الجمعة، 22 مارس 2013

كەركووك: لە دوو رۆژدا 11 ژن گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون

كەركووك: لە دوو رۆژدا 11 ژن گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون
كەركووك: لە دوو رۆژدا 11 ژن گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون
04:05:22/03/2013
كه‌ركووك، فۆتۆ: نێرگز قادر.
وارڤین – كەركووك: لە ئەنجامی رووداوی جۆراو جۆر، لە دوو رۆژی رابردوودا، لە شاری كەركووك و دەوروبەری (11) ژن ژیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، سەرچاوەیەك لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی كەركووك، وێڕای ئەوەی نەیویست ناوی بهێنرێت، رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە (21 / ئازار – مارس / 2013)، لەنزیك یەكێك لەگوندەكانی ناحیەی رەشاد، پۆلیس تەرمی ژنێكیان دۆزیوەتەوە كە شوێنەواری ئەشكەنجەی پێوە دیارە و پێش كوژرانی بە فیشەك هەردوو دەستی بەستراوەتەوە.

گوتیشی: " تائێستا نەزانراوە، كەسوكاری كێن و لەبەر ئەوەی ناسنامە و پێناسی پێ نەبووە، نازانرێت ناوی چیە و خەڵكی كوێیە، لێكۆڵینەوە دەستی پێكردووە  تەرمەكەش رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە".

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "شەوی (19 – 20 / ئازار – مارس / 2013) بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێك و ئۆتۆمبیڵكی بۆمبڕێژكراو، لەگەڕەكی  یەكی ئازار لەشاری كەركووك، ژنێك ژیانی لەدەستدا و (4) ژنی دیكە برینداربوون".

لە بارەی رووداوەكانی هاتوچۆشەوە، ئەو سەرچاوەیە، گوتی: "دوێنێ پێنجشەممە (21 / ئازار – مارس / 2013)، هاوكات لەگەڵ یەكەم رۆژی نەورۆزدا، بەهۆی دوو رووداوی هاتوچۆ، (2) ژن ژیانیان لەدەستدا و (3) ژنی دیكە بریندار بوون".

ئا: نێرگز قادر.

ليست هناك تعليقات: