ژنێكى شێوهكار لە پێشانگایەكدا توندوتیژی بەرامبەر بە ژن دەخاتەڕوو
03:01:11/03/2013 |
![]() وارڤین - سلێمانی: ژنە شێوەكار (بوشرا بانەیی) بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژنانەوە، (13)ـەمین پێشانگای شێوەكاری خۆی دەكاتەوە، تێیدا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنی كورد دەخاتەڕوو. لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، ژنە شێوەكاری كورد، (بوشرا بانەیی) رایگەیاند، بەبۆنەی رۆژی جیهانی ژنانەوە سەنتەری رۆشنبیری (هەناسه) لە شاری سلێمانی، (13)ـەمین پێشانگای شێوەكاری بۆ دەكاتەوە و ماوەی یەك رۆژ بەردەوام دەبێت. (بانەیی) خۆشحاڵی خۆی بۆ كردنەوەی ئەو پێشانگایە لەو یادەدا دەربڕی و گوتی: "بە مافی خۆمی دەزانم بەبۆنەی هەشتی مارسەوە لە پێشانگایەكدا وەك ژنێكی كورد باس لە توندوتیژی بەرامبەر ژن بكەم". بە تێڕوانینی ئەو ژنە شێوەكارە، لە لایەن چەندین لایەنەوە توندوتیژی بەرامبەر بە ژن دەكرێت، ئەوانیش پیاو، حزب، كۆمەڵگە و هەندێكجار خودی ژنان خۆیانەوە. روونیشیكردەوە، ئەو لە كارە هونەرییەكانیدا خاوەن قوتابخانەیەكی تایبەت بەخۆیەتی و تەنها كار لەسەر رەنگ دەكات، لە پێشانگاكەدا (21) تابلۆ بە قەبارەی (70×50)سم و بە رەنگ و كەرستەی جیاواز دەخاتەڕوو. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەم نزیكانە پێشانگایەكی دیكەی شێوەكاری لە شوێنی گەشتوگوزاری (شنگلبانە) لە رواندوز دەكاتەوە، تێیدا چەند بەرهەمێكی نمایشنـەكراوی خۆی دەخاتەڕوو. پێشانگاكە كاتژمێر (2:30)ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە (11 / ئازار – مارس / 2013)، لە قاوەخانەی كلتووری لە شاری سلێمانی كرایەوە و ماوەی یەك رۆژ بەردەوام دەبێت. (بوشرا بانەیی) لە دایك بووی شاری سلێمانییە، دەرچووی ئەكادیمیای هونەرییە لە شاری بەغدا، تا ئێستا (12) پێشانگای شێوەكاری لە هەرێمی كوردستان و دەرەوە كردووەتەوە، جگە لە چەندین پێشانگای هاوبەش، ئێستا مامۆستای وانەی هونەرە لە یەكێك لە قوتابخانەكانی سێلمانی. ئا: ژەنیار. |
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق