الأحد، 3 مارس 2013

كاترین میخائیل: پەیامێكی بە پەلە ئاراستەی هەرێم دەكات

كاترین میخائیل: پەیامێكی بە پەلە ئاراستەی هەرێم دەكات

11:06:03/03/2013
كاترين ميخائيل
وارڤین – واشنتن: كەسایەتی ژنی عێراقی، نیشتەجێی ئەمریكا، دكتۆر (كاترین میخائیل) پەیامێكی بە پەلە ئاراستەی په‌رلەمان و حكومەتی هەرێم و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كرد و تێیدا داوایكرد، هەموو لایەك رێوشوێنی پێویست بۆ بنبڕكردنی دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەرێم بگرنە بەر.

بە گوێرەی ئەو ئامارەی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بە شێوەی مانگانە بڵاویكردبوویەوە و ماڵپەڕی (وارڤین)، كۆیكردەوە، لە ساڵی رابردوودا، (89) ژن كوژران و خۆیان كوشتووە و (357) ژنیش سووتاون و خۆیان سووتاندووە و (167) دەستدرێژی سێكسی و (3355) سكاڵا و (756) حاڵەتی ئەشكەنجەدان تۆماركراوون و كۆی گشتی حاڵەتەكانی توندوتیژی (4731) حاڵەت بووە.

لە نامەكەیدا، ئەو ژنە توێژەرە عێراقییە رایگەیاندووە، پرسی توندوتیژی لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی مەترسیدار تەشەنەی كردووە و بە شێوەیەك، لە ساڵی رابردوودا، حاڵەتەكانی توندوتیژی تەنیا لە سنووری سێ پارێزگادا گەیشتوونەتە نزیك پێنج هەزار حاڵەت.

(كاترین میخائیل)، لە بارەی ئەو ئامارەی لە ماڵپەڕی (وارڤین)، بڵاو كرایەوە و كەناڵەكانی راگەیاندن، دووبارە بڵاویانكردەوە، قسەی بۆ رادیۆی (العراق الحر) كرد و رووی لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) كرد و گوتی: "لە خۆم ئەپرسم، من چەند جار سەردای هەرێ/ی كوردستانم كردووە، لەوێ ژیانێكی ئارام و كۆمەڵگەیەكی روو لە گەشە لە رووی ئابووری و سەقامگیر لە رووی سیاسییەوە لە ئارادایە و ئەو ئامارەی بڵاو كراوەتەوە لە بارەی توندوتیژییەكانەوە، مایەی بێهیوای و داڕووخانی ئومێدە".

بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تا ئێستا ئاماری كۆكراوە و راپۆرتی ساڵانەی خۆی لە بارەی رەوشی گشتی ژن لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی (2012) بڵاو نەكردووەتەوە و تەنانەت ئاماری ساڵانەشی رانەگەیاندووە و ماڵپەڕی (وارڤین)، لەسەر بنەمای ئاماری مانگانەی بەڕێوبەرایەتییەكە، كۆی گشتی ئامارەكەی بڵاو كردەوە.

بۆ بینینی دەقی ئامارەكە كرتە لێرە بكە: 

ليست هناك تعليقات: