الأربعاء، 6 مارس 2013

بەسرە: دەزگای وارڤین بەشداری لە كۆبوونەوەی وەرزی (USAID) دەكات

وارڤین
بەسرە: دەزگای وارڤین بەشداری لە كۆبوونەوەی وەرزی (USAID) دەكات


10:58:06/03/2013
به‌رپرسى پرۆژه‌كان له‌ ده‌زگاى وارڤين، ساكار رۆسته‌م.به‌سره‌، 6ى ئازار 2013.
وارڤین – بەسرە: (دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن) بەشداری لە كۆبوونەوەی فراوانی وەرزی رێكخراوی (USAID)، لەگەڵ رێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵی مەدەنی عێراقی كرد و كاروچالاكییەكانی خۆی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو.

لە ژێر دروشمی (هاوپەیمانی درووست دەكەین، سەركەوتنەكان دابەشدەكەین)، (USAID – پڕۆژەی گەیشتن بە دادپەروەری بۆ هەموو) كۆبوونەوەیەكی فراوانی بە بەشداری دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن و (40) دەزگا و رێكخراوی دیكەی عێراقی لە شاری بەسرەی باشووری عێراق ساز كرد.

كۆبوونەوەكە، دوێنێ سێشەممە (5 / ئازار – مارس / 2013)، دەستی بە كارەكانی كرد و بڕیارە (4) رۆژ بخایەنێت و تێیدا تاوتوێی پرسی گەشەپێدانی ژیانی رێكخراوەیی لە عێراقدا بكرێت و میكانیزمی یەكخستنی هەوڵەكان بۆ سەرخستنی پڕۆژەكانی هێنانەدی كۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراقدا تاوتوێ بكرێن.

لە دووەم رۆژی كارەكانی ئەو كۆبوونەوە وەرزییەدا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (6 / ئازار - مارس / 2013)، (دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن) وەك دەزگایەكی چالاك و كارای ناو كایەی ژیانی رێكخراوەیی ژنان لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا ناسێنرا و لە وتارێكدا كە بەڕێوبەری پڕۆژەكان لە دەزگای وارڤین (ساكار رۆستەم) پێشكەشیكرد، باس لە كارو چالاكی دەزگاكە لە پێناو سەرخستنی پرسی ژن و هێنانەدی یەكسانی رەگەزی و نەهێشتنی جیاكاری كرا.

لە بەشێكی وتارەكەیدا، (ساكار رۆستەم)، باسی لە دوا چالاكی دەزگای وارڤین كرد، كە بریتی بوو لە ئەنجامدانیراپرسییەكی بەرفراوان لە پانزە پارێزگای عێراقدا، سەبارەت بە پرسی توندوتیژی دژ بە ژنان.

بەڕێوبەری پڕۆژەكانی دەزگای وارڤین، ئەوەشی خستەڕوو، كە راپرسییەكەی دەزگای وارڤین،  بەیەكەم هەوڵی گشتگیر و هەمەلایەنی بەڵگەدار هەژمار دەكرێت،‌ لە پێناو كۆكردنەوەی داتای دروست لەبارەی ئاست و شێواز و جۆرەكانی ئەو توندوتیژیانەی دژ بە ژنانی عێراق ئەنجامدەدرێن.

جێی ئاماژەیە، (USAID – پڕۆژەی گەیشتن بە دادپەروەری بۆ هەموو)، بە ئامانجی درووستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان رێكخراوە ناحكومییەكان و كەناڵەكانی حكومەت، حكوومەت، بەشێكی كۆبوونەوە وەرزییەكەی تایبەت كردووە بۆ خۆناساندنی رێكخراوەكان بە یەكدی و خستنەڕووی بەرنامە و چالاكییەكانیان.

دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، دەزگایەكی ناحكومی قازانج نەویستە، ساڵی (2009) دامەزراوە، ئامانجی خستنەڕووی واقیعی ژن و بەرگریكردن لە ماف و ئازادییەكانی ژنانە و لە رێگەی پڕۆژەكانییەوە كە لەناو توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگەی كوردی و عێراقیدا ئەنجامیاندەدات، كار بۆ هێنانەدی یەكسانی  نەهێشتنی جیاكاری رەگەزی دەكات.  ئۆفیسی سەرەكی دەزگای وارڤین لەهەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە و بۆ رووماڵكردنی رەوشی ژنانی هەرێم و عێراق، خاوندارێتی لەماڵپەڕی هەواڵ و زانیاری (warvin.org)  دەكات، كه‌ بە هەرسێ زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) هه‌واڵ و زانيارييه‌كانى بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ليست هناك تعليقات: