الأحد، 17 مارس 2013

داواكاری گشتی داوایكرد تۆمەتباری كەیسی مامۆستا ساكار بەر لێبوردنی گشتی بكەوێت

داواكاری گشتی داوایكرد تۆمەتباری كەیسی مامۆستا ساكار بەر لێبوردنی گشتی بكەوێت

02:54:17/03/2013
مامۆستا ساكار
وارڤین – سلێمانی: لە دانیشتنی پێنجەمی كەیسی مامۆستا ساكاردا، كە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە بەڕێوەچوو، هەریەك لە پارێزەری بەرگری و داواكاری گشتی داوایانكرد، تۆمەتبار بە بڕیاری لێبوردنی گشتی ئازاد بكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە (17 / ئازار – مارس / 2013) لە شاری سلێمانی پێنجەم دانیشتنی دادگای تایبەت بە كەیسی مامۆستا ساكار بەڕێوەچوو.

ئەو دانیشتنە بڕیار بوو، رۆژی چوارشەممە (13 / ئازار  - مارس / 2013)، بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی شاهێدی بەرگرییەوە دواخرابوو بۆ ئەمڕۆ.

لە دانیشتنەكەدا، شاهێدی بەرگری، كە برازای تۆمەتبار بوو، ئامادەبوو، ئەو دوای سوێندخواردنی گوتی: "شەوی رووداوەكە، هەتا بەیانی باوكی مامۆستا ساكار لەگەڵیدا بووە".

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، ئەندام و گوتەبێژی گروپی ژیان (بەهار مونزیر) رایگەیاند، ئەمڕۆ بە مەبەستی بەشداریكردن لە رێوڕەسمی دانیشتی دادگادا، روومان لە دادگا كرد، بەڵام پێچەوانەی ئیرادەی یاسا دادگاییكردنەكە بەڕێوەچوو.

(بەهار) گوتی: "دادگا بە شێوەی جدی هیچ پرسیارێكی گرنگ و جەوهەری لە شاهێدەكە نەكرد".

ژنە پارێزەر (میهرەبان ئەحمەد)، كە ئەویش ئامادەی رێوڕەسمی دادگاییكردنەكە بوو، باسی لەوە كرد، كە دادگا، پرسیاری جدییان لە شاهێدەكە نەكردووە و سەرپێیانە شاهێدییەكەی وەرگیراوە.

دوای گوێگرتن لە شاهێدی بەرگری، هەریەك لە داواكاری گشتی و پارێزەری بەرگری لائیحەی خۆیان پێشكەشكرد و تێیدا داوایانكرد، تۆمەتباری كەیسەكە، بە بڕیاری لێبوردنی گشتی كە سەرۆكایەتی هەرێم دەریكردووە و جاری پێشوو، تۆمەتبار پێی بەردراوە، جارێكی دیكە بەربدرێت و كەیسەكە دابخرێت.

(میهرەبان ئەحمەد)، لەو بارەیەوە گوتی: "دادگا و داواكاری گشتی هیچ ئیعتبارێكی یاساییان بۆ ئیفادەی دایكی مامۆستا ساكار دانەنا، كە لە دانیشتنی چوارەمدا، وتەی خۆی گۆڕیبوو".

گوتیشی: "داوای بەردانی تۆمەتبار، هەموومانی تووشی شۆك كردووە و ئەو كاتەش ویستمان هەموومان دانیشتنەكە بەجێبهێڵین و بێینە دەرەوە، بەڵام دادوەر رێگەی نەدا".

لە دانیشتنی پێشووی دادگادا، دایكی مامۆستا ساكار لە شاهێدی دانی خۆیدا، ئاماژەی بۆ بكوژ كردبوو، ئەوەشی خستبووە روو، كە لە ژێر فشارێكی زۆردا نەیتوانیوە قسە بكات، هەروەها یەكێك لە ئەندامانی گروپی ژیان شاهێدی خۆی پێشكەش بە دادگا كرد، بەڵام لە دانیشتنی ئەمڕۆدا هیچ یەك لەو شاهێدییانە بایەخیان پێ نەدراوە.

(میهرەبان) ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە هەوڵەكانیان لەبەرچاو ناگیرێت و خەریكە دادگا تووشی "نــائومێدی"یان دەكات.

لە كۆتایی دانیشتنەكەدا، دادوەر بڕیاریدا، دانیشتنی شەشەمی دادگاییەكە تایبەت بكرێت بە دوابڕیاری دادگا و رۆژی (2 / نیسان – ئەپریل / 2013)ی وەك وادەی دانیشتنی داهاتوو دەستنیشانكرد.

هەر لە درێژەی لێدوانەكەیدا، بۆ (وارڤین)، (بەهار مونزیر)، باسی لەوەكرد، ئەوان وەك چالاكانی ژن، بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونی ئەو كەیسە و بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ چوونەتە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و گلەیی و ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر ئەو لائیحەیە پیشانداوە كە (سەباح سەلاحەدین) وەك داواكاری گشتی پێشكەشی دادگایكردووە.

رۆژی یەكشەممە (3 / ئازار – مارس / 2013)، دادگای سلێمانی، چوارەم دانیشتنی كەیسەكەی بە نهێنی و دوور لە راگەیاندن، بەڕێوە برد و تێیدا، ئیفادەی كۆتایی دایكی مامۆستا ساكار وەرگیرا، كە پێشتر بە هۆی ئامادەنەبوونییەوە، دانیشتنی رۆژی چوارشەممە (27 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، دواخرابوو بۆ (3ی مارس).

لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەی دادگادا، گەواهیدانی ئەندامێكی گروپی ژیان وەرگیرا، كە پێشتر قسەی لەگەڵ دایكی مامۆستا ساكار كردبوو.

دانیشتنی رابردووی دادگا، كاتێك دواخرا، كە بەڕێوبەری داواكاری گشتی سلێمانی، داوای كرد، ئەو كەسەش ئامادە بكرێت كە شاهێدی بەرگرییە لە تۆمەتبار و دەگوترێت، شەوی روودانی تاوانی كوشتنی مامۆستا ساكار لەگەڵ تۆمەتبارەكەدا بووە.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان.

ليست هناك تعليقات: