الاثنين، 25 مارس 2013

ماریا هەورامی: بیرم لە ستایلی نوێ نەكردووەتەوە و هونەری رەسەنی هەورامیم هەڵبژاردووە

ماریا هەورامی: بیرم لە ستایلی نوێ نەكردووەتەوە و هونەری رەسەنی هەورامیم هەڵبژاردووە

05:34:25/03/2013
ماريا هه‌ورامى
وارڤین – سلێمانی: ماریا هەورامی، وەك ئەستێرەیەكی پرشنگداری ئاسمانی هونەری رەسەنی هەورامی لە ماوەیەكی كەمدا دروەشاوەتەوە و لە سەرەتای كارەكانییەوە توانیویەتی ژمارەیەكی بەرچاو لە هەوادارانی گۆرانی رەسەنی كوردی لە دەور خۆی كۆبكاتەوە، ئەو لە گفتوگۆیەكی تایبەت بۆ (وارڤین)، باس لە بەهرە و كارەكانی دەكات و رایدەگەیەنێت لە داهاتوویەكی نزیكدا، بەرهەمێكی تایبەتی خۆی بڵاو دەكاتەوە.

وارڤین: زەمەنێكە ژنانی هەورامان سەرەڕای بوونی بەهرەی دەنگخۆشی بەو شێوەیەی ئێوە دەرنەكەوتوون، چۆن بوو خۆت لە دنیای هونەر و گۆرانی هەورامیدا دۆزییەوە؟

ماریا هەورامی: راستییەكەی ژنی هونەرمەندمان هەیە و من وەكو كچێكی كوردی هەورامی ماوەیەكی زۆرە و دەتوانم بڵێم هەر لە تەمەنێكی زوەوە ئارەزووی كاری هونەری دەكەم، بە تایبەتی لە بواری گۆران وتندا حەزێكی زۆرترم هەبووە، ئەمە وایكرد، خۆم لە بواری هونەری گۆرانی هەورامیدا ببینمەوە. رەنگە زۆر كچ ئارەزووی ئەوەیان هەبێت، بەڵام رەنگە بەهۆی رێگرییە كۆمەڵایەتییەكانەوە نەتوانن دەربكەون.

وارڤین: دەگوترێت لە رابردوودا، ژمارەیە‌ك ژنی دەنگخۆش هەبوون، بۆنموونە ناوی مەریم خانی دایكی عوسمان هەورامی دەهێندرێت و باس لەوە دەكەن، كە خودان بەهرەیەكی بێ وێنەی دەنگخۆشی بووە، ئایا هیچ ژنێكتان بینیوە ئەو بەهرەیەی هەبووبێت و لێیەوە خولیای گۆرانی هەورامی لەلاتان گەڵاڵە بووبێت؟

ماریا هەورامی: بەڵێ بێگومان ئەدەبیاتی هەورامان دەوڵەمەندە و ژنانیش رۆڵیان لە دەوڵەمەندكردنیدا بینیوە و بێگومان وەك خۆم گوێم لە زۆر خانمی هونەرمەند گرتووە، كە پێیان سەرسام بوومە، یەكێك لەو خانمە هونەرمەندانە، هانی خانە. جگە لەوانیش وەك هونەرمەندی ژن سەرسامم بە گۆرانیبیژی فارس شەكیلا، كە كاریگەری زۆری لەسەر بەجێهێشتووم. هەروەها گوێ لە كارەكانی ناهیدەخانیش دەگرم.

وارڤین: وەك ژنێك سەرەتای دەركەوتنی ئەو بەهرەیەت، تا چەند رووبەڕووی كێشە بوویتەوە بەتایبەتی لە لایەن بنەماڵە و كەسوكار و خزمانەوە، یان بە بارێكی دیكەدا بپرسین ئایا كاردانەوەی دەوروبەرت چۆن بوو؟

ماریا هەورامی: بێگومان هەموو كەسێك لە سەرەتای دەركەوتنی تووشی كۆمەڵێك شتی خۆش و ناخۆش دەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە چۆن بتوانێت بەسەر ئەو گرفتانەدا زاڵ بێت. وەك خۆم جێی شانازییە كە بنەماڵەكەمان و كەسوكارم هەمیشە دەستخۆشیان لێكردووم و هانیان داووم بۆ ئەوەی زیاتر لە هونەردا پێشبكەووم، تەنانەت خاڵم لەو میانەیەدا زۆر هاوكاریكردووم. دەوروبەریشم پشتیوانمن و هاوكاریم دەكەن. ئەوەش جێگەی خۆشحاڵی و شانازییە بۆ من كە بنەماڵەیەكی لەو شێوەیەم هەیە.

وارڤین: تۆ وەك ژنێكی هەڵكەوتووی هەورامانات، هەر لەسەرەتای دەركەوتنتەوە، خەڵكانێكی زۆری هەواداری دەنگی رەسەن و ئەدەبیاتی هەورامی هۆگری دەنگت بوون، سیحری ئەو سەركەوتنەت چی بوو؟

ماریا هەورامی: راستی هێشتا لە سەرەتای رێگەدام و ناتوانم بە خۆم بڵێم سەركەوتووم، بەڵام ئەوەی من جیادەكاتەوە لە خەڵكی دیكە ئەوەیە من لە هونەرەكەمدا رێگەی فۆلكلۆر و هونەری رەسەنی هەورامیم هەڵبژاردووە. دیارە ئەو كەسانەش كە گوێگری منن، خولیا و ئاشقی هونەری رەسەنی كوردین.

وارڤین:كەواتە ناتەوێت بە ستایلی نوێ گۆرانی بڵێیت؟

ماریا هەورامی: جارێ بیرم لەوە نەكردووەتەوە، كە بە ستایلی نوێ گۆرانی بڵێم، هەست دەكەم لە رووی زیندوكردنەوەی هونەری رەسەن زیاتر سەركەوتووم و خۆیشم زیاتر حەزم لەو بوارەیە.

وارڤین: گۆرانی هەورامی وەك بەشێك لە ئەدەبیاتی كوردی لەبەر ئەوەی زەمەنێكە پیاوان ئەسپی خۆیان تێدا تاوداوە، رەنگێكی پیاوانەی گرتووە، تۆ لە رووی تێكست و شیعرەوە ئایا بیرت لەوە نەكردووەتەوە وەك ژن گۆرانی بڵێیت و تێكستێك بەكاربهێنیت، كە دەربڕی خواست و خولیای ژنان بێت...؟

ماریا هەورامی: بەڵێ بێگومان ئەوە یەكێكە لە كێشەكانی هونەرمەندانی ژن، بیرم لەوە كردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا كە ئەو گۆرانیانەی هەڵمبژاردوون، هەمووی گۆرانی هونەرمەندانی پیاو بووە، بەڵام تا رادەیەك توانیومە شیعرەكە بگۆڕم، بۆ ئەوەی بتوانم وەكو ئافرەت گۆرانییەكە بڵێم، نەك هەمان شتی پیاوان بڵێمەوە.

وارڤین: ژنانی هەورامان وەك هەر لە دێر زەمانەوە بە سەربەستی شانبەشانی پیاوان تێكۆشاوون و بەشێكی زۆری كاری باخ و ئاژەڵداریان لەگەڵ پیاواندا ئەنجامداوە، ئەوان خاوەنی دەیان و سەدان تابڵۆی جوانی ژیان دۆستی و سروشتپارێزیین، لەو لایەنەوه بەرنامەت نییه؛ ئەو تابلۆ جوانانە بگوازیتەوە ناو ئەدەبیات و لە گۆرانیەكانتدا رەنگ بداتەوە؟

ماریا هەورامی: پرسیارێكی زۆر جوانە و دەستخۆشیت لێ دەكەم، بەڵام راستی بڵێم بەو جۆرەیە بیرم لێ نەكردووەتەوە و بێگومان ئەوەش كاری دەوێت و كارێكی ئاسان نیە. هیوادارم بتوانم كاری لەسەر بكەم.

وارڤین: گۆرانی هەورامی و سیاچەمانە بە گشتی چەندین جۆری جیاجیای هەیە، كامە جۆری سیاچەمانەیە كە تۆ وەك ژنێك خۆتی تێدا دەدۆزیتەوە و ئارەزوو دەكەیت كاری زیاتری لەسەر بكەیت؟

ماریا هەورامی: ئەدەبیاتی هەورامی بەتایبەتی گۆرانی و سیاچەمانە زۆر دەوڵەمەندە و كەلەپوورێكی فراوان و خاوەن رەگوریشەیەكی قووڵە، بەڵام بە گشتی وەك خۆم زیاتر ئەتوانم بڵێم خۆم لە گۆرانی خاو، دۆزیوەتەوە و لەو رووەوە هەست ئەكەم سەركەوتووترم. بێگومان گۆرانی خاویش یەكێكە لە شێوەكانی گۆرانی گوتن و لە ئەدەبیاتی گۆرانی هەورامیدا پێگەی خۆی هەیە.

وارڤین: بەكارهێنانی مۆزیك لە گۆرانی هەورامیدا، لە سەرەتادا رووبەڕووی رەخنە بوویەوە و هەندێك كەس بە داهێنانێكی ناتەندروستیان دەزانی، بەڵام كەسانێكیش هەن، لەو بڕوایەدان، گۆرانی هەورامی بە موزیك گیانی وەبەردا هاتەوە، تۆ لەگەڵ كامە بۆچووندایت؟

ماریا هەورامی: تازەگەری لە رووی بنەماوە شتێكی درووستە، نەوەی نوێ دەخوازن لەگەڵ موزیكدا گوێ بۆ گرانی هەڵخەن، گۆرانی لەگەڵ موزیكدا خۆشترە، بەڵام سەبارەت بە گۆرانی هەورامی بەتایبەتی سیاچەمانە، جیایە، چونكە سیاچەمانە هەلقوڵاوی سروشتی هەورامانە، كاری موزیك بۆی زەحمەتە و بە رای خۆیشم بێ موزیك خۆشترە.

وارڤین: زۆرێك لە گۆرانیبێژان لە گەنجینەی كلتووری هەورامان و ئەدەبیاتی دەوڵەمەندی سودیان وەرگرتووە و گۆرانییە هەورامییەكانیان وتووەتەوە، بەڵام دەوترێت، ئەو كەسانەی شارەزای هەورامی نەبن، هێندەی گۆرانی و ئاوازەكانیان شێواندووە هێندە خزمەتیان بە رەوتی گۆرانی هەورامی نەكردووە، رای ئێوە چییە لەو بارەیەوە؟

ماریا هەورامی: بەڵێ بێگومان ئەو دیاردەیە بوونی هەیە و نەك تەنیا گۆرانی هەورامی، بەڵكو گۆرانی كوردی بە گشتی گرتووەتەوە، بەڵام زیاتر لەگەڵ ئەوەدام كە گۆرانی هەورامی بەو شێوە رەسەنەی خۆی بمێنێتەوە جوانترە، رێزم هەیە بۆ ئەو هونەرمەندانەش كە دەستكاری گۆرانی هەورامییان كردووە، بەڵام هەر شێوازێك لە گۆرانی وتن، تایبەتمەندی چێژی خۆی هەیە، مۆرك و تایبەتمەندێتی خۆی هەیە و حەقە پارێزگاری لەو مۆرك و تایبەتمەندییە بكرێت.

وارڤین: كێ بە پلەی یەكەم پشتیوانتە و هاوكاریت دەكات؟ تا چەند گۆرانیبێژانی هەورامان هاوكارییان كردوویت؟

ماریا هەورامی: بە پلەی یەكەم لەناو بنەماڵەكەماندا، براكانم هاوكار و پشتیوانمن، هەروەها هونەرمەندانی هەورامانیش هاوكاریان كردووم، بەتایبەتی بەڕێز كاك عادل هەورامی، كە پورزای خۆشمە، لەگەڵ برای بەرێزم كاك قاسم هەورامی، لێرەوە زۆر سووپاسیان دەكەم، كە بەردەوام هاوكارییان كردووم.

وارڤین: بەرهەمی نوێت چیە و چ پرۆژەیەكت لەبەر دەستە؟

ماریا هەورامی: بەرهەمی نوێم لەبەر دەستە و لە ئێستادا خەریكی كارێكی نوێم، هێشتا كارەكانی ماوون و لە قۆناغی كاركردنداین، لەگەڵ بەرێز كاك بورهان سەرقاڵین و ئومێدەوارم لە داهاتوویەكی نزیكدا كارەكان تەواو بن.

وارڤین: ماریا حەزی لە چ خواردن و چ رەنگێكە؟

ماریا هەورامی: وەك رەنگ حەزی زۆرم لە رەنگی رەشە، وەك خواردنیش ئارەزووی خواردنی پەنیر دەكەم و چێژی زۆری لێ دەبینم.

وارڤین: بە دەنگی كێ سەرسامیت و حەزت لەدەنگی كێیە؟

ماریا هەورامی: بە دەنگی ژنە هونەرمەندی هەورامان هانی خان سەرسامم، هەروەها گوێش لە هونەرمەند پەیوەند جاف دەگرم.

وارڤین: لە هەڵبژاردنی تێكست و شیعردا رەچاوی چی دەكەیت؟

ماریا هەورامی: لەبەر ئەوەی لەسەر رێچكەی رەسەن گۆرانی خاو دەڵێم هەمیشە بیر لەوە دەكەمەوە كە شیعرێك هەڵبژێرم لەگەڵ ئەو ستایلەی گۆرانی هەورامیدا بگونجێت، هەروەها نامەوێت شیعرەكە دنیا بینی پیاوانە بێت، دەمەوێت تێكستێك هەڵبژێرم كە وەك كچێك دەربڕی خولیا و ناخی مرۆڤ بێت بە گشتی و ژنانیش بگرێتەوە.

وارڤین: لە بارەی هاوسەرگیرییەوە؟

ماریا هەورامی: جارێ بیرم لێ نەكردووەتەوە. ئەوەی گرنگە لە هاوسەرگیریدا جوانی ناخە، جوانی رووخسار و سامان گرنگ نیە، چونكە ئەوانە تا سەر نامێننەوە، بەڵام جوانی رووح و ناخ هەمیشەییە.

پرۆفایل:
ناوی سیانی: ماریا كەمال مستەفا.
لەدایكبووی ساڵی: 1990 – سلێمانی.
دوا پلەی خوێندن: قۆناغی چوارەم لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی – بەشی موزیك.
بەشداری لە چالاكییەكان: لە چەندین چالاكی بەشداریم كردووە لەوانە فیستیڤاڵی هەورامان، فیستیڤاڵی قەدەم خێر،  چالاكییەكانی گروپی كیژانی سلێمانی، هەروەها لە دوو كۆنسێرتی گروپی شنروێ و فیستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بەشداریم كردووە. بڕیاریشە لە فیستیڤاڵی ئەمجارەی هەورامان بەشداری بكەم.

ئا: ئەرسەلان رەحمان.

ليست هناك تعليقات: