الأربعاء، 6 مارس 2013

دوای دووساڵ لە راپرسییەكەی وارڤین 21 چالاك و رێكخراو داوای رێگرتن لە دیاردەی چەكداری دەكەن

دوای دووساڵ لە راپرسییەكەی وارڤین 21 چالاك و رێكخراو داوای رێگرتن لە دیاردەی چەكداری دەكەن
دوای دووساڵ لە راپرسییەكەی وارڤین 21 چالاك و رێكخراو داوای رێگرتن لە دیاردەی چەكداری دەكەن
09:22:06/03/2013
وارڤین – هەولێر: دوای ئەوەی له ‌سەرەتای ساڵی (2011)ەوە دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، وەك یەكەم دەزگای كۆمەڵی مەدەنی و ژنان، مەترسی بڵاوبوونەوەی چەك و پەیوەندی راستەوخۆی هەبوونی چەكی بە تاوانەكانەوە لە راپرسیەكەدا خستەڕوو، (21) چالاك و رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی یادداشتێكیان لەبارەی مەترسییەكانی بوونی چەك بڵاوكردەوە.

مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی زیاتر لە یەك ملیۆن پارچە چەكی سووك و قورس لەناو ماڵان و لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، تا دێت روو لە زیادبوون دەكات.

پێشتر وەك یەكەم دەزگای تایبەت بە پرسەكانی ژن، دەزگای وارڤین، لە (4 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2011)، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، سمینارێكی لەبارەی هەبوونی چەك لە ماڵاندا، ساز كرد.

لەو سمینارەدا، دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، ئەنجامی یەكەم راپرسی تایبەت بە پرسی چەكی بڵاوكردەوە. 

لە راپرسییەكەدا، (4) هەزار كەس بەشدارییان تێداكردبوو، و كۆی (3) هەزار و (850) فۆرم وەڵامدرابوونەوە، بەگوێرەی ئەنجامەكانی ئەو راپرسیە، لە بارەی پەیوەندی چەك بە توندوتیژی دژ بە ژنانەوە، بە رێژەی (%75)ی بەشدارانی راپرسیەكە رایانگەیاندووە، چەك پەیوەندییەكی راستەوخۆی بەو پرسەوە هەیە و (%85)ی بەشداربووانیش رایانگەیاندبوو، پێویستە هەنگاوی جدی بنرێت بۆ نەهێشتنی چەك لە ماڵان و بەدەستی خەڵكەوە.

تاوانەكانی كوشتنی ژن و خۆكووشتن بەو چەكانەی، كە لەناو ماڵاندا بڵاوبوونەتەوە و لە كاتی پشوودا، هێزە ئەمنییەكان دەیبەنەوە بۆ ماڵ، تا دێت زیاتر دەبن و رۆژی پێنجشەممەی رابردووش، كەسێكی ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی زێڕەڤانی لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر، بەو چەكەی لە كاتی دەوامی رەسمیدا ئەركی پێ رادەپەڕێنێت، هاوسەرەكەی خۆی كوشت.

لە هەرێمی كوردستاندا، هێزە ئەمنییەكانی (پێشمەرگە، ئاسایش، زێڕەڤانی، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، كادیرانی حزبی، بەرپرسانی حزبی، پاسەوانی بەرپرسان، كۆمپانیا ئەمنییەكان)، لەدوای كاتی دەوام و لە كاتی مۆڵەت خواستن و پشوویدا چەكەكانیان لەگەڵ خۆیان لە شوێنی ئەركیانەوە دەبەنەوە ماڵ و ئەمەش بووەتە هۆی روودانی دەیان حاڵەتی تاوانكاری.

لەو بارەیەوە (وارڤین) پەیوەندیكرد، بە ژمارەیەك ئەندامی هێزە ئەمنییەكان و ئەوان روونیانكردەوە، تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، هیچ بڕیار و رێنماییەكی بۆ قەدەغەكردنی بردنە دەرەوەی چەك لە شوێنی كاركردن دەرنەكردووە.

لە تازەترین پێشهاتدا، (21) چالاك و رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی یادداشتانەیەكیان ئاراستەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كردووە و تێیدا داوایانكردووە، "یاسای ژمارە (16ی ساڵی 1993)ی پەرلەمانی كوردستان هەمواربكرێتەوە بەشێوەیەك دەرفەت نەدات بە هەبوون و هەڵگرتنی چەك مەگەر بۆ حاڵەتی زور دەگمەن نەبێت" ئەمە لە كاتێكدایە، یەكەم راسپاردەی راپرسییەكەی وارڤین ئەم خاڵەی لەخۆگرتبوو.

جێی تێبینیە، ئەو (21) چالاك و رێكخراوانە، لە یادداشتنامەكەیاندا، دوور و نزیك، باسی هەوڵەكانی دەزگای وارڤین و ئەو راپرسیەیان نەكردووە، لە كاتێكدا، زۆرینەی داواكارییەكانیان هەمان ئەو راسپاردانەن، كە وارڤین لە سەرەتای ساڵی (2011) خستبوونیەڕوو.

ئەمەی خوارەوە دەقی یادداشتنامەكەیە:

یاداشتنامە
بەڕێز/سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
بەڕێز/ پەرلەمانی كوردستان
بەڕێز/ ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
بابەت/ رێگەگرتن لە هەبوون و هەڵگرتنی چەك

بەپێی هەواڵە رۆژنامەوانییەكان و لێدوانی بەرپرسانی حكومی بۆ ئەو رۆژنامانە، لەماوەی مانگێكدا بەچەك چەندین رووداوی كوشتن و خۆكوشتن وبرینداركردنی هاوڵاتیان روویداوە، نموونەی ئەو كچە قوتابییەی كە بەدەمانچە خۆی دەكوژێت تا ئەو پیاوەی كە ماڵ ومنداڵەكانی دەكوژێت و تا ئەو قوتابییەی كە چەك لە مامۆستاكەی دەردەهێنێت و بگرە تا دەگاتە رووداوەكانی دوێنێی شاری سلێمانی كە لەدوو رووداودا 2 كەس دەكوژرێن و دوانیش برینداردەبن!  

هەموو ئەو كارەساتانەش لە رێگەی بەكارهێنانی چەكەوە بووە،كە دیارە لەكۆتاییەكانی ساڵی رابردوو كارەساتەكان لەوە زیاتر بوون كە چەندین ئافرەت بەگوولە كوژراوو برینداربوون هەروەها دەیان كەس لەسەر پرسی زەوی لەناوچەی جیاجیای كوردستان كوژران و برینداربوون !

هەموو ئەو رووداوە جەرگ بڕانە هۆكارەكانی چەك بوون ،جا چەكی "مۆلەت دراوو یاسایی بێت یان نایاسایی و مۆڵەت نەدراو". هەموو لایەكیشمان دەزانین كە بەهۆكاری جیاجیا ،لەعێراق و كوردستاندا، دەگمەنن ئەو ماڵانەی كە چەكی تێدانیە و ئەوەش وادەكات كە بەئاسانی هاوڵاتیان دەستیان بەچەك رابگات و بەكاری بهێنن !

لەرابروودا، سەربارەی ئەوەی كە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی چەندین جار داوایانكردووە، كە رێگری بكرێت لە هەبوون و هەڵگرتنی چەك،سەرباری بەڵێنەكانی پەرلەمانی كوردستان و حكومەت،بەڵام لەبواری كرداریدا دۆخەكە هەروەكو خۆیەتی و هیچی بەرچاونەكراوە

ئێمە ئەو رێكخراوو كەسایەتییانەی لای خوارەوە ناومان هاتووە داودەكەین كە هەرچی زووه:‌ 

1- یاسای ژمارە 16ی ساڵی 1993ی پەرلەمانی كوردستان هەمواربكرێتەوە بەشێوەیەك دەرفەت نەدات بە هەبوون و هەڵگرتنی چەك مەگەر بۆ حاڵەتی زور دەگمەن نەبێت و بەپێی مەرجی قورس و سەرپێچیكەرانی یاساكە  سزابدرێن. 

2- رێگەیەك بدۆزرێتەوە بۆ كۆكردنەوەی ئەو چەكە نایاساییانەی كە لە هەرێمدا هەن.

 3- بازاڕكانی فرۆشتنی چەك بخرێتە ژێر چاودێری توندەوەو كڕین وفرۆشتنی چەك لەژێركۆنترۆڵی لایەنی پەیوەنداری حكومیدا بێت.

4- پێداچوونەوە بەو مۆڵەتانە بكرێت كە پێشووتر دراوه.

5- وەزارەتی ناوخۆ ئەو ئاشكرا بكات كە تاوەكو ئێستا چەند مۆڵەتی داوە بەهەڵگرتنی چەك لەهەرێمی كوردستان و لەچەند كەس مۆڵەتی وەرگرتۆتەوە.

هەموو ئەوانەش لەپێناوی رێگری لەكوشتن وخوێنڕژاندنی هاوڵاتیان وسەقامگیری ئاشتی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستاندا.
لەگەڵ رێزدا...

ناوەكان:

1-رێكخراوی مەسەلــلە بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان.
2- (CDO) رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت.
3-سەنتەری میترۆ.
4- هاوپەیمانی ژنان لەپێناو دیموكراسی WAFDI .
5-Kurdistan without  genocide 
6-رێكخراوی لەگەڵ ئێوە كاردەكەین.
7-رێكخراوی كاری شەفافیەت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی.
 8-رێكخراوی بیمە بۆ مافە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان.
9-رێكخراوی باباگوڕگوڕ بۆ سامانە سروشتییەكان.
10-گروپی ناتوندوتیژی كوردستان.
11- جولە حاجی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
12- ئاشتی عومەر غەفور- پێشمەرگەی دێرین و كەم ئەندامی سەنگەر.
13-شەپۆل فەتحی كەریم-رۆژنامەنوس.
14-عەلی محمود-چالاكوانی مەدەنی.
15- شوان رەشید چالاكوانی مافی مرۆڤ.
16-جەلال هۆرێنی- چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی. 
17-سەنتەری گەشەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ.
18- رێكخراوی ئەلەند بۆ گەنجان.
19- ناوەندی ئایندە بۆ پرسەكانی گەنج.
20-رێكخراوی چالاكی لاوان.
21-پەیمانگای ناتوندوتیژی كوردستان.

بۆ خوێندنه‌وه‌ى پوخته‌ى راپرسيه‌كه‌ى ده‌زگاى وارڤين كرته‌ لێره‌ بكه.

ليست هناك تعليقات: