السبت، 2 مارس 2013

پانۆرامای رەوشی ژنان لە مانگی یەكەمی 2013دا

پانۆرامای رەوشی ژنان لە مانگی یەكەمی 2013دا

01:02:02/03/2013
وارڤین – هەولێر: لە مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، وێڕای زیادبوونی حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان، بە بەراورد لەگەڵ مانگی یەكەمی (2012)دا، گرنگترین رووداوەكانی تایبەت بە ژن، كۆچی دوایی ژنە نووسەری كورد دادە ئەحلام و تیرۆری سێ كەسایەتی چالاكی كورد لە پاریس و دەستپێكردنەوەی دادگایكردنەوەی تۆمەتباری كەیسی مامۆستا ساكار و بڕیاری سازكردنی كۆنفرانسێك لە هەشتی مارسدا لە لایەن ئەوقافەوە و رفاندنی سیموون داوود و ناڕەزایەتی ژنان لە بارەیەوە دیارترین رووداوەكانی ئەو مانگە بوون.

توندوتیژییەكان:
لە مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی لە ماڵپەری وارڤین بڵاوكراونەتەوە، لە سنووری ئیدارەی هەرێمی كوردستان و شنگال و ناوچەی گەرمیان، (19) ژن بە رووداوی جۆراو جۆرە ژیانیان لەدەستدا و كوژراون و یانیش تەرمەكانیان دۆزراوەتەوە. تەنیا لە سنووری كەركووكیش بە هۆی كردەوەی تیرۆریستی و توندوتیژی كۆمەڵایەتییەوە (13) ژن ژیانیان لەدەستداوە.

بەڵام بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە ئاماری مانگانەی خۆیدا، بەم شێوەیە توندوتیژییەكانی بڵاو كردووەتەوە، لە سنووری هەرێم، كوشتن (4) حاڵەت، خۆكوشتن (2)، سووتان (25)، خۆسووتان (12)، سكاڵا (336)، دەستدرێژی سێكسی (9). بۆ بینیی رەوشی توندوتیژی دژ بە ژنان كرتە لێرە بكە.

سیموون داوود:
رۆژی (9 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013) لە كۆمەڵگەی (شێخكا)ی سەر بە شارەدێی (ئەلقووش)، كوڕێك كە دەوترێت سەر بە عەشیرەتی (گۆران)ە و تەمەنی لە سەرووی (20 ساڵ)ەوەیە و (سیمان داوود موراد)ی (11 ساڵ)، بەرەو شوێنێكی نادیار رفاند.

میری ئێزدییەكان (میر تەحسین بەگ)، كە ماوەی (4) مانگە بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشی لە ئەڵمانیایە، دیداری لەگەڵ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا (دڵشاد بارزانی) ئەنجامداو و لەو دیدارەدا میری ئێزدییەكان پەیامێكی ناڕەزایەتی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی) ناردو تێیدا داوایكرد‌، هەرچی زووە لێكۆڵینەوە لەو كێشەیە بكرێت و بەرپرسیاری ئەو تاوانە دەستگیر بكرێت و رادەستی یاسا بكرێت.

رفاندنی سیموون داوود دەنگدانەوەیەكی گەورەی به دوای خۆیدا هێنا، هەر لەو چوارچێوەیەدا، (نووسینگەی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف) بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی دەكرد، دواتر لیژنەیەكی پەرلەمانی لە بارەی كەیسەكەوە پێكهات و نێردەی نەتەوەیەكگرووەكان لە عێراق (یۆنامی)، و كونسوڵخانەی وڵاتانی بیانی لە كێشەكە ئاگادار كرانەوە.

لە كاردانەوەیەكدا، بە دەیان كەسایەتی و چالاكی مافەكانی مرۆڤ و ژنان لە نامەیەكی كراوەدا، داوای پاراستنی ژیانی (سیموون داوود و حەسەن نەسروڵڵا)یان كرد، چالاكانی ژن لە ناوەوە و دەرەوە كەوتنە چالاكی و سازكردنی كەمپین و ناردنی پەیامی ناڕەزایەتی بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و فشاردروستكردن لەسەریان بۆ دۆزینەوەی سیموون داوود و پاراستنی گیانی لە هەر هەڕەشەیەك.

یەكێك لەو لایەنانەی زیانی بەر كەیسەكە گەیاند، دۆسیەیی سیموونی لە رفاندنەوە كرد بە خۆشەویستی و پەیوەندی سۆزداری ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانیە بوو، كە لە گەشتی هەواڵەكانی كاتژمێر هەشتی شەوی (28 – 29 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013) كەناڵی ئاسمانی (KNN) پەخشكرا، ئەو راپۆرتە كەمپینی یەكەمی چالاكانی ژنی بە لارێدا برد و لەسەر بنەمای پاراستنی ژیانی ئەو دوو كەسە وەك خۆشەویست نامەی كەمپینەكە نووسرا. كەیسەكە درێژەی هەیە و لە پانۆرامای مانگی دووەمدا ئەنجامەكان دەخرێنەڕوو.

هەشتی مارس و وەزارەتی ئەوقاف
(وارڤین) بڵاویكردەوە، كە بڕیارە، بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژن (هەشتی مارس)، وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای خانمان كۆنفرانسێك لە ژێر ناونیشانی (بەرەو پتەوكردنی رۆشنبیرییەكی ئیسلامی هاوسەنگ سەبارەت بە پێگە و رۆڵی ئافرەت لە كۆمەڵگەدا) ساز بكات و تەنیا یەك رێكخراوی ژنانیش بەشداری تێدا دەكات.

لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنفرانسی (بەرەو پتەوكردنی رۆشنبیرییەكی ئیسلامی هاوسەنگ سەبارەت بە پێگە و رۆلی ئافرەت لە كۆمەڵگەدا) لە كۆبوونەوەی رۆژی (7 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013) بڕیاریداوە رۆژانی (5 – 6 / ئازار – مارس / 2013) لە شاری هەولێر كۆنفرانسێكی فراوانی وتارخوێندنەوە و پێشكەشكردنی توێژینەوە ساز بكات.

ئەو كۆنفرانسە وەزارەتی ئەوقاف بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەریەك لە لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی، كۆربەندی هزری ئیسلامی، ئەنجومەنی بالای خانمان ئەنجامیدەدات.

لیژنەی باڵای هەڵسەنگاندنی توێژینەوە و تەوەرەكانی كۆنفرانس، لە (11) كەس پێكدێت، كە تەنیا دوو ئەندامیان ژنن، ئەوانیش هەریەك لە (د. عالیە فەرەج و نوێنەرێكی ئەنجومەنی باڵای خانمانە، كە لە راگەیەندراوی لیژنەكەدا ناوی نەهێنراوه)‌.

سازكردنی ئەو كۆنفرانسە ناڕەزایەتی رۆشنبیران و چالاكانی ژنی لێكەوتەوە و لە ناوە و دەرەوەی هەرێم دەنگی ناڕەزایەتی بەرز كرایەوە.

لە بەدواداچوونی زیاتری وارڤیندا دەركەوت، لە دوو رۆژی كۆنفرانسی ئەوقاف و ئەنجومەنی خانمان پەنجا ملیۆن دینار خەرجدەكرێت.

لە كاردانەوەیدا، وەزارەتی ئەوقاف روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و رایگەیاند، ئەو زانیاریانە هی دوو ساڵ لەمەوپێشن و وارڤینیش بەڵگەكانی خستەڕوو، كە بە پشت بەستن بە كۆنووسی كۆبوونەوەی رۆژی (7 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013)ی لیژنەكە هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و زانیارییەكان كۆنن نین.

تیرۆركردنی سێ ژنە چالاكی كورد
یەكێكی دیكە لە رووداوە دیارەكانی مانگی یەكەمی (2013) تیرۆركردنی سێ ژنە چالاكی كورد بوو لە پاریسی پایتەختی فەرنسا.

لەو كردەوە تیرۆریستییەدا، سێ ژنی سیاسەتمەداری كورد لەوانە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری (PKK) (ساكینە جانسز)، نوێنەری (KNK) لە پاریس (فیدان دۆغان) و كچە گەنجێكی تر بەناوی (لەیلا سۆیلەمەز)ەوە ژیانیان لەدەستدا. 

تیرۆركردنی ئەو چالاكانەی كورد، رایگشتی ناوخۆ و دەرەوەی هێنایە دەنگ و یەكەمین كەس و لایەن بەرەو رووی ئەو تیرۆرە وەستانەوە و ئیدانەیان كرد، ژنان بوو. لە هەرێمی كوردستان ژنان لە رێگەی چالاكی جۆراو جۆرەوە كەوتنە ئیدانەكردن و مەحكومكردنی ئەو تاوانە و لە كەركووك و سلێمانی و ناوچەكانی دیكەی هەرێم رێپێوان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ژنان ئەنجامدران.

لە شاری هەولێریش بە دەستپێشخەری دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، ژنان رۆژی سێشەممە (15 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013) لەبەردەم كونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر گردبوونەوەیەكیان ساز كرد.

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن (لەنجە عەبدوڵڵا) رایگەیاند، تیرۆركردنی هەریەك لە چالاكوانی ژنی كورد (سكینە جانسیز، فیدان دۆغان، لەیلی‌ سویلمیز) تاوانێكە جێگەی بێدەنگی هەڵبژاردن نییە لە بەرامبەریدا و پێویستە ژنان و چالاكوانانی كورد و هەموو توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری لە بەرامبەریدا بێنە دەنگ و ئیدانە و مەحكومی بكەن.

ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، بەرزكردنەوەی دەنگی‌ ناڕەزایەتی و داواكاری بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی ئەركێكی مرۆڤایەتی و نیشتیمانیانەیە و هێمایە بۆ بەتەنگەوەبوونی پرسیی ژن و رەتكردنەوەی ستەم و چەوساندنەوە و تیرۆر و كۆمەڵكوژی.

دوای تاوانەكە، تەرمی چالاكەكانی كورد لە پاریسەوە گواسترایەوە بۆ باكووری كوردستان و لە هەڵكەوتێكی ناوازەدا، هاوكات لەگەڵ رۆژی لەدایكبوونیدا، تەرمی (فیدان دۆغان) ناسراو بە (رۆژبین) و هەڤاڵەكەی بەخاكبسپێردرێن.

(فیدان دۆغان) لە(17 / كانوونی دووەم – یەنایر / 1982) دا لەناوچەی‌ ئەلبستانی‌ مەڕەش لەدایكبووە. لە هەمان رۆژیشدا لە زێدی خۆی بە خاكسپێردرا.

كۆچی دوایی دادە ئەحلام
رۆژی پێنجشەممە (10 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013) لە ماڵەكەی خۆیدا، لە شاری سلێمانی دوای تەمەنێك لە خزمەتكردن و رووبەڕووبوونەوەی فشارە كۆمەڵایەتییەكان و دابو نەریتە خێڵەكییەكان، چالاك و بوێری ناو كایەی نووسین و ئەدەبیات و تێكۆشانی سیاسی و مەدەنی دادە ئەحلام مەنسوور كۆچی دوایكرد. هەمان رۆژ بە تەنیایی تەرمەكەی رەوانەی شارۆچكەی خانەقین كرایەوە و ئەوەی جێگەی ناڕەزایەتی ژنان بوو، لە سلێمانییەوە 10 كەس بۆ بەڕێكردنی تەرمەكەی هاوڕێی ئەو ئەمبڵانسە نەبوون كە تەرمەكەی دەگواستەوە بۆ خانەقین.

بۆ دادە ئەحلام ژنانی چالاك لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێم بە كۆمێنت و وتار و شیعر و نووسین، پەژارەی خۆیان دەربڕی و سەنتەری رووناكبیری ژنانیش لە سلێمانی لە مزگەوتی قازی محەممەد پرسەی بۆ گێڕا، كە ئەمەش بووە جێی رەخنەی چالاكانی ژن و لە ناویاندا، كەسایەتی ژنی كوردد هۆزان مەحموود، رەخنەی لە كارەی سەنتەرەكە گرت و لە وتارێكدا نووسی "ئەحلام مەنسوور ئەمەی پێ خۆش نیە".

لە یەكەم كاری لەو شێوەیەدا بۆ كۆچی دوایی دادە ئەحلام سەنتەری نینا لە سوید بڕیاریدا كۆڕێكی تایبەت بە یادی بیرەوەرییەكانی ئەحلام مەنسوور ساز بكات.

چالاكی ژنان و رێكخراوەكان
ژنانی كورد لە باكور لەدژی توندوتیژی لە چالاكیدان
ژنانی كورد لە باكوری كوردستان لە دژی توندوتیژی سەر ژنان لە چالاكیەكانیان بەردەوامن. لەم چوارچێوەیەدا لە شاری ئامەد (11) ریكخراوی و دەزگای ژنان، چالاكیان ئەنجامدا و تا گۆڕستانی (یەنی كۆ)ی رێپێوانێكی فراوانیان ئەنجامدا.

لە چالاكیەكەدا پەرلەمانتاری شاری ئامەد (نورسەل ئایدۆگان) و ئەندامانی (11) رێكخراوی ژنان بەشداربوون و لەبەردەم (كۆمەڵەی هاووڵاتیانی ئازاد) لە گەڕەكی (پێنجی نیسان) كۆبوونەوە. ژنان لە چالاكیەكەدا پانكارتیان بەرزكردبووەوە و لە دژی سیاسەتەكانی (AKP)، كە هاوكاری توندوتیژی سەر ژنانە، دروشمیان گوتەوە.

جێگری فەرماندەی هێزی ژنان وەكو بەڕێوبەری نوێی توندوتیژی گەرمیان دەستبەكاربوو
موقەدەم (لەمیعە محەممەد قادر) وەكو بەڕێوبەری نوێی بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنانی گەرمیان دەستبەكاربوو، كە پێشتر جێگری فەرماندەی هێزی ژنانی كوردستان بووە، ناوبراو دەڵێت بەرنامە و كاروچالاكی نوێیان دەبێت بۆ كاركردن. 

هاوبەندی نێودەوڵەتی بەها مرۆڤایەتییەكان خێوەتگەیەك بۆ ژنانی سەركردە دەكاتەوە
لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان هاوبەندی نێودەوڵەتی بەها مرۆڤایەتییەكان رایگەیاند، لە مانگی شوباتی داهاتوو خولێكی راهێنان و خێوەتگەیەكی دیدەوانی بۆ ژنانی سەركردە لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.

كەركووك: رێكخراوەكانی ژنان داوای گۆڕینی مادەی 40 یاسای باری كەسێتی دەكەن 
بەهۆی زۆربوونی توندوتیژی زۆربوونی حاڵەتەكانی جیابوونەوە و بە زۆر بەشودان و هاوسەرگیری دووەم،  ژمارەیەك رێكخراوی ژنان لە كەركووك لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی و یاسا ناسان سمینارێكی كراوەیان رێكخست و داوایانكرد، ماددەی 40 یاسای باری كەسێتی و زۆرینەی ماددەكانی دیكەی ئەو یاسایە كۆنن و پێوستیان بەگۆڕانكاری و هەمواركردنەوە هەیە.

گروپی ژیان داوای فشاری نێودەوڵەتی بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆ كرد
گروپی ژیان داوا لە‌ نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەو لایەن و نوێنەرایەتی وڵاتان و كونسوڵخانانە دەكات، كە دیداری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەنجام داون فشار بخەنە سەر وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی هەرێم بۆ ئەوەی ئەم لایەنانە بەجدی كار لەسەر پرسی هەڕەشەكان بكەن.

سەنتەری خانمان خولێكی دروومانی بۆ ژنان كردەوە 
سەنتەری كەركووك بۆ خانمان بە هاوكاری چەند رێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی، بەمەستی زیاتر گرینگیدان بەتوانای ژنان و كەسوكاری خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان، خولێكی دروومانی بۆ (20) فێرخواز لە كەركووك كردەوە. 

دەزگای وارڤین لە گروپی ژیان كشایەوە‌
دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، لەبارەی بەشداریكردنی لە گروپی ژیان راگەیاندراوێك بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، وێڕای پشتیوانیكردن لە هەوڵەكانی گروپی ژیان لەمڕۆوە دەزگاكە لە گروپەكە دەكشێتەوە.

لە راگەیەندراوێكدا دەزگاكە، رایگەیاند، وێڕای بوونی تێبینیمان و سەرنجمان لە بارەی كاركردنی گروپی ژیان؛ لەو بڕوایەداین، كاركردنمان لە گروپەكە، پێویستی بە هەڵوەستەلەسەركردنە، چونكە وەك هەموو لایەك ئاگادارن بە هەوڵی هەموو ژنانی خەمخۆری رەوشی ژن لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و هاتنە وەڵامی حكومەت و داواكاری گشتی، كەیسی مامۆستا ساكاری گەیاندراوەتە سەر رێچكەی یاسایی خۆی و ئیدی كاركردنمان لە بۆتەی گروپێكدا پێویستی قۆناغەكە نییە، هەربۆیە وێڕای سووپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ ماندووبوونی چالاكوانانی ژن و دەزگا و رێكخراوەكانی ژنان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بڕیارماندا لەمڕۆوە (12 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013) لە گروپەكە بكشێینەوە.

كۆبوونەوەی گروپی ژیان لەگەڵ وەزیری ناوخۆدا
لە میانەی سەردانی رۆژی (11 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013)ی گروپی ژیاندا بۆ هەولێر، نوێنەرانی ئەو گروپە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان (كەریم سنجاری) كۆبوویەوە.

لەو میانەیەدا، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە هەولێر تەقە لە چالاكی بواری مافی مرۆڤ (پەروین عەزیز) نەكراوە و ئەو كەسەی تەقەی كردووە دەستگیركراوە، بەڵام (پەروین عەزیز) رەتیكردەوە، وەڵامەكانی وەزارەت رازیكەر بن وگوتی: ئەو كەسەی گیراوە هێشتا دانی نەناوە بەوەی تەقەی كردووە و پێویستە دادگا وەڵامم بداتەوە و هێشتا سكاڵاكەم نەكێشاوەتەوە.

كەیسی مامۆستا ساكار
دادگای تەمیزی هەڕێمی كوردستان بڕیاریدا كەیسی مامۆستا ساكار تەمیز بكریتەوە و دووبارە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە چۆنیەتی كوژرانی مامۆستا ساكار بكرێتەوە.

دوای ئەوەی تۆمەتباری سەرەكی تاوانی كوژرانی مامۆستا ساكار، كە باوكی بوو،  رۆژی (11 / ئەیلوول – سێپتێمبەر / 2012) لە دادگای سلێمانی بە هۆی نەبوونی سكاڵا لە دژی بەر بڕیاری لێبوردنی گشتی سەرۆكایەتی هەرێم كەوت و دۆسەكەی داخرا و تۆمەتباریش بەردرا، چالاكوانانی ژن لە ناوەوە  و دەرەوەی هەرێم داوایانكرد، ئەو بڕیارەی دادوەری سلێمانی تەمیز بكرێتەوە و لێكۆڵینەوەیەكی دروست لە كەیسەكە بكرێت.

رۆژی پێنجشەممە (10 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013) دوای زیاتر لە سێ مانگ دادگای تەمییزی هەولێر بڕیاریدا كەیسەكە بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی لێكۆڵینەوە.

لەو چوارچێوەیەدا رۆژی سێشەممە (29 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013)، یەكەم دانیشتنی دووبارە دادگایكردنەوەی تۆمەتباری دۆسیەكە ئەنجامدرا.

پرسی ژن لە بودجەدا
یەكێكی دیكە لە پرسەكانی مانگی كانوونی دووەم  - یەنایری ئەمساڵ، وتوێژی پەرلەمان بوو لەسەر بودجە، بەڵام وەك ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان (ئاشتی عەزیز) رایگەیاند، لە بودجەی ئەمساڵی هەرێمدا حكومەت یەك دیناری بۆ پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و مەسەلەكانی پەیوەست بە ژنانەوە تەرخان نەكرد.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان (ئاشتی عەزیز)، رایگەیاند، لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەدا هیچ پێشنیازێكی راپۆرتی لیژنەی ژنان لەبەر چاو نەگیراوە و هیچ بڕ پارەیەك بۆ پرسی ژن تەرخان نەكراوە.

گوتیشی: "لیژنەی ژنان داوایكردووە، لە بودجەدا بڕێك پارە تەرخان بكرێت بۆ سندوقی هاوكاریكردنی ئەو ژنانەی هاوسەریان لەدەستداوە و هەروەها بودجەیەك تەرخان بكرێت بۆ پرسی جێندەر و لە هەموو وەزارەتەكاندا كاری لەسەر بكرێت، جگە لەوەش، لیژنەكە داوایكردبوو، بودجەیەك بۆ كردنەوە و دابینكردنی شوێنی گونجاو، بۆ پەناگەی ژنان، لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم، دابین بكرێـت، بەڵام هیچ كام لەو داواكاریانه،‌ نەخراونەتە ناو رەشنووسی بودجەكەوە. ئەمە لە كاتێكدایە، حكومەت خۆی پلانی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانی راگەیاندووه و ئەو پلانەش پێویستی بە بودجە هەیە و خەرجە دەوێت، بەڵام هیچی بۆ دیار نەكراوە.

سەبارەت بە بودجەی جێبەجێكردنی ئەو پلانە ستراتیژیەی ئەنجومەنی خانمان، كە حكومەت بە رەسمی خستوویەتیە بەرنامەی كاری خۆیەوە و بڕیارە بۆ ماوەی پێنج ساڵ كاری لەسەر بكرێت، ئەو ژنە پەرلەمانتارە ئاشكرایكرد،‌ حكومەت هیچ بڕە پارەیەكی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلانە ستراتیژییەی خۆی تەرخان نەكردووه.

لە بارەی بودجەی ئەنجومەنی باڵای خانمانەوە، كە تا ئێستا بودجەی دیاریكراوی نیە و وەك فەرمانگەیەكی تایبەت بەستراوەتەوە بە حكومەتەوه، وەك (ئاشتی عەزیز) گوتی: "لە كۆبوونەوەی لیژنەی ژناندا پێشنیازیان كردووە، بڕی (250) ملیۆن دینار تەرخانبكرێت بۆ ئەو ئەنجومەنە، تاوەكو بتوانێت وەك پێویست كارەكانی راپەڕێنێت، بەڵام وەك روونیكردەوە، بۆ ئەمساڵیش، هیچ بڕە بودجەیەك بە شێوەی تایبەت بۆ ئەنجومەنەكە دانەنراوە.

لە بەرامبەر فەرامۆشكردنی پرسی ژن لە بودجەدا، (ئاشتی عەزیز)، رەخنەی لە حكومەتی هەرێم گرت و گوتی: "ئەمە بۆ ساڵی چوارەمە حكومەت هیچ بڕە پارەیەك بۆ پرسی ژن و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و باشكردنی رەوشی ژن تەرخان ناكات و ساڵی رابردووش هەمان گلەییمان كرد، بەڵام بێ سوود بوو".

ئەو جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، كە هەر دوو خولەكەی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێم، كە دوو ساڵی یەكەمی (بەرهەم ئەحمەد ساڵح) سەرۆكایەتی كرد و خولی دووەمی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكایەتی دەكات، پرسی ژن نەبووەتە خەمی حكومەت و تەنیا لە چوارچێوەی دروشمدا قسەی لەبارەوە دەكرێت.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: