السبت، 2 مارس 2013

گەرمیان: منداڵێك لەلایەن كەسوكاریەوە دەست‌ و ملی داخ دەكرێت

گەرمیان: منداڵێك لەلایەن كەسوكاریەوە دەست‌ و ملی داخ دەكرێت

08:18:02/03/2013
وارڤین – كەلار: قوتابیەكی‌ قوتابخانەی شەهیدانی كوڵەجۆی بنەڕەتی لە كەلار، له ‌ماڵەوە دەست‌ و ملی داخ دەكرێت ‌و تا ئێستاش هیچ هەنگاوێك بۆ پاراستنی‌ منداڵەكه،‌ لە دووبارەبوونەوەی‌ رووداوەكە نەگیراوەتەبەر.

 توێژەرێكی كۆمەڵایەتی، كە لەبەر هەستیاری‌ بابەتەكه ‌‌و ترسی‌ لەهەر كاردانەوەیەك نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ئەمڕۆ، شەممه (2 / ئازار – مارس / 2013)‌، رایگەیاند، منداڵێكی تەمەن هەشت ساڵ، قوتابی پۆلی دووەمی بنەڕەتییه،‌ لە لایەن كەسوكاریەوە دەست ‌و ملی داخكراوە، بەجۆرێك شوێنەواری بەروونی‌ بەجەستەیەوە دیاربووە.

لای‌ خۆیەوه،‌ بەڕێوبەری قوتابخانەكه،‌ تەنها ئەوەی‌ وت، گرنگ ئەوەیە لەلایەن مامۆستایانی قوتابخانەكەمانەوە ئەو كارە ئەنجامنـەدراوە.

به گوێرەی زانیارییەكان، لەلایەن ئیدارەی‌ قوتابخانەكەوه،‌ هیچ هەنگاوێك نەگیراوەتەبەر بۆ رێگەگرتن لەدووبارەبوونەوەی‌ رووداوەكە، ئەمەش منداڵەكەی خستووەتە بەردەم مەترسی‌ دووبارەبوونەوەی‌ ئەو سزا و ئەشكەنجانەی لە دژی بەكارهێنراون.

به گوێرەی بەندەكانی‌ رێككەوتننامەی‌ تایبەت بەمافەكانی‌ منداڵ ئەشكەنجەدانی‌ منداڵ، بەهەرجۆرێك‌ و لەلایەن هەر كەسێكەوە بێت قەدەغەیه ‌‌و وەك تاوان ئەژماردەكرێت.

لە (20/ تشرینی‌ دووەم – نۆڤەمبەر / 2012) هاوكات لەگەڵ ساڵڕۆژی‌ جیهانی مۆركردنی (رێككەوتنامەی مافەكانی منداڵ) وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ پاراستنی مافەكانی منداڵ لە رێگای یاساو رێسای تایبەت بۆ دەستەبەركردن ‌و بەدیهێنانی مافەكانیان،  بۆ ئەمەش رەشنووسی یاسای (پاراستنی مافەكانی منداڵ)یان ناردووەتە پەرلەمانی هەرێم، بەڵام تا ئێستا ئەو پڕۆژە یاسایە نەخراوەتە خشتەی‌ كارەكانی‌ پەرلەمانەوە.

رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافەكانی منداڵان، بەبڕیاری (44/25) كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، لەرێككەوتی‌‌ (20 / تشرینی دووەم – نۆڤەمبەر / 1989) پەسندكراوە و لەرێكەوتی‌‌ (20 / ئەیلوول – سێپتێمبەر / 1990) چووەتە،‌ بواری‌ جێبەجێكردنەوە، عیراقیش وەك (192)مین وڵات ئیمزای‌ لەسەر ئەو رێككەوتننامەیە كردووە.

س: ئاوێنه‌نيوز.

ليست هناك تعليقات: