الجمعة، 8 مارس 2013

سەرۆكایەتییەكانی هەرێم دان بە خراپی رەوشی ژندا دەنێن و هیوای باشبوونی بۆ دەخوازن

سەرۆكایەتییەكانی هەرێم دان بە خراپی رەوشی ژندا دەنێن و هیوای باشبوونی بۆ دەخوازن

09:15:08/03/2013
وارڤین – هەولێر: هەریەك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی) و سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت لە سێ بروسكەی جیادا وێڕای داننان بە هەبوونی توندوتیژیدا هیوای ئەوە دەخوازن رەوشی ژنانی هەرێم باشتر بێت و ژنان بە ئامانجەكانیان بگەن.

لە پەیامێكدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی) رایگەیاند، "دۆخی خانمان لە كۆمەڵگەی كوردستانی هەنگاوی باشی بڕیوە بەڵام لەگەڵ ڕێگەیەكی درێژ ماوە بۆ ئەوەی كۆمەڵگەكەمان بگاتە قۆناغێك كە تێیدا گرفتەكانی ژنان چارەسەر كرابن و لە بوارە جیاجیاكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیدا كاریگەر بن".

لە پەیامێكیشدا، سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی بۆ ژنان، رایگەیاندووە، "هێشتا لەزۆر رووەوە ئافرەتانی  كوردستان بەدەست چەندین كێشەو گرفتی كۆمەڵایەتی دەناڵێنن، كەدەخوازین هەموولا هاوكاریان بین لەسەرخستنی خەباتەكەیان".

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش، لە پەیامێكدا كە بەشێكی تەرخانكردووە بۆ باسكردن لە هەوڵەكانی حكومەت و بانگەشەكردن بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی ژنان هیوای خواستووە كۆتایی بە ستەم بێت و دۆخی ژنان چاك بێت، لە پەیامەكەدا هاتووە: "هیوادارین ئەم یادە بكرێتە وێستگەیەك بۆ پێشخستنی كۆمەڵگاكەمان و دووركەوتنەوە لە هەموو شێوازەكانی ستەمی كۆمەڵایەتی و چاكتركردنی دۆخی ژنان و درووستكردنی كۆدەنگیەكی گەورە بۆ بەرگری لەداخوازیەكانیان و جێبەجێكردنیان".

دەقی پەیامەكان:

پەیامی سەرۆكی هەرێم:
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی هەشتی ئادار ڕۆژی جیهانیی ئافرەتەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم ئافرەتانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم.

ئافرەتانی كوردستان جگە لەو ڕۆڵە بەهادارەی لە كۆمەڵگەدا هەیانبووە لە گشت قۆناغەكانی شۆڕش و خەباتدا پێشەنگ بوونە و بە دڵ و بە گیان قوربانیان داوە لە پێناو نیشتمانەكەیاندا. لەسایەی تێكۆشان و خەباتی مەدەنی و سیاسیی گەلەكەماندا دۆخی خانمان لە كۆمەڵگەی كوردستانی هەنگاوی باشی بڕیوە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ڕێگەیەكی درێژ ماوە بۆ ئەوەی كۆمەڵگەكەمان بگاتە قۆناغێك كە تێیدا گرفتەكانی ژنان چارەسەر كرابن و لە بوارە جیاجیاكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیدا كاریگەر بن.

داوا لە گشت كایە كۆمەڵایەتییەكان و ناوەندە هزری و ڕۆشنبیرییەكان و دامودەستگەی حكوومەتی هەرێم و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەم بە هەموو توانایەكیانەوە ڕووبەڕووی ئەو هۆكارانە بوەستنەوە كە دەبنە هۆی پەراوێزبوون و چەوسانەوە و بێ بەشبوونی ئافرەتی كوردستانی. چارەكردنی پرسی ژن و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانی و ئایینییە و پێویستە هەموومان لە بەرانبەریدا بەرپرسیار بین. 

دووبارە پیرۆزبایی جەژنی جیهانیی ئافرەتان دەكەم و هیوادارم ئافرەتانی كوردستان دواڕۆژێكی گەش و پڕشنگداریان هەبێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
7/3/2013

پەیامی سەرۆكایەتی پەرلەمان:
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان 8 مارس لە ژنان و ئافرەتان پیرۆز دەكات

بەبۆنی رۆژی جیهانی ژنان، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ژنان وئافرەتانی كوردستان وعیراق وجیهان و دەكەین، دیاریكرنی ئەم رۆژە لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بۆ بە جیهانیكردنی رۆژێك بۆ ژنان، بۆ رۆژگارێكی سەخت و تاڵ دەگەڕێتەوە كە بەسەر پۆلێك لەژنانی بەجەرگ و ئازا و داكۆكیكەر لە مافی مرۆڤایەتیدا هات.  لەم رۆژە جیهانیەدا لەمێژووی خەباتی نەپساوەی ژناندا، چەپكە گولی رێز وەفاداری پێشكەش بە ئافرەتانی كوردستان دەكەین، كە لەخەبات وشۆرشەكاندا پشتیوانیی پێشمەرگەبوون و چەندین شەهید وقوربانیان لەپێناو ئازادی ئەمرۆی هەرێمی كوردستان بەخشیووە.

جێی شانازیە  كەئەمرۆ خەباتی رێكخراوەكانی ژنان وئافرەتان رۆژ بەرۆژ زیاتر بەرەو پێش دەچێت، لەگەل ئەوەشدا هێشتا لەزۆر رووەوە ئافرەتانی  كوردستان بەدەست چەندین كیشەو گرفتی كۆمەلایەتی دەنالێنن، كەدەخوازی هەموولا هاوكاریان بین لەسەرخستنی خەباتەكەیان. لەم رووەوە پەرلەمانی كوردستان.

وەك هەمیشە هاوكاری وپشتیوانی لەخەباتی ریكخراوەیی ژنان و ئافرەتان كردووەو پەرلەمان لەرێگای دەركردنی چەندین یاسا بەتایبەتی یاسای بەرنگاربوونەوەی خێزان لەتوندوتیژی و یاسای باری كەسی و ئەو چالاكیانەشی ئەنجامی دەدات تا دەگاتە بەرزكردنەوەی رێژەی ژن لەپەرلەمان  بۆ ئاستێك كە لەزۆربەی وڵاتانی دیموكراتیش زیاترە كاری بۆ پرسەكانی ژنان كردووە و لەهەولی بەردەوامیشدا دەبێت بۆ هینانەدی ئامانج ودروشمە پیرۆزەكانیان، لەدابینكردنی یەكسانی، داپەروەری كۆمەلایەتی، نەهێشتنی دیاردەی توندوتیژی خێزان، رێزگرتن لەمافەكانی ژنان و، بەشداری كردنی زیاتری ئافرەتان لە ناوەندەكانی بریاردا.

 دووبارە 8ی مارس لە ئافرەتانی كوردستان و هەموو جیهان پیرۆز بێت.          
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
7/3/2013

پەیامی سەرۆكایەتی حكومەت:
بەبۆنەی 8ی مارس سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران‌ پیرۆزبایی لەسەرجەم ژنانی كوردستان دەكات  

له ‌رۆژی 8 مارس، رۆژی جیهانی ژنان بە ناوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئافرەتانی كوردستان دەكەین و جارێكیتر لەم یادەدا تەئكید دەكەینەوە  كە خۆمان بە داكۆكیكاری سەرەكی پرسی  ئافرەتان ماف ‌و یەكسانیەكانیان دەزانین، لەم بوارەشدا چەندین هەنگاوی گرنگمان ناوە به ‌ئامانجی پێشخستنی كۆمەڵگا و بەدیهێنانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و كەمكردنەوەی فشارە دەرونی و جەستەییەكانی سەر ژنان و كردنەوەی دەرفەتی بەشداریكردن لە ئەرك و بەرپرسیارێتیە جۆربەجۆرەكان له ‌بەردەمیاندا.

لەم چوارچێوەیەدا و بەبۆنەی هاتنی 8 مارسەوە، جارێكی تر هەموتان دڵنیا دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە بایەخدان به ‌پرسەكانی ژنان و كاركردن بۆ دەستەبەركردنی سەرجەم مافە سروشتیەكانیان، بۆیە سەرباری پیرۆزبای لە هەموو ئافرەتانی كوردستان، دەسخۆشییش لە هەموو هەڵسوراوانی مافەكانی ئافرەتان دەكەین و هیوادارین ئەم یادە بكرێتە وێستگەیەك بۆ پێشخستنی كۆمەڵگاكەمان و دوركەوتنەوە لە هەموو شێوازەكانی ستەمی كۆمەڵایەتی و چاكتركردنی دۆخی ژنان و دروستكردنی كۆدەنگیەكی گەورە بۆ بەرگری لەداخوازیەكانیان و جێبەجێكردنیان.

بەرزو پیرۆز بێت یادی 8 مارس رۆژی جیهانی ژنان
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

ليست هناك تعليقات: