الثلاثاء، 5 مارس 2013

ژنان سەرمەشقی فیداكاری و تێكۆشانی رێی ئازادی بوون

ژنان سەرمەشقی فیداكاری و تێكۆشانی رێی ئازادی بوون

08:38:05/03/2013
به‌شدارى پێشه‌نگانه‌ى ژنان له‌ راپه‌ڕينى ئازارى 1991دا.
وارڤین – هەولێر: راپەڕینی خەڵكی كوردستان لە ئازاری (1991) بە پێشەنگی و فیداكاری ژنانی راپەڕیوی كورد دەستیپێكرد و دوای (22 ساڵ)، لە رزگاری گەلی كورد، لە هەرێمی كوردستاندا ژنان خوازیاری هێنانەدی ژیانێكی باشتر و كۆتایهێنان بەو توندوتیژی و مەینەتیانەن لەدوای راپەڕینەوە رووبەڕوویان بووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (5 / ئازار – مارس / 2013)، (22 ساڵ) بەسەر راپەڕینی خەڵكی هەرێمی كوردستان و داگیرسانی یەكەم چەخماخەی ئەو راپەڕینە تێپەڕ دەبێت و بەو بۆنەیەوە، ماڵپەڕی وارڤین لە پەیامێكدا وێڕای پیرۆزبایكردن لە ساڵیادی راپەڕین رایدەگەیەنێت، لە راپەڕینی 1991دا ژنانی كورد بۆ ئازادی و هێنانەدی یەكسانی و نەمانی ستەم و چەوساندنەوە وەك پێشەنگی راپەڕین رژانە سەر شەقامەكان و رووبەڕووی دامودەزگاكانی رژێمی بەعس بوونەوە.

ئەو راپەڕینە بە بەشداری و فیداكاری ژنانی كورد، شان بەشانی هەموو توێژە كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیرییەكانی كۆمەڵی كوردەواری سەركەوتنی بەدەستهێنا و لە ئێستاشدا ژنان خوازیارن دەستەبەری ئەو ماف و ئازادیانەیان بۆ بكرێت كە لە راپەڕیندا قوربانیان بۆ داوە.

بەشداریكردنی ژنان لە راپەڕین دەرخەری ئەو راستیەیه،‌ كە ئەو ئازادییەی لە هەرێمدا هاتووەتە ئاراوە بەرهەمی قوربانیدان و تێكۆشانی ژنانیشە و پێویستە وەك چۆن ژنان قوربانیان لە پێناو ئەو ئازادیەدا داوە، رێز لە ئیرادە و مافەكانیان بگیرێت و وێڕای كۆتایهێنان بەو پەراوێزخستنەی لە رووی سیاسیی و ئیدارییەوە بەرامبەر بە ژنان پەیڕەو دەكرێت، پێویستە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم هەموو هەوڵێكی خۆی بخاتەگەڕ لە پێناو كۆتایهێنان بە ستەم و توندوتیژیانەی رۆژانە رووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.

وارڤين

ليست هناك تعليقات: