الجمعة، 8 مارس 2013

بەسرە: چالاكانی ژن ستایشی پڕۆژەكانی دەزگای وارڤین دەكەن

بەسرە: چالاكانی ژن ستایشی پڕۆژەكانی دەزگای وارڤین دەكەن
بەسرە: چالاكانی ژن ستایشی پڕۆژەكانی دەزگای وارڤین دەكەن
10:47:08/03/2013
پسپۆر له‌ بوارى یەكسانی رەگەزی (ساندرا فلپس).
وارڤین – بەسرە: لە سێیەم رۆژی كارەكانی كۆبوونەوەی وەرزیی رێكخراوی (USAID – پڕۆژەی گەیشتن بە دادپەروەری بۆ هەموو)، كە لە شاری بەسرە بە بەشداری دەزگای وارڤین، سازكراوە، چالاكانی ژن ستایشی پڕۆژەكانی دەزگای وارڤینیان كرد، بەتایبەتی ئەو راپرسیەی لە بارەی رەوشی توندوتیژی دژ بە ژنان لە پانزە پارێزگای عێراق ئەنجامیدابوو.

لە ژێر دروشمی (هاوپەیمانی درووست دەكەین، سەركەوتنەكان دابەشدەكەین)، رۆژی سێشەممە (5 / ئازار – مارس / 2013)، كارەكانی كۆبوونەوەی وەرزیی رێكخراوی (USAID – پڕۆژەی گەیشتن بە دادپەروەری بۆ هەموو)، لە شاری بەسرەی باشووری عێراق دەستی بە كارەكانی كرد.

لە دووەم رۆژی كۆبوونەوەكەدا، كە (40) دەزگا و رێكخراوی عێراقی بەشدارییان تێدا كردووە،  لە شاری بەسرەی باشووری عێراق ساز كرد. بەڕێوبەری پڕۆژەكان لە دەزگای وارڤین (ساكار رۆستەم) لە وتارێكدا، پوختەیەكی لە بارەی دەزگای وارڤین و چالاكیەكانی پێشكەشكرد و ناوەڕۆكی ئەو راپرسیەشی خستەڕوو، كە دەزگاكە لە پانزە پارێزگای عێراق ئەنجامیدابوو.

لە وتارەكەیدا، بەڕێوبەری پڕۆژەكانی دەزگای وارڤین، ئەوەشی خستەڕوو، كە راپرسییەكەی دەزگای وارڤین،  بەیەكەم هەوڵی گشتگیر و هەمەلایەنی بەڵگەدار هەژمار دەكرێت،‌ لە پێناو كۆكردنەوەی داتای دروست لەبارەی ئاست و شێواز و جۆرەكانی ئەو توندوتیژیانەی دژ بە ژنانی عێراق ئەنجامدەدرێن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، رۆژی هەینی (8 / ئازار – مارس / 2013)، كارەكانی سێیەم رۆژی كۆبوونەوەكە تەرخانكرا، بۆ یادكردنەوەی رۆژی هەشتی مارس، رۆژی جیهانی ژنان.

یادكردنەوەكە، بە وتارێك دەستیپێكرد، كە لایەن پسپۆر له‌ بوارى یەكسانی رەگەزی (ساندرا فلپس) پێشكەشكرا. ئەو چالاكەی بواری مافەكانی ژن، لە وتارەكەیدا تیشكی خستەسەر چەند لایەنێكی تایبەت بە پرسی ژن، مێژووی رۆژی جیهانی ژن و لەو بارەیەوە گوتی: "رۆژی جیهانی ژن وەك هەموو بۆنەكانی دیكە گرنگی هەیە، لەم رۆژەدا لە هەموو جیهان و هەرێمی كوردستان و عێراقدا بە گشتی ژن و پیاو هاوكاری یەكدی دەكەن بۆ گەیشتن بە یەكسانی جێندەریی".

ئەو لە وتارەكەیدا، پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی جیهان و عێراق و ژنانی كورد بە تایبەتی كرد و پێزانینی خۆی لە هەمبەر پڕۆژەكانی (دەزگای وارڤین) دەربڕی و گوتی: "سوپاس و دەستخۆشی تایبەت ئاراستەی دەزگای وارڤین دەكەم، لەبارمبەر ئەو پڕۆژە پڕ بایەخەی لە بارەی رەوشی توندوتیژی دژ بە ژنانی عێراق ئەنجامیانداوە".

هەر سەبارەت بە پێشوازیكردنی چالاكانی ژن و رێكخراوەكان لە پڕۆژەكانی (دەزگای وارڤین)، بەڕێوبەری پڕۆژەكانی دەزگاكە (ساكار رۆستەم) كە بەشداریكردووە لە كۆبوونەوەكە، رایگەیاند، ئەنجامدانی راپرسییەكی فراوان و گشتگیر لە پانزە پارێزگای عێراق یەكەم پڕۆژەی لەو شێوەیەیە لە عێراقدا ئەنجامدرابێت لە لایەن رێكخراوێكی لۆكاڵییەوە.

گوتیشی: "كێشەی گەورە لە عێراقدا نەبوونی ئامار و داتای وردە بۆ ئەوەی رێكخراوەكان و لایەنە رەسمییەكان كاری لەسەر بكەن، بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەلێنەش رێكخراوەكانی ژنانی عێراق و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان وەك سەرچاوەی زانیاری ئاماژە بە ئەنجامی راپرسییەكەی وارڤین دەكەن".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، (ساكار رۆستەم) ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، وەك چالاكیەكی دیكەی دەزگاكەی، پەنجا دانە لەو كتێبە چاپكراوەی دەزگاكەی بەسەر بەشداربووانی كۆبوونەوەكە دابشكردووە، كە بە ناونیشانی (ژنە لەبیركراوەكان)، لە سەرەتای ئەمساڵدا، چاپكراوە و تێیدا بەسەرهاتی پڕ لە ناسۆری (25) ژنی عێراقی لە زاری خۆیانەوە تێیدا بڵاو كراوەتەوە.

جێی ئاماژەیە، (USAID – پڕۆژەی گەیشتن بە دادپەروەری بۆ هەموو)، بە ئامانجی درووستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان رێكخراوە ناحكومییەكان و كەناڵەكانی حكومەت، ، بەشێكی كۆبوونەوە وەرزییەكەی تایبەت كردووە بۆ خۆناساندنی رێكخراوەكان بە یەكدی و خستنەڕووی بەرنامە و چالاكییەكانیان.






ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان.

ليست هناك تعليقات: