الاثنين، 11 مارس 2013

ئەدیبان پرسی پەرەپێدانی ئەدەبی منداڵانیان تاوتوێ كرد

ئەدیبان پرسی پەرەپێدانی ئەدەبی منداڵانیان تاوتوێ كرد

04:53:11/03/2013
لايه‌نێك له‌ وۆركشۆپه‌كه‌، هه‌ولێر (11 / مارس / 2013.
وارڤین – هەولێر: مەڵبەندی گشتی یەكێتی نووسەرانی كورد، لە وۆركشۆپێكدا، پرسی پەرەپێدانی ئەدەبی منداڵان و ئەركی یەكێتی نووسەرانی كوردی لەو بارەیەوە تاوتوێكرد.

وۆركشۆپەكە، كاتژمێر (11:00)ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە (11 / ئازار – مارس / 2013)، لە هۆڵی یەكێتی نووسەرانی كورد، لقی هەولێر، سازكرا و تێیدا، زیاتر لە پەنجا ئەدیب و رۆشنبیر و نووسەرانی بواری منداڵان بەشداربوون.

لە وۆركشۆپەكەدا، بەشداران باسیان لە كێشەكانی ئەمڕۆی ئەدەبی منداڵان كرد. ئاماژەیان بەوە كرد، لە هەرێمی كوردستاندا، تا ئێستا نەتوانراوە بە شێوەیەكی زانستی كار بۆ پێشخستنی ئەدەبی منداڵان بكرێت.

سەرۆكی یەكێتی نووسەرانی كورد، (كاكە مەم بۆتانی)، لە سەرەتای وۆركشۆپەكەدا، وێڕای خستنەڕووی ئامانجی یەكێتییەكەیان لە سازكردنی ئەو وۆركشۆپە بە گرنگی زانی ئەدیبان و نووسەرانی بواری منداڵان بیروڕای خۆیان لە بارەی پرسی پەرەپێدانی ئەدەبی منداڵان بخەنەڕوو.

نووسەر (حەمە فەرق حەسەن)، باسی لە لەبەر چاونەگرتنی ستاندارەدە جیهانییەكانی نووسین بۆ منداڵان كرد و گوتی: "لە كێشانی نیگاری تایبەت بە گۆڤارەكانی منداڵاندا تا ئێستا رەچاوی ستانداردە جیهانییەكان و سایكۆلۆژیای منداڵان نەكراوە".

دواتر (سەلام باڵایی) نووسەر و شاعیر، باسی لە لاوازی و نەنگییەكانی پرۆگرامەكانی خوێندن كرد و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، تا ئێستا بە شێوەیەكی زانستی كار لەسەر ئەو پرسە نەكراوە.

هەروەها (رەئوف حەسەن)، وەك نووسەرێك باسی لەوە كرد، پێویستە لە هەرێمی كوردستان كەناڵێكی تایبەت بە منداڵان بكرێتەوە و ئەو كەناڵە لە لایەن تیمێكی تایبەتی پسپۆڕەوە سەرپەرشتیبكرێت و گۆڤارێكی ناوەندی بۆ هەموو منداڵانی كورد دەربچێت، كە لە لایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە سەرپەرشتیبكرێت و چیدیكە رێگە نەدرێت هەر حزب و لایەنێكی ئایدۆلۆژی بە خواستی خۆیان كار لەسەر مێشكی منداڵان بكەن و ئاوەزیان چەقبەستوو بكەن.

لە بارەی پرۆگرامەكانی خوێندنەوە، شاعیر (كازم كۆیی) رەخنەی لە لیژنەی دانانی پرۆگرامەكانی خوێندن گرت و گوتی: "بەداخەوە تا ئێستا لە پرۆگرامەكانی خوێندندا، وێنەیەكی مامۆستا ئەمین باڵدار، نیە، كە نووسەری ئەلف و بێی منداڵانە‌، كە ئەمەش مانای فەرامۆشكردن و بێ نرخكردنی ماندووبوونی ئەدیبانی كوردە، كە خزمەتیان بە منداڵان كردووە". ئەو داواشیكرد، چاودێریبخرێتە سەر ئەو بڵاوكراوانەی لە بواری منداڵان بڵاو دەكرێنەوە.

هەر لە درێژەی وتوێژی نووسەران و ئەدیباندا، مامۆستا (عوسمان هەورامانی)، چەند پێشنیازێكی خستەڕوو، لەوانە دروستكردنی یەكێتییەكی تایبەت بە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، هاوكاریكردنی نووسەرانی ئەو بوارە، لیژنەیەك پێكبهێندرێت بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەكان، هەڵسوڕاوانی گۆڤار و بڵاوكراوەكان كەسانی تایبەتمەند بن، بایەخ بە زمان بدرێـت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، نووسەر و شاعیر (عەبدولوەهاب شوانی)، نوێنەری بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری منداڵ، باسی لە بەهەندوەرنەگرتنی پرسی ئەدەبی منداڵان كرد و رەخنەی لەو دەقانە گرت، كە منداڵان لەسەر توندوتیژی بار دەهێنن و سروشتی دنیای منداڵ دەشێوێنن.

ئەو گوتیشی: "بەڕێوبەرایەتییەكەیان ئامادەی هەر جۆرە هاریكاری و هەماهەنگییەكە لەگەڵ ئەدیبان و رۆشنبیران و یەكێتی نووسەران بۆ پێشخستن و برەودان بە ئەدەبی منداڵان".

دواتر، كۆی گشتی سەرنج و تێبینی و پێشنیازەكان لە لایەن رێكخەرانی وۆركشۆپەكەوە كۆكرانەوە و بڕیار وایە، مەڵبەندی گشتی یەكێتی نووسەران كار لەسەر گەیاندنی پەیامی وۆركشۆپەكە بە ناوەندە پەیوەندیدارەكان بكات.

ئا: ئەرسەلان رەحمان.

ليست هناك تعليقات: