوەی راستەوخۆ هیچ زانیارییەكیان لە بارەی كەیسەكانەوە نیە.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: