ئامار: 74 ژن كوژراون و تەنیا 16 سزادراو هەن 709 ژن سووتاون و 3 كەس سزا دراوون
ئامار: 74 ژن كوژراون و تەنیا 16 سزادراو هەن 709 ژن سووتاون و 3 كەس سزا دراوون |
03:11:07/03/2013 |
![]() وارڤین – هەولێر: لە ئامارێكدا، كە ئەمڕۆ لە لایەن گروپی (یەك دەنگ) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، راگەیەندرا، لە ماوەی ساڵی (2011 - 2012)، (74) ژن كوژراون و تەنیا (16) بكوژ سزادراون و (709) ژن سووتاون و لە بەرامبەردا تەنیا (3) كەس سزا دراوون. گروپی (یەك دەنگ)، كە پێكهاتووە لە (10) رێكخراو و (50) كەسایەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە (7 / ئازار – مارس / 2013) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە لە هۆڵی چوارچرا سازی كرد، ئامارێكی بڵاو كردەوە. بە گوێرەی ئاماری ئەو گروپە، لە ساڵی (2011 - 2012)دا، لە سنووری هەرێمی كوردستان (74) ژن كوژراون، بەڵام لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دادگاوە تەنیا (16) بكوژ سزادراوون. هەروەها لە ئامارەكەدا، هاتووە، لەو ماوەیەدا (709) ژن خۆیان سووتاندووە و یان سووتاون، بەڵام لە لایەن دادگاوە تەنیا (3) كەس سزا دراوون. لە بەشێكی دیكەی ئامارەكەدا، باس لە حاڵەتەكانی ئەشكەنجە كراوە و تێیدا هاتووە، (1681) حاڵەتی ئەشكەنجە و ئازاردانی ژنان تۆمار كراوە، بەڵام دادگا و حكومەت هیچ كەسێكی بەو هۆیەوە سزا نەداوە. لە بەرامبەر تاوانی دەستدرێژیكردنی سێكسیش بۆ سەر ژنان، ئامارەكە روونیكردووەتەوە، كە (279) حاڵەتی دەستدرێژی تۆمار كراوون، بەڵام دادگاكان و حكومەت تەنیا (2) كەسیان سزا داوە. لە بارەی سوڵحی عەشائیرییەوە ئامارەكە باسی لەوە كردووە لە دادگاكاندا پەڕاو پەڕاوی زیاتر لە (1000) سكاڵاكار لەسەر توندوتیژی لەبەر نەبوونی لیژنەی ئاشتی و ئاشتەوایی (مصالحە) كە لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا هاتووە، هێشتا بە یەكلانەكراووی لە دادگادا ماوونەتەوە. هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، ئەو رێكخراو و چالاكانە، یادداشتنامەیەكیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی: دەقی یاداشتەكەی گروپی یەكدەنگ: بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردسان بەرێز سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەرێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێزان لایەنە پەیوەندیدارەكان ئێمەی ژنانی هەرێمی كوردستان وەك تەواوی ژنانی جیهان، 8ی مارس بە رۆژی شانازیكردن بە دەستكەوتەكان و گەیاندنی پەیامی هاودەنگی دەزانین بۆ هێنانەدی دادوەری كۆمەڵایەتی. لەم رۆژەدا هەموان وێڕای بەرز نرخاندنی ئەو دەستكەوت و گەشەسەندنانەی لە كۆمەڵگادا بەدی هاتوون، هاوكات هەڵوەستە دەكەین لە ئاست ئەو كەمتەرخەمی و كەموكورتیانەی لە لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی دژ بەژنان دەكرێن بەتایبەت كوشتنی ژنان بەتۆمەتی شەرەف و خۆكوشتنی ژنان، كە تا ئەمڕۆ لەگەڵ بوونی یاسای تایبەت بەكوشتنی ژنان (بەتۆمەتی ئابڕوپارێزی)، بەڵام لەزۆربەی حاڵەتەكاندا وەك مافێكی رەوای بنەماڵە سەیردەكرێت، بۆیە دەبینین لەو هەموو كەیسەی كوشتنی ژنان و خۆكوشتنیان تەنها چەند كەیسێكی كەم تاوانبارەكەی دەركەوتووە بەڵگەشمان ئەم ئامارەیە لەساڵی (2011-2012)دا، 74 ژن كوژراوە 16 سزادراو هەیە، 709 خۆسوتاندن و سوتاندن تۆماركراوە 3 سزادراو هەیە، 1681 ئەشكەنجە تۆماركراوە، كەس سزا نەدراوە، 279 دەستدرێژی سێكسی تۆمار كراوە 2 سزادراو هەیە. پەڕاوی زیاتر لە 1000 سكاڵاكار لەسەر توندوتیژی لەبەر نەبونی لیژنەی ئاشتی و ئاشتەوایی (مصالحە) كە لە یاساكەدا هاتوە هەواڵەی دادگای تایبەت نەكراوەو یەك لانەبۆتەوە. بۆیە ئێمە وەك گروپی (یەك دەنگ) داوا دەكەین : 1 - بەڵگەی تاوان كاری پێبكرێت. 2- پێكهێنانی تیمێكی پسپۆری تایبەتمەند بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكان پێكبهێنرێت، كە دادوەرو لێكۆڵەرو نوێنەری پزیشكی دادوەری تێدابێت. 3- بەشی لێكۆڵینەوەی دادگاكان گرنگی تایبەتی پێبدرێت و رێڕەوی لێكۆڵینەوەكان نەگۆڕێت. 4- پەلە لە لێكۆڵینەوە بكرێت بۆئەوەی شوێنەواری( معالم) تاوان ون نەبێت. 5- یاسای لێبوردنی گشتی بكوژی ژنان بە ئانقەست (عمدی) نەگرێتەوە. 6- لێخۆشبون لە كێشەكانی كوشتنی ژنان لە داگاكاندا كاری پێنەكرێت. گروپی یەك دەنگ 7 / ئازار – مارس / 2013 هەولێر |
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق