الأحد، 10 مارس 2013

دەقی یادداشتنامەی ژنانی كورد لە بەریتانیا بۆ حكومەتی هەرێم

دەقی یادداشتنامەی ژنانی كورد لە بەریتانیا بۆ حكومەتی هەرێم

02:36:10/03/2013
لايه‌نێك له‌ گردبوونه‌وه‌كه‌، له‌نده‌ن - 8ى مارسى 2013.
وارڤین – لەندەن: چالاكانی ژنی كورد، بە دەستپێشخەری رێكخراوی ژنانی كورد و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە بەریتانیا، رۆژی هەینی (8 / ئازار – مارس / 2013) لەبەردەم نووسینگەی حكومەتی هەرێم لە لەندەن گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و یادداشتنامەیەكیان ئاراستەی حكومەتی هەرێم كرد.

لەو یادداشتنامەیەدا، ژنانی كورد لە بەریتانیا رەخنەیان لە رەوشی ژنانی كورد لە هەرێمی كوردستان گرتووە و رایانگەیاندووە، "ژنانی كوردستان بەدرێژایی دەسەڵاتدارێتی ئێوە، لەوپەڕی ئاستی نایەكسانی وبێمافی و ژێردەستەییدا ژیان دەكەن"‌.

لە بەشێكی دیكەی یادداشتنامەكەدا، ژنانی كورد لە بەریتانیا، بەرپرسیارێتی تاوانەكانی دژ بە ژنانیان خستووەتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم و لە یادداشتەكەدا، هاتووە: "بەرپرسیارێتی ئەم دۆخەی ژنانی كوردستان به ‌پلەی یەكەم لەئەستۆی ئێوەیە".

دەقی یادداشتنامەكە:
بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بەرزانی..
بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بەرزانی
بەدوای سڵاو..

بابەت: یاداشتنامە لە 8 ی مارسی 2013 دا بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژنان
ئێمە بەنوێنەرایەتی كۆمەڵێك لەهاووڵاتیانی ناڕازی، كه ‌به ‌بۆنەی 8ی مارس رۆژی جیهانی ژنانەوە ‌له ‌بەردەم نوسینگەی حكومەتەكەی ئێوەدا لەشاری لەندەن كۆبوینەتەوە، وەك هەقێكی مەدەنی ودیموكراسی خۆمان داواتان لێدەكەین، كه ‌بەرپرسیاریەتیەكی خێراو كارا لەراستای باشكردن وپێكهێنانی ئاڵوگۆڕ لەژیان و مافەكانی ئەمڕۆی ژنانی كوردستاندا نیشان بدەن.

ژنانی كوردستان بەدرێژایی دەسەڵاتدارێتی ئێوە، لەوپەڕی ئاستێكی نایەكسانی وبێمافی و ژێردەستەییدا ژیان دەكەن‌. كوژرانی هەزاران ژن بەبەهانەی ناموس پەرستی وناچاركردنی هەزارانی تر بەخۆسوتاندن، تا لەئارادابوونی جۆرەكانی توندوتیژی خێزانی و نەبوونی بیمە بۆ ژنانی بێكارو وناوماڵ، تا نەبوونی دایەنگای خۆڕایی لەهیچ كارگەو دامەزراوە وبەڕیو‌بەرایەتیەكانی حكومەتدا، تا نایەكسانی لەكارو كرێی ژنان و بەحساب نەهێنانی ژنانی كرێكارو فەرمانبەر وەك نانئاوەری ماڵ و نەدانی ئەو ئیمتیازاتانەی، كەدەبێ بەیەكسانی لەگەڵ پیاواندا بیانگرێتەوە، تا زاڵبوونی فەرهەنگی پیاوسالاری و دواكەوتوانە بەسەر ‌پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان و بوارەكانی پەروەردەو فێركردندا و جێگیركردنی شەریعەتی ئیسلامی وەك سەرچاوەی یاسا لەدەستوری هەرێمدا، تا پەسەندكردنی یاسای فرەژنی، تا بەدەستەوە گرتنی مەكتەبە كۆمەڵایەتیەكان و دوورخستنەوەی ڕۆڵی دادگا لەچارەسەری كێشە كۆمەڵایەتیەكاندا..

هەمووئەمانە نەك هەر ئۆقیانوسێك لەتاوان و توندوتیژیان بۆ ژنانی كوردستان بەرهەم هێناوە، بەڵكو ئینسانی ژنیان لەكۆمەڵگادا كردۆتە كۆیلەی پیاوان و ژێردەستە، بگرە ژێر پێنانی ئیعتبار وكەسایەتی سەربەخۆی ئینسانی ژن بۆتە‌ یەك واقعیەتی نەخوازراو ..

ئامارەكانی دەزگا حكومیەكانی خۆتان كەناوبەناو لەمیدیاكانەوە بڵاو دەكرێتەوە، بەڕۆشنی ئەم قسانەی ئێمە وئەو دۆخە ناهەموارو نائینسانیانەی ژنان دەسەلمێنێ.

بەڕێزان
بێزاریەكی گەورەیە بۆ هەر هاوڵاتییە‌كی كوردستان كاتێك وێنەو هەواڵی تراژید‌یاكانی كوشتن و تاوانەكانی دەرهەق بەژنان دێتە بەرگوێی و دەی بیستێ.

بڕیاربوو بەدوایی لەگۆڕنانی رژێمی بەعس وسەركوتگەریەكانی، كۆمەڵگای كوردستان لەئازادی و یەكسانی و خۆشگوزەرانی بەهرەمەند بێت، بەڵام ئەوە نیوەی كۆمەڵگایە، كەژنانن لەبەردەم تاوان و كوشتن و خۆسوتاندندا ڕاگیراون و وەك ئینسان حسابیان بۆناكرێ.

وەك وتراویشە: "ئازادی ژنان پێوانەی ئازادیه لەهەركۆمەڵگایەكدا‌". هەربۆیە بەرپرسیارێتی ئەم دۆخەی ژنانی كوردستان بەپلەی یەكەم لەئەستۆی ئێوەیە. 

بۆیە ئێمە له (‌8ی مارس)ی ئەمساڵدا، هاوشانی رێكخراوەكانی ژنان داواتان لێدەكەین كەبۆ باشكردنی ژیان و مافەكانی ژنانی كوردستان لەڕاستای جێبەجێكردنی خێراو بەكردەوەی ئەم خواستانەدا هەنگاوی جدی هەڵبگرن.
بێگومان درێژەكێشانی ئەم دۆخە ئێوە ودەسەڵاتەكەتان لەبەردەم ڕق و توڕەیی وناڕەزایەتی فراوانی ئێمەو ژنان و ئازادیخوازاندا ڕادەگرێ.

داواكاریەكان:
یەكەم: دەركردنی یاسایەكی رۆشن بەسزای قورسەوە لەسەر هەر كەسێك كەدەست دەبات بۆ كوشتن و ئازاردانی ژنان. تاوانبارانی كەیسی كوشتنی ژنان نابێت لەژێر هیچ بیانویەكدا ئازاد بكرێن. 

دووەم: گێڕانەوەی دەستووری كوردستان و هەمواركردنەوەی ئەو بەندانەی كەپەیوەندیان بەماف و ئازادییەكانی ژنانەوه ‌هەیە. لەمبارەوە جیایی دین لەدەسەڵات و پەروەردە وجێگیركردنی مافی یەكسانی ژن و پیاو لەهەمووبوارەكاندا.

سێیەم: راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری كەسێتی بەعس و هەموو ئەو بڕیارانەی كەلەم یاسایانەوە سەرچاوەدەگرێ، لە جێگەیدا دانانی یاسایەكی پێشكەوتوو بۆ باری كەسێتی و خێزانی كه ‌بەڕۆشنی ئازادیی ومافە یەكسانەكانی ژنان لەگەڵ پیاواندا لەخێزان و كۆمەڵگەدا لەبەرچاوبگرێ.

چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی‌ كۆمەڵایەتیەكان و قەدەغەكردنی دەست تێوەردانی سەرۆك عەشیرەت و پیاوانی ئایینی ودام و دەزگاكانیان لەچارەسەری كێشەكانی ژناندا. بەم پێیەش سەروەركردنی یاساو دادگاكان بەسەربەخۆیی تەواوەوە.

پێنجەم: فریاگوزاری خێرای ئەو ژنانەی كەگیرۆدەی توندوتیژی و سەركوت ودەستدرێژی دەبنەوە. لەمبارەوە كردنەوەی شێڵتەرو ناوەندەكانی پاراستنی ژنان و چاودێریان لە لایەن رێكخراوەكان وكۆمەكپێكردنیان مسۆگەر بكرێت .

شەشەم: تەرخانكردنی بودجە بۆ كردنەوەی دایەنگا و مەسرەفی ژنانی مناڵەبەر ودووگیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پێویست پێیان.

حەوتەم: دابینكردنی كار بۆ ژنان و دانی بیمەی بێكاری و خانەنشینی بەژنانێك كەكاری ناوماڵ دەكەن.

هەشتەم: پاراستنی سەلامەتی هەڵسوڕاوانی ژنان و رێكخراوەكانیان و قەدەغەكردنی هەر جۆرە ئاستەنگی و هەڕەشەیەك كەڕووبەڕوویان دەكرێتەوە..

رێكخراوی ژنانی كورد و خۆرهە‌ڵاتی ناوەڕاست لە بەریتانیا  
8ی مارسی 2013 

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان.

ليست هناك تعليقات: